كاروان ئاكرەیی بۆ گوڵان: دەبێت خۆمان رابهێنین لەسەر ئەوەی بزانین داواكاری خەڵك چییە و پێشنیاریان چییە؟ بۆ ئەوەی خواست و ویستی خەڵك وەربگرین و بیكەینە بناغەی كاركردنی حزب

كاروان ئاكرەیی بۆ گوڵان: دەبێت خۆمان رابهێنین لەسەر ئەوەی بزانین داواكاری خەڵك چییە و پێشنیاریان چییە؟ بۆ ئەوەی خواست و ویستی خەڵك وەربگرین و بیكەینە بناغەی كاركردنی حزب
كاروان ئاكرەیی وەك كەسایەتییەكی سیاسی و رووناكبیرێك بەتێڕوانینە واقیعییەكانی و وردبوونەوەی لەسەر پرسە تیۆرییەكان دەناسرێتەوە، كاروان ئاكرەیی لەگەڵ ئەوەی خاوەنی مێژوویەكی درێژی خەباتی پێشمەرگانەیە، یەكێكە لە رۆژنامەنووسە دیارەكانی كوردستان و ئێستا بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی سەتەلایتی كوردستانە، ئێمە وەك گۆڤاری گوڵان ئەمجارەیان ئاكرەیمان لەسەر پرسێكی گرنگی تێۆری و پراكتیكی هێنایە ئاخاوتن، ئەویش پێوەندی نێوان حزب و كۆمەڵگەی دیموكراتییە، یان بەواتەیەكی دیكە حزب وەك پێداویستیەك بۆ بونیادی دیموكراتی لەكۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەكان و هەروەها لە كۆمەڵگە پێشكەتووەكانیشدا، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم وتووێژە هاوكاتە لەگەڵ ئامادەسازی پارتی بۆ كۆنگرەی 13، بەرنامەیەكی تازە لەبەردەستە كە وەك رەشنووس ئامادەكراوە بۆ ئەوەی پارتی وەك حزبێكی سەردەمیانە خۆی نوێ بكاتەوە و خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادەبكاتەوە، بۆیە لەزۆر شوێندا ئاراستەی هەڵسەنگاندن و رەخنەكان لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمە وەك بەشداریكردنێك لە دەربڕینی بۆچوون و رای دیكە سەبارەت بە كۆنگرەی پارتی، ئەمە دەقی وتووێژەكەی گوڵانە لەگەڵ كاروان ئاكرەیی.
گوڵان: ئەگەر لەو پرسیارەوە دەست پێبكەین ئایا پێوەندی نێوان حزب و كۆمەڵگە چییە؟ یان ئایا پێوەندی نێوان حزب و پرۆسەی دیموكراتی چییە؟
كاروان ئاكرەیی: بەدرێژایی مێژوو جۆرە رێكخستنێكی كۆمەڵایەتی بەپێی پێداویستی كۆمەڵگە لەشوێنە جیاجیاكانی دنیا بوونی هەبووە، بۆ ئەوەی ئەندامانی كۆمەڵگە خاوەنی بەرنامەیەك بن بۆ باشتركردنی ژیانی خۆیان، ئەمە وەك پێناسەیەكی سادەو ساكار، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا حزب بۆچی پێویستییەكە؟ جاری واش هەیە كە لەكۆمەڵگە زۆر پێشكەتووەكان زیاتر ورد دەبینەوە، دەبینین پرسیارەكە زیاتر خۆی زەق دەكاتەوەو دەبێتە ئەوەی باشە خۆ كۆمەڵگە خۆی رێكخستووە و لایەنی سیڤیلی كۆمەڵگەش تاراددەیەك رۆڵی خۆی دەگێڕێت، ئایا لەمجۆرە كۆمەڵگایەندا كاتێك حزب دروست دەكرێت شێوەیەكی مەدەنی وەردەگرێت، یان حزب خۆی لە كۆمەڵگە مەدەنیەكە جیادەكاتەوە؟ بەتێڕوانینی من كۆمەڵگە بە شێوەیەكی گشتی بگاتە هەر ئاستی پێشكەوتنێك جۆرێك لە رێنمایی و میكانیزمی بزاوتی خۆی دەوێت بەرەو ژیانێكی باشتر و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووتر، بۆیە بۆ كۆمەڵگەی ئێمە و كۆمەڵگەكانی هاوشێوەی ئێمە جارێ زۆر زووە باسی ئەوە بكەین كە حزب پێویستی نییە یان راشكاوانەتر بڵێم زەرورەتە یان نە. هەر بۆیە وای دەبینم لە كۆمەڵگەی ئێمە حزب یەكێكە لە پێداویستییەكان و جۆرە رێكخستنێكە كە كۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، بۆ ئەوەی ئەم رێكخستنە جڵەوی بزاوتی كۆمەڵایەتی بەدەستەوە بگرێت و بتوانێت دەربڕی ویست و خواست و داواكارییەكانی خەڵك بێت، هەروەها بتوانێت بەرنامەیەك بۆ ئەو ویست و خواستانەی خەڵك دابڕێژێت بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا ئەو ئامانجانە بەدیبهێنێت كە خەڵك مەبەستێتی.
ئەگەر لە دیدگای پرۆسەی دیموكراسیشەوە سەیری حزب بكەین، دیسان لەو كۆمەڵگایەنەی كولتووری دیموكراسیان تێدا قووڵبۆتەوە، لە ئاكامی پەرەسەندنی كۆمەڵایەتی و سیاسی بیربۆچوونی جیاواز سەرهەڵدەدەن و ئەم بیربۆچوونە جیاوازانەش پێویستیان بەدەربڕین هەیە و هەر یەك لەم بیربۆچوونە جیاوازانەش هەوڵی دەوڵەمەندكردنی خۆی و سەلماندنی بوونی خۆی دەدات، بۆیە لێرەشەوە بوونی حزب دێتە پێشەوە و دەبێتە ئەو پێداویستیەی كە وەك چوارچێوەیەك ئەو ویست و خواست و بۆچوونە جیاوازانە لەخۆی بگرێت و ئەمەش واتە جۆرە فرە بیروبۆچوونێك دێتە ئاراوە كە خۆی لە بوونی دووحزب یان زیاتر بەرجەستە دەكات، هەر یەك لەم حزبانەش بەرنامەی جیاواز بەرهەمدەهێنێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو ویست و خواستانە، دەكەونە ململانێكردن لەگەڵ یەكتری بۆ ئەوەی خەڵك متمانە بە بەرنامەكانیان بكات و دەسەڵات بگرنە دەست و حكومڕانی وڵات بكەن. لێرەوە دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ململانێ و كێبركێی نێوان حزبەكانیش، پێویستی بە نەفەسێكی دیموكراتیانە هەیە بۆ ئەوەی یەكتری رەتنەكەنەوە و بە جیاوازییەكانی خۆیانەوە بتوانن لەگەڵ یەكتری بژین، لەم حاڵەتەدا حزب خۆی دەبێتە ئامرازی قووڵكردنەوەی ئەو ململانێ و پێشبڕكێ دیمواكراتیانە لە كۆمەڵگەدا، بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمە و كۆمەڵگەكانی هاوشێوەی ئێمە كە لەسەرەتای بونیادی ئەم پرۆسەیەداین، دەبینن دیدوبۆچوونی جیاواز بەشێوەیەكی زەق سەریهەڵنەداوە، بە تایبەتیش ئەگەر ئێمە لە قۆناغی ئێستای خۆمانەوە سەیر بكەین، دەبینن هەندێك ئەركی گشتگیر هەیە رووبەڕووی هەموو كۆمەڵگە بۆتەوە، كە بەندە بەچارەنووسی میللەتەكەوە، ئەم ئەركانە لەوانەیە تاراددەیەك بواری ئەوەی نەدابێت لەم قۆناغەدا لە دیدیگای جیاوازەوە سەیری پرۆسەی كۆمەڵایەتی بكرێت، لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا ئێستا لەكۆمەڵگەی ئێمە هەست بەسەرەتاكانی سەرهەڵدانی بیربۆچوونی جیاواز لەمەڕ پرۆسەی كۆمەڵایەتی دەكەین و خەریكە ئەو دیدوبۆچوونە جیاوازانە سەرهەڵدەدەن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا زەرورەتی ئەو قەوارانەیە كە تەعبیر لەو بیربۆچوونە جیاوازانە دەكات و سەرەتایەكی دڵخۆشكەرەو مانای وایە كۆمەڵگە لە حاڵەتی چەقبەستوویی دەردەچێت و لەهەموو بوارەكاندا پێدەنێتە حاڵەتێكی جمووجۆڵی بەردەوامەوە. ئەم جموجۆڵە بەردەوامەش پێویستی بە ئامرازێكە لە كۆمەڵگە بوونی هەبێت، بە تێڕوانینی من ئەو ئامرازەش حزبە، حزبیش دەرهاویشتەی ئەو واقیعە كۆمەڵایەتیەی كۆمەڵگەیە، بۆیە مەرج نییە سەرهەڵدانی حزب یان ژمارەی حزب لەهەموو كۆمەڵگەكاندا وەك یەك بێت، یان بڵێن لەبەر ئەوەی لە فەرەنسا بۆ نموونە پێنج حزب هەیە دەبێت لەكوردستانیش پێنج حزب هەبێت یان لە ئەمریكا دوو حزب هەیە دەبێت لێرەش دوو حزب هەبێت، بۆیە هەر كۆمەڵگەیە لەم پرۆسەیەدا ئەزموونی خۆی پێشكەش دەكات، ئەو ئەزموونەش رەنگدانەوەی قۆناغی خۆی و پێشینەی مێژوویی خۆی و ریزبەندی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگەیە، بۆ ئێستای كوردستانیش دیسان دووپاتی دەكەمەوە بوونی حزب پێویستییە، بەڵام بێگومان تاكە حزب نابێت لەبەر ئەوەی كۆمەڵگەی كوردستان خەریكە بنەمای جیاوازی كۆمەڵایەتی دەخوڵقێنێت، ئەو بنەما جیاوازانەش دەربڕینی خۆی دەوێت و ئامرازی دەربڕینیش لەوانەیە دوو حزب بێت یان سێ یان چوار و زیاتریش، هەریەكە لە دیدو بۆچوونی خۆیەوە هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ رەوتێكی كۆمەڵایەتی جیاواز بگونجێنێت و تەعبیر لەخواستی ئەو رەوتە كۆمەڵایەتیە بكات.

گوڵان: كاتێك لەواقیعی كوردستان باسی رۆڵی حزب دەكەین، بێگومان ئەوانەی بەتەمەنن لە دوو قۆناغی جیاواز رۆڵی حزبیان بینیووە یان لە دوو قۆناغی جیاوازدا كاریان لە حزبدا كردووە، یەكەمیان قۆناغی بەرەنگاربوونەوەو مقاوەمەت، دووەمیشان بارودۆخی دەسپێكی پرۆسەی دیموكراتی، پرسیار ئەوەیە ئایا جیاوازی نێوان ئەركی حزب لەو دوو قۆناغەدا چییە؟
كاروان ئاكرەیی: پێش هەموو شت پێموانییە ئێمە لە قۆناغی دیموكراتیداین، ئێمە لەقۆناغی پێش گەیشتن بەدیموكراتین، مەبەستم ئەوەیە دەستمان پێكردووە هێشتا نەگەیشتووینە ئەوەی پێی بڵێین دیموكراتی تەواو، بۆیە رەنگە زیاتر بەم قۆناغە بڵێن قۆناغی فرەیی، ئەوجا ئەمەش واتە فرەیی لە حزب، فرەیی لە بیروبۆچوون، یان فرەیی لە پێكهاتەی كۆمەڵایەتی، ئەمەش پێویستی بەجۆرە كاركردن و كولتوورێك هەیە بۆ ئەوەی ئەم فرەییانە بەشێوەیەكی ئاشتیانە وەك كولتووری كۆمەڵگە بچەسپێت، بۆ ئەوەی لەسەر ئەم كولتوورە دیموكراسیەت وەك پێداویستییەكی ژیان رێگەی بۆ بكرێتەوە، وەك میكانیزمێك بۆ رێكخستنی ژیانی هەر كۆمەڵگەیەك پیادەبكرێت، بێگومان پەیڕەو و پرۆگرامی حزبەكانی ئێستای كوردستان بەشێوەیەكی گشتی رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانكاریانە نین كە لەسەر ئاستی جیهان و كوردستان روویانداوە، بەڵام لە كوردستان ریزبەندی كۆمەڵایەتی دەستی پێكردووە، واتە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو ریزبەندییە بە ئاراستەیەكدا دەڕوات، كە حزبێك ناتوانێت، هەموو ئەو چین و توێژە جیاوازە كۆمەڵایەتیانە لە باوەش بگرێت و ببێتە دەربڕی ویست و خواستی هەموو ئەو چین و توێژانە، هەر بۆیە ئێستا هەست دەكرێت وردە وردە جیاوازی كۆمەڵایەتیش بەرەو بەرفراوانبوون هەنگاو هەڵدەگرێت، لەوانەیە ئەو حزبەی رۆڵێكی گرنگی لە قۆناغی رزگاری نیشتمانی هەبووە و تائاستێك توانیوویەتی بۆ دەیان ساڵ خەڵك بگەیەنێتە جۆش و خرۆشێك، وەك پێویست ئەو مەرجانەی تیدانەبێت كە بۆ قۆناغی ئێستا پێویستن، بۆیە پێداچوونەوەی حزبەكان بە خۆیاندا ئەمڕۆ وەك پێویستیەك خۆی دەنوێنێت، ئەگەر ئەو حزبە بیەوێت لەگەڵ رەوتی بەرەوپێشچوون و ئەو گۆڕانكاریانەی لەكۆمەڵگە روویانداوە، ئەویش هاوشان بچێتە پێشەوە، وامەزندە دەكەم حزبەكان تێكڕا هەست دەكەن رووبەڕووی ئەم پرسیارە بوونەتەوە بەوەی ئایا پێویستە چی بكەن بۆ ئەوەی لە پرۆسەی پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی دانەبڕێن؟ هەر بۆیە وەك دەبینن حزبەكان خۆیان كەوتوونەتە كێبڕكێ لەوەی چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوەو ئامرازی كاریگەری جێهیشتنی دەستی خۆیان بەسەر گۆڕانكارییەكاندا و ئەو پرۆسەی ئێستا لە كوردستاندا هەیە بەجێبهێڵن. لەم ئاستەدا كاتێك حزب بیر لەوە بكاتەوە چۆن دەستی بگاتە ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایتیانەی روویانداوە، چۆن رۆڵی تیا بگێڕیت، چۆن رێگە نەدات ببێتە ئاژاوەیەك و سبەی جڵەوی بارودۆخەكەی لەدەست دەربچێت؟ یان حزب بیر لەوەبكاتەوە خۆی نوێنەرایەتی ئەو گۆڕانكارییانە بكات و خۆی ببێتە هێزی بزوێنەری ئەو گۆڕانكاریانە، بە تێگەیشتنی من ئەمانە هەمووی جۆرێك لە وەرچەرخان بەرەو دیموكراتی بوونی حزب و نەفەسێكی دیموكراتیانە هەستی پێدەكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی هێشتا ئەركە نیشتمانییەكان زۆریان ماون بەدیبێن، دەبێت حزب هەوڵبدات خەڵك ئەركە نیشتمانییەكانی لەبیر نەچێتەوە، ئەمەش واتە حزب بەرنامەیەكی وای هەبێت ئەركە نیشتمانییەكانی خۆی تێدا ببینێتەوە و نیشتمانیش ببێتە ئەو نیشتمانەی خەڵك هەست بە ئینتیما بكات و بوونی خۆی تیا ببینێتەوە و گۆڕانكاری بەسەر ژیانی تاكەكەسدا هاتبێت و تاكەكەس گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی ئەم نیشتمانە خێری بۆ ژیانی ئەویش هەیە. هەربۆیە ئەگەر ئەو ئامانجە نیشتمانیەش بەدی بێت كە سەربەخۆیی كوردستانە، ئەوا ئەم سەربەخۆبوونە تەكانێكیش بەژیانی تاك دەدات.

گوڵان: بەڵام لە واقیعی ئێستای كوردستاندا دیاردەیەك بوونی هەیە و بەئاشكرا ئۆباڵی هەموو كێشە و كەموكورتییەكانی كۆمەڵگە دەخرێتە ئەستۆی حزب و خەڵك حزب بە بەرپرسیار و هۆكاری ئەو كێشانە دەزانێت، ئەمەش جۆرە بێ متمانەیەكی لەنێوان خەڵك و حزب دروستكردووە، لەبەرامبەر ئەم واقیعە بۆچوونێكی زانستیش هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەو بۆچوونە رەتناكاتەوە كە حزب هۆكاری كێشەكانە، بەڵام حزب بەهۆكاری چارەسەری كێشەكانیش دەزانن، ئایا بە تێڕوانینی تۆ چۆن حزب دەتوانێت خۆی بكات بە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان؟
كاروان ئاكرەیی: پێموایە سەبارەت بەم پرسە جۆرە تێكەڵاوییەك لەناو كۆمەڵگەی كوردستان هەیە، كە رەنگە هەندێكیان پێشینەیەكی هەبێت و لە رابردووەوە مابێتەوە، هەتا ئێستاش ئاسەوارەكانی دیارن، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە بەشێكین لەوڵاتێكی گەورەتر كە ناوی كوردستانە، هەروەها دۆزێكمان هەیە بەناوی دۆزی نەتەوایەتی، دۆزی نەتەوایەتیش رەنگە پاڵی بەخەڵكێكی هێجگار زۆرەوە نابێت كەبیر لە سیاسەت بكەنەوە، ئەمەش واتە ئەو تێكەڵاوییەی كەمرۆڤ خۆی مرۆڤێكی نەتەوەخواز و نیشتمانپەروەر ببینێت، لەنێوان ئەوەی سیاسەتمەدار بێت، بێگومان جیاوازییەك هەیە، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان ئەوەی نەتەوەخواز و نیشتمانپەروەر بووبێت، ناچار پەنای بۆ حزبێك و بۆ سیاسەت بردووە، هەر بۆیە ئەم حاڵەتە لەكوردستان نەتەوەخوازیی و سیاسەتمەداری هاوتای یەكتری كردووە، ئەمەش كێشەیەكە، هێشتا وای لێنەهاتووە كە سیاسەت وەك پیشەیەك خۆی نیشانبدات، لەوانەیە خەڵكانێك هەبن خەریكی ئەو پیشەیە بن و خۆیان حەزبكەن، بچنە ناو وردەكارییەكانی سیاسەت، بەڵام خەڵكانێكی هێجگار زۆریش هەن نیشتمانپەروەرن و نەتەوەخوازن مەرج نییە لە ریزی حزب بن، مەرج نییە بچن لەو یارییە سیاسییەدا بەشداری بكەن، ئەمە لایەنێك، لایەنی دووەم ئەوەیە ئەگەر حزبێك بیەوێت جڵەوی داهاتووی بەدەستەوە بێت و پەراوێز نەخرێت و نەبێتە بەشێك لە رابردوو، دەبێت ئەو حزبە بەزیندوویی مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان و كولتوورییەكان بكات، بێگومان ئەگەر ئەم حزبە ئەمەی بۆ بكرێت، ئەوە رۆڵی ئیجابیانەی خۆی دەگێڕێت لە بەدەستەوە گرتنی جڵەوی پرۆسەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پێشخستنی كۆمەڵگە، بەپێچەوانەی ئەمەوە دوادەكەوێت، كە دواشكەوت چەقبەستوو دەبێت، ئەو چەقبەستووییەش لەرەفتاری حزب و لە پێگەی حزب بەدیار دەكەوێت، پێچەوانەی ئەمەش حزب دەبێتە ئامرازێكی ئیجابی بەدەست خەڵكەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەم حزبەوە بگەن بە ئامانجەكانی خۆیان، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، ئایا ئەم حزبە چۆن دەتوانێت جڵەوی ئەم پرۆسەیە بەدەستەوە بگرێت؟ لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بێینە سەر دیموكراسی وەك كولتوور و رۆحییەتی ئەم سەردەمە، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم حزبە چەند دەتوانێت لەگەڵ دیموكراسی خۆی بگونجێنێت؟ بێگومان رەنگە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگە و بزووتنەوەی سیاسی كوردستان جۆرێك كۆسپ و تەگەرەی لەبەردەم خواست و ویستی دیموكراسیانەی هەر حزبێك دروست كردبێت، كە بیەوێت لەرووی پراكتیك و لەرووی مەیدانیەوە دیموكراسیەت پراكتیزە بكات، جۆرێك لە خولیای ئەمنی زاڵە بەسەر بیركردنەوەی حزبەكاندا، جۆرێك لە گومان لە پراكتیزەكردن و رەفتاری حزبەكاندا دیارە، ئەمەش پێچەوانەی رۆحییەت و خولیایی دیموكراتیەتە، بەڵام ئەم قۆناغە تێپەڕدەبێت، وای لێدێت سیاسەت وەك پیشەیەك خۆی دەنوێنێت، تەنیا ئەو كەسانە دەچنە ناو حزبەكان كە بەڕاستی بیانەوێت رۆڵی كارا و پێشەنگ لە حزبەكەدا بگێڕن بۆ ئەوەی بتوانن كۆمەڵگە بجووڵێنن، هەر بۆیە ئەو هەزاران هەزار كەسەی ئێستا بەدوای حزب دەكەوێت، ئەوە حاڵەتێكی راگوزاریی كاتییە و تێدەپەڕێت، ئیدی خەڵك پێوەری بۆ نیشتمانپەروەری خۆی ئەوە نابێت بچێتە ناو حزبێكەوە، بەپێچەوانەوە تاك دەتوانێت بەرێگەی راپەڕاندنی دڵسۆزانەی كاری ئاسایی خۆی نیشتمانپەروەری خۆی بسەلمێنێت.

گوڵان: حزب لە كۆمەڵگەی دیموكراتی نوێنەرایەتی گەل دەكات، كێشەكە ئەوەنییە حزب نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە ئەو نوێنەرە لە ئاستی ئەو تموحانەدانییە كە گەل متمانەی پێیداوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت حزب بكەینە كارگەی بەرهەمهێنانی كادیری دیموكراتی، دەبێت چ گۆڕانكاریەك لەخۆیدا بكات و ئەو كادرانە چۆن پەروەردە بكات؟
كاروان ئاكرەیی: شێوازی هەڵبژاردنی گشتی ئەم مەسەلەیە یەكلادەكاتەوە، واتە هەڵبژاردنی گشتی ئەوە دیاری دەكات ئەو پاڵێوراوە راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێدراوە، یاخود بەناوی حزبەوە هەڵبژێدراوە، ئەو شێوازەی تا ئێستا لە كوردستاندا پیادە كراوە ئەوەبووە نوێنەری حزب هەڵبژێدراوە، نەك كاندیدەكان وەك تاكەكەس خۆیان لە بەردەم خەڵكدا بینیبێتەوە و راستەوخۆ خەڵك دەنگی پێدابن. ئەمە جۆرێك لە مەركەزیەت و جۆرێك لە ئاڕاستە دیاركردنی تێدایە، بەڵام ئەگەر وردتر سەیری بكەین، حزب خۆی نوێنەری خەڵكە، هەربۆیە كاتێك نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ هەڵبژاردنی گشتی، ئەمە شتێكی زۆر نامۆ نییە، ئەگەر پرسیارەكەش ئەوەیە ئایا شێوازی لەوە دیموكراتیتر هەیە، ئایا شێوازی لەوە كراوەتر هەیە، وەڵامەكە ئەوەیە بەڵێ هەیە.

گوڵان: مەبەستم لە دەستنیشانكردنی پاڵێوراو بۆ ناو جەماوەر ئەوەیە، واتە كە حزب كەسێك دەپاڵێوێت دەبێت ئەندامانی ئەو حزبە رەزامەندی لەسەر پاڵاوتنی ئەو كەسە بدەن؟ وردتر بڵێین حزب چۆن دیموكراتی لەناو خۆیدا پیادە دەكات بۆ ئەوەی دواتر لە كۆمەڵگەدا دیموكراتیانە رەفتار بكات، چونكە ئەگەر حزب خۆی دیموكراتی نەبێت، ناتوانێت دیموكراسی بەرهەم بهێنێت؟
كاروان ئاكرەیی: هەروەك ئاماژەم پێكرد دەسنیشانكردنی كاندید لەلایەن حزبەوە، شێوازێكە لە شێوازەكانی دیموكراسی و ئاستێك لە ئاڕاستەگەری تێدایە، دەتوانم بڵێم دیموكراتیەتێكی ئاراستەكراوە، ئەگەر ئەم كاندید كردنە بۆ دەرەوەی حزب بێت، ئەوا بێگومان رەنگدانەوەی ناخۆی حزبەكەشە، واتە لە ژیانی ناوەوەی حزبیش جۆرێك لە ئاڕاستەكراوی هەیە، هەروەها دەكرێت بڵێین هەندێ جار دەستنیشانكردنی پاڵێوراوێك بۆ ئەوەی بچێتە مەیدانەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگی خەڵك بدات، بە شێوەیەكی مەركەزی دەكرێت و هەندێ جاریش رەنگدانەوەی خواست و ویستی ناوەوەی حزبەكە دەبێت و ئەندامانی حزب ئەو كەسە هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بكات و كۆشش بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵك بكات. ئەمەش دوو رووی یەك پرۆسەن و ناكرێت لە یەك جیابكرێنەوە، لەناو پارتیدا هەردوو شێوازەكە بەدی دەكرێت و كاریان پێدەكرێت. ئومێدی ئەوە دەكرێت كە لە ماوەی داهاتوودا بتوانرێت زیاتر پەرە بە ئاڕاستەی دیموكراتی و كرانەوەكە بدرێت كە ئێستا ئاماژەی ئەوە لە ئارادان كە نیازی زۆربەی خەڵكانی ناو پارتی و سەركردایەتی پارتی ئەوەبێت پتر شێوازی لامەركەزیەت لەژیانی حزبایەتیدا پەیڕەو بكرێت. رەنگە ئەمە دەرگا بە رووی قۆناغێكی نوێدا بكاتەوە، قۆناغێك تێیدا گوڕ و تینێكی زیاتر بە ژیانی ناوخۆیی حزب بدرێت، دەرفەتی زیاتر بدرێتە كادر و ئەندامانی حزب بۆ ئەوەی بەشداربن لە گەڵاڵەكردنی بڕیاری سیاسی حزب، لە گەڵاڵەگردنی راوبۆرچوونی جەماوەر و تەرجومەكردنیان بۆ پڕۆژەی رۆژانە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی كادر كەسایەتیەكی بەهێزی هەبێت، ئەگەر كادریش كەسایەتی بەهێزی هەبوو، داوای مافی خۆی دەكات، داوای ئەوە دەكات مافی بڕیاردان و بەرزكردنی پێشنیار و رەخنەگرتنی هەبێت، بەشداربێت لە بڕیار و پڕۆژەكانی حزبدا. ئەگەر ئەم پێشینیەیە بچێتەپێش و بە كردەوە پیادە بكرێت، ئەوا ئومێد دەكەین ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێدەكەن لە هەڵبژاردنەكانیشدا رەنگدانەوەی هەبێت.

گوڵان: پرسیارەكەی ئێمە راشكاوانە ئەوەیە چۆن بتوانین حزب بكەین بە ناوەندێك بۆ راهێنانی كادر لەسەر رەفتاركردن بە شێوازی دیموكراتی و ئامادەی گوێگرتن بێت بۆ خواست و داوكارییەكانی خەڵك و دواتر بێت ئەم پێشبینی و چاوەڕوانیانەی خەڵك بهێنێت بۆ ناو حزبەكە بۆ ئەوەی موناقەشەیان لەسەر بكات؟
كاروان ئاكرەیی: ئەم پرسەش دوو دیوی هەیە، یەكەم حزب خۆی بە پێشەنگ دەزانێت و بە ئەركی خۆی دەزانێت خەڵكی خۆی ئاگادار بكاتەوە لە پێشهاتی تازە و لە هەر بوارێك كە بچێت قسە بۆ خەڵك بكات و ئەوەیان پێبڵێت كە ئەمە وێنەیەكە لە پێشهاتی نوێ و وردەكارییەكانی بۆ بخاتەڕوو. دیوەكەی دیكە ئەوەیە خۆمان رابهێنین لەسەر ئەوەی گوێ بگرین بۆ ئەوەی بزانین خەڵك چی دەڵێت، داواكاری خەڵك چییە و خەڵك چی دەكات و پێشنیاری چییە و تا چەند ئامادەین بۆ ئەوەی خواست و ویستی خەڵك وەربگرین بۆ ئەوەی بیكەینە بناغەی كاركردنی حزب لەرووی كۆمەڵایەتیەوە. ئەمە نەفەسێكی دیموكراتیانەی دەوێت، نابێت لەم بوارەدا كادر یان ئەندامی حزب خۆی بە مامۆستا و مەوسوعە بزانێت و وا خۆی پیشانبدات لەبری خەڵك بیردەكاتەوە و هەموو شتێك دەزانێت و پێویستی بەوە نییە خەڵكی رێنمایی بكات. زیرەكی كادر لەوەدایە ئەو دید و بۆچوون و پێشنیارانە گەلاڵە بكات كە بەشێوەیەكی جوان و رێكوپێك و بیخاتە بەردەستی حزبەكەی خۆی، ئەمە خۆی لە خۆیدا رەفتارێكی دیموكراسیانەیە.

گوڵان: راستە ئەمە دیموكراتیە، بەڵام ئەم وەرچەرخانە كە بڕیار دەدەیت ئەوەی خەڵك بە گرنگی بزانێت بەلای حزبیشەوە گرنگ بێت، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن بتوانین جۆری ئەم بیركردنەوەیە بگۆڕین و پێچەوانەی بكەینەوە؟ واتە ئەو خواست و ویستانەی بە پەرش و بڵاوی لەناو خەڵكدا بوونیان هەیە هەڵبستین بە رێكخستنەوەیان، بێین لەناو سەركردایەتی حزبدا بیكەینە سیاسەتی بەدیل، بیكەینە پڕۆژە و بەرنامە بۆ ئەوەی خەڵك سوودی لێوەرگرن؟
كاروان ئاكرەیی: بە بۆچونی من حزبە ئایدلۆژیستیەكان بەو شێوەیە بیردەكەنەوە كە هەموو راستی لای ئەوانە، مەعریفە لای ئەوانە، ئەوان باشتر بەرژەوەندی خەڵك دەزانن، لەم روانگەیەوە پێیانوایە ئەوەی ئەوان دەیڵێن دەبێت خەڵكی گوێڕایەڵیان بێت، ئەوەی ئەوان پێیان باشە دەبێت خەڵكی بە باشی بزانن، ئەمە ناسنامە و مۆركی حزبی ئایدلۆژیستەكانە. كە زۆرجار راگرتنی دەقەكانی ئەو ئایدلۆژیایە، لە ریزی پێشەوەی ئەركەكانی حزبەكە دەبێت، واتە لەو حزبانەدا ئایدلۆژیەت ئەولەویەتی لە پێشتری هەیە لە خزمەتكردن بە خەڵك، بەڵام لەناو حزبە نائایدۆلۆژیستەكان، یان كراوەكان، یان ئەو حزبانەی پێكهاتەی فیكری جۆراجۆر و دەوڵەمەندیان هەیە، نزیكترن و ئاسانتر دەتوانن ئەو بنەمایە پیادە بكەن كە هەموو راستیەكان لای حزب نییە و حزب تێكەڵە لەگەڵ خەڵكدا و دەربڕی داواكاری و خواستی خەڵكە، رەنگە لەم حاڵەتەدا حزب بتوانێت رێنمایی خەڵك بكات، بەڵام باوەڕی وانییە هەموو راستییەكان لای كۆببنەوە. پێموایە پارتی یەكێكە لەو حزبانەی كە بنەمای ئامادەی گوێگرتنی لە خواست و ویستی خەڵك تێدایە، روانگەی پارتی بۆ ئەو پرۆسەیە كراوەتر و پراگماتیزەترە و خوێندنەوەی واقیعیانەتری هەیە كە هەوڵدەدەن لەژێر رۆشنایی ئەو خوێندنەوە واقیعیانە باشتر بەرنامەی خۆی دابڕێژێت، كە دەڵێم لەبەرچاوگرتنی واقیع واتە خەڵك خۆی بەشداربێت لە داڕشتنی بەرنامە و پڕۆژەكانی حزب.

گوڵان: لەسەردەمی شۆڕشدا پرۆسەی بڕیارسازی جۆرێك لە نهێنی تێدابوو، واتە بازنەی بڕیار دروستكردن و بڕیاردان بازنەیەكی زۆر بەرتەسك و بچووك بوو، ئێستا دوای تێپەڕبوونی ئەو قۆناغە ئەم بازنەیە بەرفراوان بووە یاخود دەبێت بەفراوان بكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن حزبەكان بتوانن ئەم بازنەیە بە چەشنێك فراوان بكەن كە خەڵك بتوانن بەشداری لە پرۆسەی بڕیاردانیشدا بكەن؟
كاروان ئاكرەیی: ئەگەر باس لە قۆناغی شۆڕش و پێشمەرگایەتی بكەین، ئەوا جۆرێك لە ئالیەتی كاركردن و لە عەقڵیەت هەبووە كە رەنگدانەوەی پێدوایستی ئەو قۆناغە بووە، رەنگدانەوەی جۆری ئەو خەبات و تێكۆشانە بوو كە لە ئارادابووە، بۆ ئەوكات ئەو جۆرە كاركردنە شێوازێكی راست بوو، ماوەیەكی زۆریشی خایاندووە، رەنگە نەوە دوای نەوە لەسەر ئەم شێوازە و ئەم كولتوورە و ئەم عەقڵیەتە پەروەردەكرابن، راستە ئێستا قۆناغەكە گۆڕانكاری زۆری بەسەردا هاتووە، ناڵێم لایەنە ئەمنیەكە بەشێوەیەكی بنبڕ كۆتایی هاتووە، چونكە زەرورەتێك هەیە، بەڵام ئەو زەرورەتە وەك جاران بەرجەستە ناكرێت كە پێشمەرگە نهێنیەكانی خۆی نەدركێنێت و بەپێی بنەما ئەمنی و عەسكەرییەكان كاربكات، ئەم بوارە دەزگای تایبەتمەندی بۆ دامەزراوە، مەبەستم ئەوەیە دەكرێت حزب گۆڕانكاری بەسەر شێوازی كاركردن و عەقڵیەتی سەردەمی شۆڕشدا بهێنێت و دەست بە كرانەوە بكات، كرانەوە بەسەر خۆی و كرانەوە بە رووی خەڵكدا. هەست دەكەم ئێستا لە كوردستان ئەم سەرەتایە باش گەڵاڵە بووە، ئێستا لە قۆناغی بنیادنانەوەی وڵاتین و ئەو بوارانە لێكجیاكراونەتەوە و هەر بوارێك تایبەتمەندی خۆی هەیە، لەم نێوەندەشدا خەریكە حزب سەر و سیمای دامەزراوەیەكی سیاسی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی وەردەگرێت، كەواتە ئێستا ئەركی حزب بە بەروارد بە سەردەمی شاخ گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە، گۆڕانكاریە هەرە سەرەكی و بنەڕەتیشەكەش ئەوەیە دەتوانێت خەڵكانێك بۆ هەر بڕیارێك بەشداری پێبكەیت، ئێستا هەلومەرجەكە رەخساوە بۆ ئەوەی حزب بە نەفەسێكی دیموكراتیانە كاربكات و بچێتە ناو خەڵك. بەڵام كێشەیەك هەیە پارتیش تێیكەوتووە، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەر ئەم واقیعە بێت پرسیارەكە ئەوەیە، لەژێر سایەی ژیانی پەرلەمانی، حزب چۆن خۆی بینا بكات، حزب چۆن تێكەڵاوی خەڵك بێت؟ ئەم تێكەڵابوونە چ رەنگدانەوەیەكی دەبێت لەسەر پەیڕەو و پرۆگرامی حزب؟ حزب بە چ ئالیەتێكی رێكخستن ئیش دەكات؟ ئایا چ جیاوازییەك هەیە لەتێڕوانینی حزب بۆ خەڵك و بۆ ئەندامانی خۆی؟ بێگومان سیمای ژیانی ژێر سایەی سیستمی پەرلەمانی ئەوەنییە تۆ هەوڵ و كۆششت تەنیا بۆ زیادكردنی ژمارەی ئەندامانی حزب بێت، ئەم شێوازە شێوازێكی سەردەمی رابردووە، ئێستا سەردەمی ئەوەیە تۆ كادری بەتوانا و كارا و بەرچاووڕونت هەبێت و بە نەفەسێكی دیموكراتی و كراوە و كاربكات و بچێتە ناو خەڵك دۆست بۆ حزبەكەی خۆی پەیدا بكات، مەرج نییە تێكڕای ئەو دۆستانە ببن بەئەندامی حزب، ئەمە قەتیسكردنی تواناكانە. ئەگەر حزب بتوانێت پێوەندیەكی بەهێز لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەكانی خەڵك دروست بكات، خەڵكەكەش رای خۆی دەبێت. ئەوەی دەبێت پارتی لەمەودوا كاری بۆ بكات ئەوەیە هەوڵبدات سنووری نێوان رێكخستنی حزبی و خەڵك كاڵ بكاتەوە. ئەم كارە بۆ پارتی قورس نییە، لەبەر ئەوەی ئەمە خەسڵەتێكی مێژوویی پارتییە، كە رەنگە كادرە كۆنەكانی پارتی باشتر لەمن ئاگاداری ئەم پرسە بن كە هەمیشە خەسڵەتی میللی بوونی پارتی بە شێوەیەك بووە كە زۆرجار نەتدەتوانی جیاوازی بكەیت یاخود ئەوە لێكجیابكەیتەوە كە كێ ئەندامی حزبەكەیە و كێ لایەنگری پارتیە و كێ دۆستی پارتییە، كەواتە دەبێت ئەم سنوورە كاڵبكرێتەوە و مرونەتی تێدابێت و دیوار لەبەردەم خەڵكدا دروست نەكرێت، بەڵكو دەبێت بە شێوەیەك بێت خەڵكی بتوانن لە دەرەوەڕا پارتی ببینن، ببینن پارتی چۆن كاردەكات و چۆن بیردەكاتەوە، ئەمەش پێدوایستی ئەم قۆناغەیە.

گوڵان: ئەوەی ئێوە ئاماژەی پێدەكەن لە كاڵكردنەوەی سنووری حزبایەتیكردن، پێویستی بە هەڵگرتنی هەنگاوی عەمەلی هەیە، تۆ چەند گەشبینیت كە پارتی دوای كۆنگرە ئیتر بەم شێوەیە كاربكات، چۆن دەتوانرێت ئەم قەناعەتە لەناو پارتیدا دروست بكرێت و چۆن دەتوانرێت لەسەر ئەساسی ئەم قەناعەتە كاربكرێت؟
كاروان ئاكرەیی: ئەوە ئومێدێكە و رەنگە داواكاریەكیش بێت كە پارتی بەكردەوە كار بۆ ئەوە بكات، حزب ئامانج نەبێت، بەڵكو ئامراز بێت، زۆرجار ئەو پرسە تاوتوێ كراوە ئایا حزب ئامانجە یان ئامراز؟ بە قسە و بە تیۆری باس لەوە كراوە حزب ئامرازە، بەڵام بە داخەوە زۆرجار ئەوەی بینراوە حزب بۆتە ئامانج، كە حزبیش بووە ئامانج، ئەوا دەبێت بیپارێزێت، ئایدلۆژیایەكەی پاك رابگیرێت، كادرەكانی خاوەنی كۆمەڵێك مواسەفاتی دیاریكراوبن، ئەو كاتە حزب دوور لەژیانی سرووشتی و ئاسایی خەڵك كاروبارەكانی خۆی بەڕێوەببات، كە ئەمە كارێكی خراپە و زیانێكی زۆریشی دەبێت بۆ خودی حزبەكە. ئێستا ئێمە لە قۆناغێكین دەبێت واقیعیانە سەیری ئەو قۆناغە بكەین و هەروەها دەبێت بە هۆشیاریەوە باس لەم قۆناغە بكەین، پێموایە تا سەر ئەم قۆناغە بەردەوام نابێت. هێزی حزب لە گەورەیی و زۆری ژمارەی ئەندامەكانیدا نییە، هێزی حزب لە چۆنیەتی چالاككردنی ئەندامەكانێتی، لە پتەوكردنی پێوەندی ئەندامەكانیەتی بەخەڵكەوە، لە رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵك لە دەوری حزب كۆ ببێتەوە. ئومێد دەكەم چیتر خەڵك دوور لەخۆی و جیا لەخۆی سەیری حزب نەكات، بەڵكو وا سەیری بكات دەربڕی ویستی ئەوە، نزیكە لە هەست و نەستی ئەوەوە، واتە تێكەڵە لەگەڵ خەڵك و نامۆ نییە بە خەڵك، كاتێك ئەم هەستە دروست دەبێت، ئەوا حزب رووی لە پێشكەوتنە و دەتوانێت باشتر رۆڵی خۆی بگێڕێت.

گوڵان: یەكێك لە مەسەلەكانی دیكە بریتییە لە گرنگیپێدانی ئافرەت، كە دەتوانین بڵێین ئێمە لەدوای رووخانی سەددامەوە ئەوە بەسەرماندا سەپێنرا كە دەبێت رێژەیەكی دیاریكراوی ئافرەتان لە پەرلەماندا هەبێت، كە رێژەكە لەنێوان لە سەدا 25-30دایە، لێرەدا پرسیاری ئەوە دەكەین ئایا پارتی وەك حزبی ژمارەی یەك لە كوردستان هەڵگری هەنگاوی یەكەم دەبێت لەم بوارەدا بۆ گرنگیدان بە ئافرەتان، ئایا پێتوانیە پارتی لەم رووەو خەمساردە و دەبێت بایەخی زیاتری پێبدات و دەبێت لە كۆنگرەدا چاو بەم پرسەدا بخشێنێتەوە؟
كاروان ئاكرەیی: پرسیارەكە ئەوەیە نەك هەر بە تەنیا پارتی، بەڵام ئایا تێكڕای حزبەكان وەك پرسێكی سەربەخۆ سەیری پرسی ئافرەتان دەكەن یاخود تیڕوانینیان وایە ئافرەت پاشكۆی حزبەكەیە؟ پێموایە خودی ئەو تیڕوانینە سەقەتە كە حزبێك سەیری پرسی ئافرەت بكات لەهەر بوارێكی ژیاندا كە بەناو هاوكارە یاخود پەرژینی حزبەكەیە، كە لە ئەنجامدا بە پاشكۆی حزبی وەردەگرێت، كێشەكە لەوێوە دەست پێدەكات. ئەگەر پێشتر پارتی وا كاری كردبێت یاخود لەمەودا وا كاربكات كە وەك خۆی سەیری پرسی ئافرەت بكات و رۆڵی خۆی وەك هاوكار وێنا بكات بۆ پێدوایستییەكانی پێشكەوتن و بەهێزكردنی كەسایەتی و رۆڵی ئافرەت لە كۆمەڵگەدا كاربكات، ئەوا تابلۆكە دەگۆڕێت. بەڕای من تا ئێستا پارتی و حزبەكانی دیكەش نەیانتوانیوە ئەو واقیعە قبووڵ بكەن، ئەوەیان یەكلانەكردۆتەوە ئایا ئافرەتیان دەوێت بۆ ئەوەی ژمارەی ئەندامانی خۆیان لەناو ئافرەتاندا زیاد بكەن یاخود پێگەی ئافرەت و هەلومەرجی ئافرەتان بەرەوپێشەوەببەن؟ پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حزب دەیەوێت رۆڵی هاوكار و رێنماییكار و پشتیوان ببینێت بۆ ئەم پرسە هەستیار و گرنگە؟ ئەم كێشەیە رەگ و ریشەی مێژوویی هەیە، ئەم واقیعە بەسەر توێژی قوتابیان و لاوانیشدا جێبەجێ دەبێت. ئایا تایبەتمەندی و نیمچە سەربەخۆیی ئەم ناوەندانە بپارێزرێت و پەرەی پێبدرێت، پێموایە دەبێت لەمەودوا بۆ ئەم ناوەندانە پارتی رۆلی رێنماییكارو پشتیوان بگێڕێت.

گوڵان: لێرەشدا باس لە رۆشنبیر ناكەین، بەڵكو باس لە سەرچاوەی مەعریفە دەكەین، ئەگەر سەیرێكی ئاماری زانكۆ پێشكەوتووەكانی جیهان بكەین دەبینین هەموویان كەوتوونەتە وڵاتە دیموكراسییەكان. وڵاتانی دیموكراسیش زەمینەیەكی لەبارە بۆ درووستبونی دامەزراوەی زانستی. بەڵام هەست ناكەیت پارتی ئەم لایەنەی فەرامۆش كردووە؟ مەبەستم، بەجۆرێك لە جۆرەكان هۆكارێكە بۆ ئەوەی كە زانكۆش نەتوانێت ببێتە ژینگەی بەرهەمهێنانی مەعریفە؟ ئایا پێتوانییە كە پێویستە پارتی لەم لایەنە چاوێك بەخۆیدا بگێڕێتەوە و بوار بۆ كەفائاتەكانی كوردستان بڕەخسێنێت؟
كاروان ئاكرەیی: بەڕای من ئەم ئەركە دوو لایەنەیە. پارتی لەو حزبانە بووە كە گرنگییەكی یەكجار زۆری بە زانكۆ داوە. رەنگە توانایەكی زۆریشی بۆ تەرخان كردبێت. جەنابی سەرۆك بارزانی بەپەرۆشەوە و وەك كەسێكی خەمخۆر گرنگی بە زانكۆ دەدا و خەمی لێ دەخوارد و هەوڵی دەدا سەكۆیەكی مەعریفە و رۆشنایی و رۆشنكردنەوەی كۆمەڵگە بێت، زانكۆ بەهێزبێ و توانای بۆ بڕەخسێ. بەدیدی من پارتی لەوەوە دەستپێشخەریش بووە. بەڵام خودی زانكۆكە چیی كردووە؟ دوایی حزب چۆن رەفتاری كردووە لەگەڵ زانكۆ؟ ئەگەر هەڵوێستی رەسمی حزبەكەش نەبێت، بەڵام منێكی حزبی چۆن مامەڵەم لەگەڵ زانكۆكە كردووە و زانكۆكە خۆی چەند توانای ئەوەی هەیە كە كەسێتی خۆی و رۆڵی خۆی لەناو كۆمەڵگەدا دەستنیشان بكات و ئیش لەسەر مەعریفە بكات؟ بەجۆرێك كە مەعریفە لە چوار دیواری زانكۆدا بە مەبەستێكی وشكی ئەكادیمی قەتیس نەدرێت؟ بە بینینی من، زانكۆ نەیتوانیوە ببێتە ئەو سەكۆیە، وای لێبێت كە ببێتە كەناڵی رێنمایی و كەناڵی دانانی بەرنامە و پڕۆژە لە بوارە جیاجیاكاندا بۆ پێشخستنی خودی كۆمەڵگە و لەهەمان كاتیشدا بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانی حزبیش. ئەمە لە چییەوە هاتووە؟ بۆ ئەو بێتواناییە لە زانكۆكانی ئێمەدا هەیە؟ بەڕای من ئەمەشیان قۆناغێكە و ئەم قۆناغە بەسەر دەچێت. ئێستا رەنگە ئەگەر بەراوردێك بكەین لە بەینی زانكۆكانی كوردستان لەم سەردەمە و پێش 10 - 15 ساڵ، جیاوازییەكی باشی تێكەوتووە. بەڵام لەمڕۆوە كە زانكۆ بووەتە سەرچاوەی مەعریفەی كۆمەڵایەتی، سوود بە كۆمەڵگە بگەیەنێ، بەلای من هێشتا كز و لاوازە.

گوڵان: هەر سەبارەت بە دەستێوەردانی حزب لە زانكۆ، جەنابی سەرۆك بارزانی دەڵێت پێم خۆشە پاسەوانی زانكۆ بم، بەڵام ئێستا كادرەكانی حزب دەچنە ناو زانكۆ و دەستێوەردان دەكەن. ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە ئەو پەیامەی سەرۆك جێبەجێ بكەن و پاسەوانی زانكۆ بە ئەركی سەرشانی خۆیان بزانن؟
كاروان ئاكرەیی: ئەمەش لەو بۆچوونەوە هاتووە كەپێشتر ئاماژەم پێكرد، ئایا تۆ ئافرەتت قبووڵە كار بۆ توێژی خۆی و بۆ پێشخستن و گەشەسەندنی ژیانی ئافرەت و بەهێزكردنی كەسایەتی ئافرەت بكات؟ ئەگەر ئەوەت قبووڵ بێت، بێگومان ئەوەشت قبووڵ دەبێت كە ئەكادیمییەك لەجیاتی ئەوەی فشاری بۆ ببەیت و بێتە ریزی حزب، فشاری بۆ ببە لە كارەكەی خۆیدا سەركەوتوو بێت، لەكاری خۆیدا بتوانێت باشتر سوود بە نەوەكان بگەیەنێ، هەوڵ بدا بنەماكانی پێشكەوتن بەردەوام لە شەخسییەتی خۆیدا بەدی بكات و هەوڵی بۆ بدات. بەداخەوە رەنگە ئەمەش هەر بەندە بەو تێڕوانینەی كە تارمایی سیاسی باڵی كێشابێ بەسەر هەموو ئەو توێژانە، لەوانە زانكۆش. مەرج نییە كەسی ئەكادیمی سیاسی بێ. مەرج نییە كەسی ئەكادیمی حزبی بێ. بەڵكو كەسی ئەكادیمی دەبێ هانبدربێ و دەبێ هەست بە فشارێكیش بكا لە كۆمەڵگەی خۆیەوە لە حزبیشەوە، كە ئەگەر لە كاری خۆی سەركەوتوو نەبێ، لەوانەیە سبەی بكەوێتە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە. نەك بەپێچەوانەوە.

گوڵان: دیاردەیەكی تر هەیە و هەستی پێ دەكەین، ئەویش بریتییە لە دوژمنایەتیی نێوان كەسی رۆشنبیر و حزب. مەبەستم ئەوەیە، ئێستا بۆتە پێوانەیەك بۆ ئەو كەسەی كە دژی حزب نەبێ رۆشنبیر نییە. لەكاتێكدا ئەگەر بێت و ئامانجی حزب دیموكراتی كۆمەڵگە بێت و كەسی رۆشنبیریش هەمان ئامانجی هەبێت، ئەوە لە خاڵێكدا یەك دەگرنەوە. ئایا ئێمە چۆن دەتوانین پێوەندی نێوان رۆشنبیر و حزب لە كۆمەڵگە. بابڵێین ئاشتبوونەوەیەك لەنێوانیاندا دروست بكەین؟
كاروان ئاكرەیی: بەڕاستی ئەمە بابەتێكی زۆر گرنگ و ئاڵۆزیشە، بۆچوونی هەڵەش لەم رووەوە لە ئارادایە كە دووری لە حزب یان لە حكومەت مەرجە بۆ رۆشنبیری و سەربەخۆیی ئەو كەسە، واتە رۆشنبیری خۆی بە خۆ دوور راگرتن بسەلمێنێت. بەڕای من ئەم بۆچوونانە راست نین و رۆڵی رۆشنبیریش لەو بەینەدا ون دەكات. بۆیە ئەمەشیان دوو دیوی هەیە، یەكیان خودی رۆشنبیرە و گوتارە رۆشنبیرەكەیەتی. ئەوی دیكەیان تێڕوانینی حزبە بۆ ئەو رۆشنبیر. پرسیار ئەوەیە كە حزب چۆن سەیری ئەو توێژە دەكات. ئایا ئەوەی لێدەوێت وەك ئەندامێكی خۆی رەفتار بكا؟ یان وەك ئەندامێكی خۆی بیر بكاتەوە؟ یان وەك ئەندامێكی خۆی پەرۆشی حزبەكە بێ؟ یان هەوڵی بەهێزكردنی پێگەی حزبەكە بدات؟ یان ئەوەی قبووڵە كە رۆشنبیر نیمچە سەربەخۆییەكی هەیە و دوور لە پێوەری حزبی و سیاسی سەیری ئەو رۆشنبیرە دەكات. ئەمە لایەنی حزبە، پێموایە ئەمڕۆ كاتی ئەوە هاتووە هەم رۆشنبیران و هەمیش حزب و حوكمڕانی، بیر لەو دەرفەتە بكەنەوە. ناكرێ بزووتنەوەیەكی سیاسی بیەوێت بە نەفەسێكی كراوە و دیموكراسییانە گەشە بكات و كاری خۆی بكا بێئەوەی بنەمایەكی مەعریفی رۆشنبیریی هەبێت. یان بێبەشكردنی بزووتنەوەی سیاسی لەو ژێرخانەیە مەعریفییە رۆشنبیرییە چ ئاكامێكی دەبێ؟ ئەمە ئەركی حزبە كە دەبێ ئەوە دەستەبەر بكا.

گوڵان: چۆن دەستەبەری بكات؟
كاروان ئاكرەیی: دەستەبەركردنەكەی لەوەدایە دەبێ تێڕوانینی حزب بۆ كەسی رۆشنبیر جیابێ لە تێڕوانینی بۆ كادری حزب. تێڕوانینی جیابێ لە تێڕوانینی بۆ راگەیاندكارێك كە لە راگەیاندنی حزبدا ئیش دەكات. كەسی رۆشنبیر دەبێ ئەو دەرفەتەی بۆ بڕەخسێت كە لە دەربڕینی خۆی و لە داهێنانی خۆی شتی جیاوازی خۆی لەگەڵ من بەرهەم بهێنێت، ئەم جیاوازییە نابێ ببێتە هۆكاری دابڕان لەنێوان حزب و رۆشنبیردا، بەڵكو دەبێت بە دیاردەیەكی ئاسایی وەربگیرێت. حزب دەبێ رێگە خۆشبكات و كەناڵبكاتەوە لەنێوان خۆی و رۆشنبیراندا، كاتێكیش رۆشنبیران روو لە حزبەكە دەكەن و لێی نزیك دەبنەوە، دەبێت بواری ئەوەشیان بۆ بڕەخسێنرێت بە حزبەكە بڵێ ئەمەیانت چەوتە. ئەم جۆرە رەخنەیە دەبێ حزب قبووڵی بكات، ئەگەر بیەوێت سوود لە ژێرخانە مەعریفیی و سەقافییەكەی یان داهێنانی ئەو رۆشنبیرە وەربگرێت. دیوەكەی دیكە رۆشنبیرەكە خۆیەتی، ئەگەر رۆشنبیر پێیوایە ئەو كارێك دەكات بەرپرسە لەبەردەم كۆمەڵگەیەك، لەبەردەم میللەتێك، لەبەردەم قۆناغە مێژووییەكە، ئەبێ ئەم رۆشنبیرە حوكمی سیاسی پێشوەختەی بۆ هیچ رەفتار و لایەنێك نەبێت. ئەگەر پێوەرەی رۆشنبیر، پێوەرێكی تێر و دەوڵەمەند بێ و لەوێوە بتوانێت رۆڵی رێنمایی و چاودێر و رەخنەگر بگێڕێ و شەخسییەت و هەیبەتی خۆی بسەپێنێت بەسەر كۆمەڵگە و بەسەر حزبیشدا، خۆی دووربگرێ لە حوكمدانێكی سیاسی پێشوەختە، ئەوا رۆشنبیر دەتوانێت رۆڵە مێژووییەكەی خۆی ئەدا بكات. ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی ژیانكردی بەردەوامە، ناكرێ رۆشنبیر پێشوەختە كەس بە دوژمن دابنێت. هەربۆیە دەكرێت رۆشنبیر دیدێكی سیاسییانەی خۆی هەبێ، ئەو سنوورە دەستكردەی كە هەمیشە گوێمان لێدەبێت كە رۆشنبیرێك ناتوانێ لەناو حزبێك بێ، هەمیشە رۆشنبیر دەبێ لە دەرەوەی حزب بێت، ئەمە شتێكی دەستكردە، شتێكە كە لەوانەیە لەژێر كاریگەری دیدێكی سیاسییەوە دروست بووبێت.

گوڵان: لایەنێكی تر هەیە، مەسەلەی راگەیاندنی حزبە، ئایا بەڕای تۆ میدیای حزبی دەبێ چۆن بێ؟ ئایا حزب چۆن دەبێ مامەڵە لەگەڵ میدیا بكا؟ دەبێت میدیای حزبێكی دیموكراتی چۆن چۆنی بێت؟
كاروان ئاكرەیی: بە بڕوای من، كێشەكە لەوەدا نییە كە حزب خاوەنی میدیا بێت یان نە. لەوڵاتە هەرە پێشكەوتووەكانی دنیاش رەنگە ئەم دیاردەیە هەبێ، بەڵام پرسیار ئەوەیە حزب بۆ چ مەبەستێك میدیای هەبێت؟ چۆن بەكاری دێنێت؟ ئایا حزب دەزانێ كە میدیا بەرپرسیارێتییەكی كۆمەڵایەتی گشتگیریی هەیە؟ مەرج نییە میدیای حزبی رەنگدانەوەی ئەو رستە حزبییە بێ كە لەناو ژیانی حزبەكەدا خۆی هەیە. بۆ نموونە پارتی ئێستا بەرەو كۆنگرە دەڕوا، بەرنامەیەكی هەیە بۆ داهاتوو. میدیای حزبی دەتوانێت، بەرنامەی كۆنگرەی پارتی بخاتە بەردەم موناقەشە و گفتوگۆ و راگۆڕینەوە و رەخنەگرتن و بە هەندێ راو بۆچوون و پێشنیاری زۆر بەكەڵك دەوڵەمەندی بكات كە خودی حزبەكە سوودی لێوەردەگرێ. ئەمە لایەنێك. لایەنی دووەم، دەمینێتەوە ئەو میدیا حزبییە چەند كراوەیە؟ چەند هەست دەكات ئەو ئەركە كۆمەڵایەتییەی كە لەسەر شانێتی بەجێ بگەیەنێ؟ بێگومان، بەر لەهەموو شتێك دانی زانیارییە. رەنگە راددەی كرانەوەی هەر میدیایەك، هەر دامەزراوەیەكی راگەیاندن بەوە قیاس بكرێ كە چەند زانیاری بە خەڵك دەدا. لەبەر ئەوەی پێدانی زانیاری بە خەڵك ئەمڕۆ وەك پێداویستییەكی ژیانە. نەك وەك شتێكی با بڵێین لاوەكییە، ئەگەر واش بێ، دەبێت میدیا ئەم حاڵەتە بگۆڕێ بەوەی كە خەڵك بەئاگا بێنێ و بڵێ «خەڵكینە، ئێوە زانیاریتان پێویستە، رۆژانە دەبێ ئاگاتان لە پێشهاتی تازە بێ و لە رووداو و لە چالاكی و دیاردەكان بێ كە سوودی هەبێت بۆ چۆنیەتی باشتركردنی ژیانی خۆتان». ئەمە خۆی لەخۆیدا ئەركێكی دیموكراسییانەیە. ئەوە یەكێك لە ئەركەكانی میدیایە. بۆیە حزبیبوونی میدیا بە رێگر نازانم لەبەردەم كرانەوەی میدیا، لەبەردەم هەستكردن بە ئەركە كۆمەڵایەتییەكەی. ئێمە ئێستاش لە قۆناغی گەڵاڵەكردنی كەسێتی نیشتمانی خۆمانین، ئەمە ئەركێكە دەبێ میدیای كوردستان رووبەڕووی ئەمە بێتەوە، نەك گەڵاڵەكردنی كەسایەتی حزبیمان، بەڵكو كەسایەتی نیشتمانیمان، گەڵاڵەكردنی كەسایەتی نەتەوەییمان. ئەمە وەك دوو ئەركی گشتگیر و رەنگە پێوەندیی بە ژیانی هەموو خەڵكەوە هەبێت. لەم حاڵەتە میدیای حزبی دەبێتە ئامرازێكی هاوكار و ئامرازێكی كاریگەر بۆ پشتگیریكردنی خودی حزبەكە، لە دەستنیشانكردنی هەڵە و كەموكوڕیی حوكمڕانی.

گوڵان: ئایا دەزگاكانی راگەیاندنی حزب سەربەخۆ بن، چۆن حزب رێنماییان پێبدات، چۆن تەمویلیان بۆ دابین بكرێت؟
كاروان ئاكرەیی: بۆ نموونە دەكرێت هەر میدایایەكی حزبی لە هێڵە گشتییەكاندا تەعبیر لە سیاسەتی ستراتیژی پارتی بكات، بەڵام لە هەڵسوكەوتی رۆژانە و لە چارەسەركردنی كێشە بنەڕەتییەكانی ناوخۆی كوردستان و دەرەوە، دەكرێت بەدیدێكی رۆژنامەنووسانە چارەسەر بكرێت و بەدیدێكی پیشەگەرانە رووماڵی هەواڵ و رووداوەكان بكرێت، نابێت پارتی چاوی لە رستیەكی راستەوخۆی ستایش و پیاهەڵدان و باش ناوهێنانی خۆی بێت، بەڵكو هێزی خۆی لەوەدا ببینێتەوە، كە ئەم میدیایە خزمەتی حزب دەكات بەرێگەی چاودێریكردنی حكومڕانی و بەدیارخستنی هەموو ئەو هەڵەو كەموكوڕیانەی لە حكومڕانیدا دەیبینێت، هەروەها ئەو دیاردە و كەموكورتیانەی كە لەبەردەمی خەڵكدا دێت و دڕوات، ئەركی میدیای حزب لەم حاڵەتەدا دەبێتە خستنەڕووی ئەو دیاردانە و بەدواداچوونانە بێت، ئەمەش خۆی لەخۆیدا خزمەتكردنە بەسیاسەتی حزبەكە، بەمجۆرە لەم سەكۆیەوە رەنگ و رووی حزبەكەی خۆی پیشان دەدات.

گوڵان: دوا پرسیار دەگەڕێمەوە بۆ كۆنگرەی حزب، بێگومان كۆنگرەی حزبە دیموكراتییەكان وەك هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی بچكۆلە وایە، كاندیدەكانی حزب وەك كاندیدەكانی پەرلەمان دەچنە بازنەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، تەنیا جیاوازییەك ئەگەر هەبێت ئەوەیە حزب كاندیدەكانی خۆی لە كۆنگرە لە بێژنگ دەدات و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا پشتگیریان دەكات، ئایا بەڕای تۆ دەبێت هەڵسوكەوتی دیموكراتیانەی كاندیدەكان بۆ ئەم پەرلەمانە بچكۆلەیە چۆن بێت؟
كاروان ئاكرەیی: دیارە كۆنگرەی 13ی پارتی جیاوازە لە كۆنگرەكانی پێشووی، یەكەم خاڵی جیاوازیش ئەوەیە تەواوی خەڵكی كوردستان و ناوەندە جیاجیاكانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش چاویان لە كۆنگرەكەی پارتییە، ئەمە بۆ؟ رەنگە هۆكارێكی زۆر هەبێت، ئەمەش واتە وەكو پرۆسەیەكی حزبی دابڕاو سەیر ناكرێت، بەڵكو وەك قۆناغێك سەیر دەكرێت لەوانەیە شتی چارەنووسسازی بۆ وڵاتەكە بەدواوە بێت، ئەمە لایەنێكی، لایەنێكی دیكەی ئەم كۆنگرەیە ئەو هامشۆ و هاتووچۆی نێوان پاڵێوراوان و كادر و ئەندامانی حزبە وەك تابلۆیەكی كراوە بە نەفەسێكی دیموكراتیانەی خۆی دەنوێنێت، هەروەها هەرچەندە 11 ساڵ تێپەڕبووە بەسەر كۆنگرەی 12، بەڵام رەنگە ئەو تامەزرۆییەی ئێستا دەبینرێت چۆن كادرەكان هامشۆی یەكتری دەكەن و یەكتری بەسەر دەكەنەوە، جاری وا هەیە گفتوگۆیەكی بەربڵاو و قووڵ لەسەر ئەو كۆنگرەیە و بەرنامەی ئەو كۆنگرەیە و داهاتووی پارتی دروست دەبێت، ئەمە خۆی لەخۆیدا بەدیدی من شتێكی جوان و ئومێد بەخشە و زیندوویی پارتی پیشاندەدات، ئێستا هەر خودی خۆی كەوتۆتە ئامادەكردن و جموجۆڵێكی زۆر جوان، ئەم جموجۆڵە و ئەم زیندوویەتیەی كادرانی پارتی ئێستا پیشانی دەدەن لەوانەیە هەر ئەمە ناسنامەیەك بۆ كۆنگرەی 13ی پارتی دروست بكات. بەوەی ئەم كۆنگرە لەچ قۆناغێك و لەچ حاڵەتێكدا هەنگاو هەڵدەگرێت. ئومێدەكەم ئەو جموجۆڵەی ئێستا و ئەو نەفەسە كراوەیەی ئێستای كادرانی پارتی پیشانی دەدەن، لەناو هۆڵی كۆنگرەش رەنگبداتەوەو لەوێش بەم رۆحیەتەو زیاتریشەوە بیر لە چارەنووسی حزبەكەی خۆیان بكەنەوە.
Top