گوڵشەن ئۆرهان پەرلەمانتاری كورد لەتوركیا بۆ گوڵان:پێشنیار بۆ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكومەتی توركیا دەكەم تا لە یادوەرییەكانی هەڵەبجە و نەورۆزدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن

گوڵشەن ئۆرهان پەرلەمانتاری كورد لەتوركیا بۆ گوڵان:پێشنیار بۆ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكومەتی توركیا دەكەم تا لە یادوەرییەكانی هەڵەبجە و نەورۆزدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن
گوڵشەن ئۆرهان لەساڵی 1970 لە باخچە سەڕای شاری وان لەباكووری كوردستان لەدایك بووە. دەرچووی بەشی ئاركۆلۆژی زانكۆی ئەنقەڕەیە. ئەو لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ساڵی 2007 لەسەر لیستی AKP بووە ئەندام پەرلەمانی توركیا. باوكی گولشەن (ناجی ئۆرهان) بۆ چوار جار لەسەر یەكتر سەرۆكایەتی شارەوانی شارۆچكەی باخچەسەڕای كردووە. گولشەن دوو خوشك و چوار برای هەیە. هەرچەند گولشەن سەرەتا بەهۆی خوێندنی زانكۆ، پاشان بەهۆی ژیانی هاوسەرگیری و دواتریش بۆ كاری پەرلەمانی بەساڵانە لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا دادەنیشێت، بەڵام كاتێك پێ دەنێیتە دەرگای پێشوازی ماڵەكەیەوە، هەست دەكەیت ئەو ماڵە لە ئەنقەرە نییە بەڵكو لە وانە. لە ستایلی ماڵەوە بگرە تا شێوازی میوانداریەتی قسەكردن و هەموو شتەكانی تر رەنگدانەوەی كەلتوور و ژیانی كوردانەیان لەسەرە. بۆ قسەكردن لەسەر بەرنامەی AKP بۆ دیموكراتی و كرانەوە و چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا، خاتوو گوڵشەن لە ماڵەكەی خۆی لە ئەنقەرە پێشوازی لە پەیامنێرانی گوڵان كرد و لە هەڤدیتنێكی تایبەتیدا خاتوونی پەرلەمانتاری توركیا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
گوڵان: لە ئاهەنگی كردنەوەی كەناڵی TRT6 بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیرانی توركیا،كە بینیمان گوڵشەن ئۆڕهان گۆرانی دەڵێت زۆر سەرسام بووین. لە خۆمان دەپرسی ئایا ئەمەی گۆرانی دەڵێت گولشەن ئۆرهانی پەرلەمانتارە یان یەكێكی ترە؟
هەر بۆیە پرسیاری خۆمان لەوەوە دەست پێدەكەین ئایا بەر لەوەی بێیتە ناو جیهانی سیاسەت گۆرانیت چڕیوە و كاری هونەریت كردووە؟
گولشەن ئۆرهان: من وەك پیشە هیچ كاتێك بە هونەر و مۆزیك خەریك نەبووم. من تەنیا وەك خولیاو ئارەزوو لەگەڵ مۆزیك پێوەندیم هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حەز لەهەموو شێوازەكانی مۆزیك دەكەم. پێم دەڵێن دەنگت زۆر خۆشە. چەند ئەندامێكی خانەوادەكەشم دەنگیان خۆشە. براكەم، باوكم، پوور و منداڵەكانی دەنگیان زۆر خۆشە. لەبەر ئەوەی زۆر حەز لە مۆزیك دەكەم هەر لەخۆمەوە گۆرانی دەچڕم. هیچ كارێكی پیشەییانەی هونەریم نەبووە.
گوڵان: لەناو خانەوادەكەت كەسێك هەیە، وەكو پیشە پێوەندی بە هونەر و مۆزیكەوە هەبێت؟
گولشەن ئۆرهان: كەسێك نییە لە خانەوادەكەم وەك پیشە پێوەندی بە مۆزیكەوە هەبێت.
گوڵان: ئەی چۆن هاتیتە ناو جیهانی سیاسەتەوە؟
گولشەن ئۆرهان: سیاسەت لە ژیانی من زۆر دوور بوو. لەو ساتەی كە تەمەنم 40 ساڵە. كاتێك سەیری ژیانی رابردووی خۆم دەكەم بەردەوام لە سیاسەت دوور بوومە. سەرەتا بە خوێندنەوە خەریك بووم، دوای هاوسەرگیریم بە منداڵەكەمەوە خەریك بووم. دواتر جارێكی تر گەڕامەوە سەر خوێندن. دوای ئەوەی لەسەروبەندی دەستپێكردنی كاربووم، وەكو ئەندام پەرلەمان دەستنیشان كرام. باوكم بەساڵان سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی ( باخچە سەرای ) سەر بەشاری وان بوو. من زۆر بیرم لەوە نەدەكردەوە. دواتر لەسەر پێشنیار و داوای باوكم بۆ پەرلەمانی توركیا خۆم كاندید كرد.
گوڵان: ئاستی خوێندنت چییە؟
گولشەن ئۆرهان: من دەرچووی بەشی ئاركۆلۆژی زانكۆی ئەنقەڕەم. واتە من ئاركۆلۆگم. پێشتر لە بەشی بیناسازی زانكۆی ئەنقەڕە پەسەند كرام. بەڵام بەهۆی چەند هۆكارێكی جیاواز بۆ ماوەیەك دەستبەرداری خوێندن بووم. دوای 17 ساڵ جارێكی تر تاقیكردنەوەی پەسندكردنی زانكۆم دایەوەو لە بەشی ئاركۆلۆژی زانكۆی ئەنقەرە درێژەم بەخوێندن دا. لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ساڵی 2007 لەسەر لیستی AKP وەكو پەرلەمانتاری شاری وان بوومە ئەندام پەرلەمانی توركیا.
گوڵان: پارتی دەسەڵاتداری توركیا AKP كە ئێوەش ئەندامن تیایدا، بۆ چارەسەری كێشەی كورد هەنگاو دەنێت. ئەوەی تا ئێستا كراوە چۆن دەیگرنە دەست؟
گولشەن ئۆرهان: AKP لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئێستا، بەتەنیا پارتی توێژێك نەبووە. لەبەر ئەوەی لەهەموو توركیا دەنگی هێنا، تاوەكو ببێتە پارتی هەموو توركیا رۆڵێكی بەم شێوەیەی گرتە ئەستۆ. لەناو 80 شار و هەموو توێژەكان، پەرلەمانتاری هەیە. بۆ نموونە من ژنم، لەگەڵ تەواوكردن و تەواونەكردنی زانكۆ، بوومە پەرلەمانتاری ئەم شارە.
جگە لە خۆم چەندین هاوڕێی پەرلەمانتارم هەیە كە خاوەن چیرۆكی جیاوازترن لە ژیان. لەبەر ئەمە ناچارە هەموو كێشەكانی توركیا ببینێ و چارەسەریان بكات. لەسەرەتاوەش بە چارەسەری كێشەی كورد، كێشەی باوەڕیی، كێشەی عەلەویەكان، كێشەی ئابووری و هەژاریەوە خەریك بووە. بەبێ هیچ گومانێك لەناو ئەو كێشانەدا كێشەی هەرە گەورە كێشەی كوردە. چونكە چ لەسەر ئاستی ناوخۆدا بێ چ لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی كێشەی كورد رووبەڕووی توركیا دەبێتەوە. لەوانە هەموویان گرنگتر، بۆ ئەوەی لە نێوان گەلانی توركیادا ئاشتی بەرقەرار ببێ پێویستە كێشەی كورد چارەسەر بكرێت. سەرۆك وەزیر و ستافەكەی دەخوازن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن و لەم روانگەیەشەوە هەنگاو دەنێن. هیچ شتێك لە ئارادانییە كە ببێتە مایەی هەنگاونان بۆ دواوە.
گوڵان: باشە، ئەگەر تۆ پێتوایە هەنگاونان بەرەو چارەسەریی كێشەكان گەڕانەوە نییە بۆ دواوە، ئایا چارەسەریی كەی دێتە دی. بەروارێكتان بۆ ئەمە دەستنیشان كردووە؟
گولشەن ئۆرهان: ئەوە كێشەیەك نییە لەچ ئان و ساتێكدا چارەسەر بكرێت. بەداخەوە رووبەڕووی كێشەیەك دەوەستین كە 80 ساڵە چارەسەر نەكراوە. لەم قۆناغەدا بۆ چارەسەری خەریكە هەندێك شتی دیكە پێ دەگات. لەناویاندا زمانی كوردی، مێژوو، كەلتوور و هونەر كە لە ئاستی نەماندا بوون و خەریكە بە پەروەردە دەژێنەوە. بۆ دەستبەرداربوون لە زمانی فەرمی دەربارەی ئەو كێشەیە چەمكی چەوت لە ئارادایە. بۆ ئەمە چارەسەركردنی كێشەی كورد لەناو ئەو پێكهاتەیە زۆر زەحمەتە. لەم روانگەیەشەوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەبێت هەموو توركیا رازی بكرێت. هەست بە زەحمەتیەكانی ئەو كێشەیە دەكەین. بەڵام لەهەمان كات زۆر باوەڕمان بە خۆمان هەیە. سەرۆك وەزیر زۆر بە ئیرادە و باوەڕە.بڕوای بەوەیە جیهان دەگۆڕێت، دەبێت هەرێمەكەشمان بگۆڕێت. لەبواری دیموكراتی بوون هەنگاوی گرنگمان ناوە. بۆ چارەسەركردنی كێشەی كوردیش مەودایەكی زۆرمان بڕیوە، بەڵام هێشتا زۆر كارمان ماوە.
گوڵان: بەشێوەیەكی گشتی كێشەی خەڵكی كورد كێشەی كۆمەڵایەتیە. یەكێك لەو كێشانەش كێشەی ئافرەتە. دەربارەی مافەكانی ژنان پێشكەوتنەكانی ناو توركیا چۆن دەبینن؟
گولشەن ئۆرهان: لەناو ئەو ململانێیەی سەبارەت بە دیموكراتیبوون لە ئارادایە كێشەی ژنیش جێی خۆی دەگرێت. تا ئەو كاتەی AKP هاتۆتە سەر دەسەڵات، سیستەمی توركیا زوڵمی لەهەموو كەس كردووە. لەم روانگەیەوە بۆ ئەوەی ئافرەتەكانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای توركیا مافەكانیان بەدەست بێنن هەنگاو نراوە. بۆ ئەوەی جیاوازی ئەرێنی لەناو ژنان بێتە ئاراوە چەندین یاسا هەمواركران. لەمەولا ژنان لەهەموو لایەنەكانی ژیان دەتوانن كاریگەر بن.
بۆ ئەوەی منداڵانی كچ بە پەروەردەیەكی كاریگەر تێپەڕببن، چەندین یاسا هەمواركراوە. بۆ نموونە وەزیری پەروەردە، بۆ پەروەردەكردنی منداڵان چەندین هاوكارییان پێ دەبەخشێت، بەڵام بڕی هاوكاریەكە بۆ كچان زیاترە. ئەو داب و نەریتانەی ئاستەنگن لەبەردەم جێگرتنی ژنان لەناو سیاسەتدا ئەوا بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانیان بەسەر دێت.
گوڵان: لەناو ریزەكانی AKP چەند ژنە پەرلەمانتاری كورد هەیە؟
گولشەن ئۆرهان: ژمارەی پەرلەمانتارە ئافرەتە كوردەكانی ناو AKP پەرلەمانتارە. یەكێكیان لە ئاگری، یەكێكی تر لە مووش، وان، ئورفا و ئەستەنبۆڵ، پێنج پەرلەمانتاری ژنی كورد لە هەڵبژاردنی رابردوو سەركەوتن.
گوڵان: دەربارەی پرسی ژنانی كورد، پرسیارمان ئاراستەی هەندێك لە رێكخراوەكانی ژنان كردووە. بە گوێرەی ئەوان :» ئەو ژنە كوردانەی كۆچبەری رۆژئاوای توركیا بوونە، كاركردن دەربارەی پرسی كورد بۆ ئەوان زۆر گرنگ نییە». ئایا تۆ پێتوانییە لەم روانگەیەوە پێویستە ژنانی كورد لە رۆژئاوا ژنانی رۆژهەڵات تەواو بكەن؟
گولشەن ئۆرهان: من پێموایە ئەو خوێندنەوەیە راست نییە. واتە ئەو خوێندنەوەی ژنانی كورد لە رۆژئاوا گرنگی بە چارەسەركردنی كێشەی كورد نادەن، هەڵەیە. ژنانی كورد لە رۆژئاوا تا ئاستێكی باش پەروەردەكراون، بە گوێرەی تواناكانیان، لە هەموو كێشەكان و كێشەی ئەتنیش لەناویاندا پێوەندیدارن. من یەكێكم لەو ژنانە. بەڵام لەهەمان كات پێویستە چاوەڕێی ئەوە نەبین هەموومان لەیەك ئاستدا بەشداری لەدۆزینەوەی چارەسەرەكاندا بكەین. لە پەرلەمانی توركیا یەكەمین جارە كۆمسیۆنێك دەربارەی یەكسانی ژن و پیاو دادەمەزرێت. ئەركی ئەو كۆمسیۆنە چاودێریكردنی هەلومەرجی تەواوی ژنانی توركیایە. پێموایە لە ماوەی 9 ساڵی رابردوو زۆر شت بەناوی ژنان جێبەجێ كرا. لە بوارەكانی سیاسەت، بازرگانی و گەشتوگوزار چەندین ژنی كوردی بەتوانا هەیە. لە بواری ئابووریدا ژنی وا هەیە جێگای زۆر هەستیاری گرتووە. هەروەها لە بواری مۆزیك و هونەریش ژنی كوردی زۆر كارا هەیە. كاتێك لەیەك ساتدا بیر لەوانە هەموویان دەكەینەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە ژنان هیچیان لە پیاوەكان كەمتر نییە. هەموویان كەسانێكن كە زانیاری تەواویان دەربارەی كەلتوور و مێژووی خۆیان هەیە.
گوڵان: پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
گولشەن ئۆرهان: بە سەرسامی و دڵخۆشیەوە سەیری ئەو پێشكەوتنانە دەكەین كە لە هەرێمەكەتان بەدەست هاتوون. كورد نەتەوەیەكە زۆر زەحمەتی بینیوە. رووبەڕووی هەموو تاوانە خراپەكان بۆتەوە. كارەساتی هەڵەبجەمان لەبیر نەكردووە. تا ئێستا هۆشمان یادەوەرەی رووداوە دڵتەزێنەكانی لەبیر نەچووە. گەلێك كە تا دوێنێ رووبەڕووی نەهامەتی، ئازار و زەحمەتی ببێتەوە، كاتێك ئەمڕۆ دەیبینین لەسەر خاكەكەی بە ئازادانە ژیان بەسەر دەبات، پێشكەوتنێكە لەناخەوە زۆر زۆر دڵخۆشمان دەكات. توركیا لەم قۆناغە پێوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان گەیاندۆتە ئاستێكی زۆر باش. بێگومان ئەو راستیەش لەناو سیاسەتی AKP رەنگدەداتەوە كاتێك لەگەڵ دراوسێكانی سیاسەتی ( سفركردنەوەی كێشەكان ) پەیڕەو دەكات. چونكە لەو كاتەی ئاستی كێشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ گەیشتە ئاستی سفر دیالۆگ دەست پێدەكات. بەڵام بەر لە 9 ساڵ توركیا لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێی كێشەی هەبوو. جگە لەمە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیش لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێوەندی ئاست بەرزیان سازكرد، لەناویاندا لە خانەوادەكەشم چەند كەسانێك هەیە.
گوڵان: ئایا نیازتان هەیە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن؟
گولشەن ئۆرهان: بێگومان نیازم هەیە سەردانی هەولێر و شارەكانی تری هەرێم بكەم. لە یەك دوو مانگی داهاتوو هەوڵ دەدەم ئەو بەرنامەیەم جێبەجێ بكەم.
گوڵان: سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هەموو بەرپرسانی دیكەی، جەخت لەوە دەكەنەوە كە كێشەی كورد لە توركیا تەنیا بە شێوازی سیاسیانە چارەسەر دەكرێت. وەكو AKP چۆن ئەم هەڵوێستە هەڵدەسەنگێنن؟
گولشەن ئۆرهان: بە دڵنیایی هەڵوێستێكی زۆر راستە. كێشەی كورد كێشەیەكە تەنیا و تەنیا بە دیالۆگ چارەسەر دەكرێت. لەم قۆناغە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رابردوو زۆر واتای نییە. كێشەكە بە توندوتیژی نا، بەڵكو لەسایەی ئەو شێوازەی سیاسیە ئەمڕۆ پەیڕەوكراوە گەیشتۆتە ئاستێكی بەرزتری چارەسەری. ئەو ئازارەی چێشتوومانە چ تاكەكانی رۆژئاوا بێ یان رۆژهەڵات ناگەیەنێتە شوێنێكی تر. لەهەموو خێزانێك قوربانییەك هەیە. گەڕانەوەی تەرمی گەریلاكان لە چیا هەروەها گەڕانەوەی تەرمی سەربازەكان لەو هەرێمە رووداوێكی زۆر جەرگبڕە. بۆ ئەمەش هەموو مرۆڤەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی قوربانییەكان ئارەزووی چارەسەركردنی ئەو كێشەیەن بە دانوستاندن و گفتوگۆ دەكەن. لەبارەی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە %58 هاووڵاتیانی توركیا باوەڕیان بە AKP دەكەن. هەموویان بۆ ئەو برایەتیە، بۆ ئەو بەیەكەوەبوون و چارەسەریە ئامادەن. ئیتر كار گەیشتۆتە ئاستێك دەربارەی خوێندن بە زمانی دایك قسەدەكرێت. كوردەكان بە رادەی توركەكان ئازادن، بە زمانی خۆیان قسەدەكەن و خاوەنداریەتی لە كەلتووریان دەكەن و بەكوردی گۆرانی دەڵێن. بەداخەوە توركیا بەمێژووی 80 ساڵەی فەرمی خۆیەوە هەوڵی سەلماندنی نەبوونی كوردیدا. بە دڵنیایەوە پێتان دەڵێم كێشەی كورد چارەسەر دەكرێت. ئیتر رۆژە ناخۆشەكان لەدوای خۆمان بەجێ دێڵین. گەلیش ئەمە داوا دەكات. حكومەت پێداگیری لەسەر ئەمە دەكات و گەلیش پشتگیری دەكات.
گوڵان: لە 29 مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو هەرێمی كوردستان بەشداری لە ئاهەنگی یادكردنەوەی دامەزراندنی كۆماری توركیا كرد. ئایا لەمەودوا بەرپرسانی توركیاش بەشداری لەو یادوەرییانەی كە بۆ كورد گرنگن ناكەن؟
گولشەن ئۆرهان: بۆچی نا. ئەمە شتێكی زۆر ئاسایی و سروشتیە. بۆ نموونە بۆ پیرۆزباییەكانی جەژنی نەورۆز، ئەگەر لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بانگهێشتی هەندێك لەبەرپرسانی توركیا بكرێت، ئەوا بەرپرسانی توركیا لەوانەیە بەشداری لە ئاهەنگەكان بكەن. ئەمەیان پەیوەستە بە پتەوی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا. ئەگەر بەرنامەیەكی بەم شێوەیە هەبێت، منیش ئارەزووی بەشداری كردنم هەیە. لەم بارەیەوە هیچ ئاستەنگێك نییە. هەوڵ دەدەم ئەو پرسیارە وەكو پێشنیارێك بگەیەنمە لایەنە پێوەندیدارەكانی حكومەت. هیچ گومان و لاریمان نییە كە دەبێت پێوەندیەكانمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەباكووری عێراق لە چوارچێوەی پێوەندی لەگەڵ هەر دەوڵەتێكی تردا بێت.
گوڵان: بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكان و میوانداریتان زۆر سوپاستان دەكەین.


گولشەن ئۆرهان: منیش سوپاستان دەكەم.
Top