كونسوڵی فەرەنسا بۆ گوڵان: زۆر خۆشحاڵم بەوەی لەلایەن سەرۆك ساركۆزییەوە بەفەرمی سەرۆك بارزانی داوەتی فەرەنسا

كونسوڵی فەرەنسا بۆ گوڵان: زۆر خۆشحاڵم بەوەی لەلایەن سەرۆك ساركۆزییەوە بەفەرمی سەرۆك بارزانی داوەتی فەرەنسا
دكتۆر فردرێك تیسۆ Frederic tissot لەچەند دێڕێكدا لەهەرێمەكانی ئەفغانستان و یوگسلافیای پێشوو سۆماڵ و هایتی كاریكردووە لە 2001 بۆ 2005 ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی ئەفغانستان بووە، لەهایتیش ڕاوێژكاری وەزیری تەندروستی بووە، برنارد كۆشنەر وەزیری كاری دەرەوەی فەرەنسا بڕیاری دا كە نوێنەرایەتی فەرەنسا لەهەرێمی كوردستان بكات و پۆستی كونسوڵی گشتی فەرەنسای پێ سپێردرا، برنارد كۆشنەر لەزۆر پۆستی وەزاری لەفەرەنسا كاریكردووە لەوانە پۆستی وەزیری كاری دەرەوەی فەرەنساو ئێستا وەزیری دەرەوەی فەرەنسایە لە ساڵی 1974ەوە پێوەندی لەگەڵ گەلی كورد هەبووە. لەدیالۆگێكدا كە هەفتەنامەی گوڵان لەگەڵ دكتۆر فردرێك سازیدابوو، كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەزۆر لایەنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی كرد، ناوبراو پێی وابوو: بوونی فەرەنسا بۆ هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، فەرەنسا پێوەنییەكی دێرینی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەو لەم روانگەیەوە فەرەنسا بەنیازە پێوەندییەكانی توندو تۆڵترو فراوانتر بكات.
* وەك گۆڤاری گوڵان خۆشحاڵین كە ئێستا لە كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر دانیشتووین و پێكەوە باس لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا دەكەین، هەروەها دەزانین د.فردرێك تیسۆ كە ئێستا لە هەولێر كونسوڵی گشتی فەرەنسایە و دۆستی كوردەو ساڵانێك لە نزیكەوە ئاگاداری مەینەتییەكانی كورد بووە، بۆیە پرسیاری خۆمان لەو خاڵەوە دەست پێدەكەین و ئایا بەرێز د.فردرێك تیسۆ كاتێك كونسوڵخانەی فەرەنسا لەهەولێر كرایەوە هەستی چۆن بوو، ئایا چ پرسیارێكی لە خۆی كرد؟
- من بەكردنەوەی كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر زۆر دڵخۆش بووم، بەڵام هیچ پرسیارێكم لەخۆم نەكرد، لەبەر ئەوەی ئەو كارەی بەمن سپێردرابوو ئەوەبوو بێمە هەرێمی كوردستان و كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بكەمەوە و بەخەڵكی كوردستان رابگەیەنم كە دەوڵەتی فەرەنسا زۆر بەبایەخەوە سەیری عێراق دەكات و هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا بەشێكی زۆر گرنگە، هەروەها لەم هەرێمە پێوەندیمان لەگەڵ زۆر كەسایەتی گرنگ دروست بكەین كە بەشداربوون لەحكومەتی عێراق، لەگەڵ ئەوانەشی كە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بوون، لەمەش زیاتر ئێمە وەك فەرەنسا پێوەندییەكی دێرینمان لەگەڵ گەلی كورد هەیە، جەنابی بێرنارد كۆشنەر كە ئێستا وەزیری دەرەوەی فەرەنسایە لە ساڵی 1974ەوە پێوەندی لەگەڵ گەلی كورد هەبووە، بۆیە بۆ جەنابی كۆشنەر زۆر ئاسایی بوو كە كونسوڵخانەی گشتی فەرەنسا لە هەولێر بكرێتەوە،وەك خۆشم كە پێشتر كاری من پزیشك بووە، لە نزیكەوە بە كورد ئاشنابووم، لە ساڵی 1991 لەگەڵ جەنابی برنارد كۆشنەر هاتینە سنوورەكانی كوردستان بە چاوی خۆم ئەو كارەسات و مەینەتیانەمان بینیووە كە لە سنوورەكانی حاجی ئۆمەران و سنوورەكانی توركیا بەسەركوردا هاتوون،لەم روانگەیەوە ئێستا كە كونسوڵی گشتی فەرەنسام لەهەولێر زۆر بەبایەخەوە كارەكانم دەكەم دەمەوێت كونسوڵخانەی فەرەنسا لەهەولێر كونسوڵخانەیەكی فراوان بێت، ئێستا بەشێكی ئەم كونسوڵخانەیە بۆ كاروباری سیاسییە، بەشێكی بۆ كاروباری بازرگانیە، بەشێكی بۆ كاروباری كولتورییە،ئەم هەموو كارانەش لە پێناوی ئەوەیە كە بتوانین پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا بەهێز بكەین.
لە دوای كەمتر لە دووساڵ ئیشكردن، ئەوەتا ئێمە ئێستا لەناو كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر دانیشتووین تەنیا چەند مەترێك لە قەڵای هەولێر دوورین، هەر لەتەنیشت ئەم كونسوڵخانەیە سەنتەرێكی رۆشنبیری جوانمان هەیە، لە داهاتوویەكی نزیكدا ماڵی فەرەنسا بۆ كشتوكاڵ و ژینگە لە هەولێر دەكەینەوە، كارێكی زۆرمان ئەنجامداوە كە باسكردنی كاتێكی زۆری دەوێت، بۆیە ئەوەندە دەڵێم بوونی فەرەنسا لەهەرێمی كوردستاندا زۆر گرنگە .
* ئێوە شاهیدی كارەسات و مەینەتیەكانی گەلی كوردستانن، ئایا بەلاتەوە سەیر نییە ئەگەر بڵێم، دوای ئەو هەموو كارەسات و مەینەتیانەی بەسەر كورد هاتن، ئێستا ئێمە لە كونسوڵخانەی فەرەنسا لەهەولێر دانیشتووین لەخەو دەچێت؟
- راستە هەقی خۆتانە بە خەوی بزانن، بەڵام من دڵنیاتان دەكەمەوە ئەمە خەون نییەو راستییە، بێجگە لە فەرەنسا كە كونسوڵخانەی لە هەولێردا هەیە، 16 دەوڵەتی دیكەش كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو نەهامەتیانەی بەسەر كوردا هاتن دووبارە نابنەوە.
* لەوانەیە تێروانینی كورد بۆ فەرەنسا لە تێروانینی گەلانی دیكە بۆ فەرەنسا جیاواز بێت، كورد نزیكەی 100 ساڵە بە ئومێدەوە سەیری فەرەنسا دەكات، مەبەستم ئەوەیە لەدوای شەڕی یەكەمی جیهانییەوە كە لە شاری سیڤەر پەیماننامەی سیڤەر مۆركراو بەپێی ئەو پەیماننامەیە مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ كورد بڕیاردرا، ئەمە وایكردووە زۆركەس منداڵەكانی ناوبنێت سیڤەر، هەروەها لەساڵی 1991 یش ئێمە هەوڵەكانی فەرەنسامان لەبەر چاوە كە بوونە هۆكاری دەرچوونی بریاری 688ی نێو دەوڵەتی، پرسیاری من ئەوەیە ئایا هۆكاری بایەخدانی فەرەنسا بەدۆزی كورد بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بەرای من وا هەست دەكەم كورد میللەتێك بوو لە مێژوودا لەبیركرابوو، كاتی خۆی ئێمە كەوەك پزیشكی فەرەنسی دەهاتینە كوردستان، نەماندەزانی كوردستان بوونی هەیە یان نە،بەڵام خەڵك دەیزانی لوبنان بوونی هەیە، بەڵام كێ دەیزانی كورد هەیە، بۆیە من واهەست دەكەم مێژوو لەگەڵ گەلی كورد بەرەحم نەبووە، ئێمە وەك فەرەنسییەكان ئەو راستییەمان دۆزییەوە كە بەڵێ میللەتێك هەیە كە كوردە و مێژوو غەدری لێكردووە، لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، من دیسان واهەست دەكەم مێژوو لەگەڵ زۆربەی گەلانی جیهان بەرەحم نەبووە، بۆیە بەرپرسیاریەتییەكە بە تەنیا ناكەوێتە سەرمێژوو، بەڵكو بەشێكی گرنگی دەكەوێتە سەر خودی كوردیش، مەبەستم لەمەش ئەوەیە كاتێك مێژوو بێ رەحم بێت بەرامبەر میللەتان، ئەوا میللەتان دەستەوەستان نابن، بەڵكو هەوڵدەدەن خۆیان مێژوو بۆ خۆیان دروست بكەن، ئێوەش نابێت چاوەڕێی ئەوە بكەن كە خەڵك لە دەرەوە مێژوو بۆ ئێوە دروست بكات، بەڵكو دەبێت خۆتان هەوڵبدەن مێژوو بۆ خۆتان دروست بكەن، پشت بەخۆتان ببەستن،متمانە بەتواناو هێزی خۆتان بكەن، بەڵام من لێرەدا كەباسی هێزو توانا دەكەم دەبێت بزانن من باسی هێزو توانای سەربازی ناكەم، بەڵكو باسی هێزی فیكر و كولتووری كورد دەكەم كە دەبێتە ئەو هێزەی دەتوانێت سەرلەنوێ مێژووی كورد بنووسێتەوە، ئێستا من وەك فەرەنسییەك واهەست دەكەم كورد لە عێراقدا پێگەیەكی زۆر گونجاوی هەیە توانیویەتی خۆی بونیاد بنێتەوە و رۆڵی كاریگەریش لە بونیادنانەوەی عێراقیش بگێڕێت.
* یەك دووساڵ لەمەوبەر لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان، لەبەڕێز ئالان مەدلێ پەرلەمانتاری فەرەنسی و سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكار لە مافی كەمینەكان لەپەرلەمانی فەرەنسام پرسی، بۆچی پەرلەمانی فەرەنسا كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكانی بە ژینۆساید ناساند، بەڵام كۆمەڵكوژی ئەنفال و كیمیابارانی كوردی بە ژینۆساید نەناساندووە؟ لەوەڵامدا پێی وتم لەبەر ئەوەی دەنگدەری ئەرمەن لە فەرەنسا زۆرن، پرسیاری ئێستای من لە بەڕێزت ئەوەیە ئایا تاچەند دەتوانین بەوە گەش بین كە رۆژێك دێت پەرلەمانی فەرەنسا كۆمەڵكوژی كوردیش بە ژینۆساید بناسێنێت؟
- بەرای من ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە،من دەزانم ئێستا لەسەر ئاستی كوردستان رێكخراوێكی لۆكاڵ هەیە و لەدەرەوەش رێكخراوێك هەیە كە كار بۆ ئەوە دەكەن ئەنفال لەسەر ئاستی عێراق و جیهان بە ژینۆساید بناسرێت، هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەوڵێكی زۆریداوەو بەردەوامیشە بۆ ئەوەی ئەو تاوانە بە ژینۆساید بناسرێت.بەڵام ئەم پرسە كاری زیاتری دەوێت.
من پێش چەند رۆژێك لە مەراسیمی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوەكان لە چەمچەماڵ ئامادەبووم، بەرێز نێچیرڤان بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی وتارێكی زۆر گرنگی پێشكەش كرد، هەروەها بەریز د.بەرهەم ساڵحیش سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران وتارێكی گرنگی پێشكەش كرد،چەندین دبلۆماتی بیانیش لەو رێورەسمە ئامادەبوون، مەبەستم لەمانە ئەوەیە كە هەوڵەكان بەردەوامن، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە دوای 70 ساڵ كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بە ژینۆساید ناسراوە، بۆیە ئەمە پرۆسەیەكی دوورو درێژە و هەم هەوڵێكی زۆری دەوێت هەمیش كاتێكی زۆری دەوێت،من وەك خۆم كە پزیشكێك بووم زۆرباش لە ئازار و نەهەماتییەكانی ئەو خەڵكە تێدەگەم، بەڵام دەبێت كورد هەوڵەكانی بۆداهاتوو بێت و دەبێت هەوڵبدات لە ناو ئەو كارەساتانەوە داهاتوو بونیاد بوونێت، هەر لە مەراسیمەكەی چەمچەماڵ دا، كچێكی تەمەن 6ساڵ وتەیەكی خوێندەوە كە زۆر بەسۆز بوو هەموومانی هەژاند، پرۆفیسۆرێكی ئەمریكی لەوێ بوو دوای خوێندنەوەی ئەو وتە بەسۆزە كچەكەی لە ئامێزگرت و ماچی كرد، بۆیە من دەڵێم دەبێت كورد بەوزەی نەوەی داهاتوو داهاتوو بونیاد بنێت، لێرەدا من بە گرنگی دەزانم كورد كار بۆ دوو مەسەلەی گرنگ بكات :
1- دەبێت هەوڵەكانی خۆتان زیاتر بكەن بۆ ئەوەی ئەو تاوانە بە ژینۆساید بناسرێن لەسەر ئاستی عێراق و جیهان.
2- دەبێت داهاتوو بونیادبنین و هەوڵبدەن جارێكی دیكە كارەساتی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
* سەبارەت بە بونیادنانەوەی داهاتوو، دەخوازم ئاماژە بە بونیادنانەوەی پاریس بكەم دوای شەڕی دووەمی جیهانی، ئەم پاریسە جوانەی ئێستای فەرەنسا، لەسەر ئاسەواری پاریسە كاولەكەی دوای جەنگی دووەمی جیهانی بونیاد نراوەتەوە، ئەگەر ئەو پرسیارە لەبەڕێزت بكەم، ئایا ئەو ئیرادەو توانایە لە كوردا دەبینین، كە بتوانێت لەسەر ئاسەواری كاولكاری وڵاتێكی جوان بونیادبنێتەوە؟
- نەك هەر ئەو توانا و ئیرادەیە دەبینم، ئێستا كورد لەناو بونیادنانەوەیەكی تەواودایە، فەرموو با سەیری هەولێر بكەین لەهەموو جێگایەك بونیادنانەوە بەردەوامە، بونیادنانەوەكەش لەهەموو ئاستەكاندایە، لەسەر ئاستی بونیادنانەوەی سیاسی دەبینن ئەوە پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دەبینن، لە عێراقدا دەستوورێك هەیە بەپێی ئەو دەستوورە كوردستان هەرێمێكی فیدرالییە،بونیادنانەوەی ژێرخانی رێگاوبانەكانی كوردستان و دروستكردنی بینایە هەیە، لەم هەرێمە بونیادیی میدیایەكی گەورە هەیە كە لەسەر ئاستی بینرارو بیسترا و نووسراو هەستی پێدەكرێت، بونیادی ژێرخانێكی كولتووری و رۆشنبیری هەیە،پێش ماوەیەك دەزگای بەدرخان ئینسكلۆپیدیای هەولێری چاپكرد، ئەمانە هەمووی هەستی پێدەكرێت و هەن، بێگومان هەنگاوی گەورەتریش هەڵدەگیرێت، بەڵام ئەو هەنگاوە گەورانەی داهاتوو لە هەرێمی كوردستاندا كورد بڕیاری لەسەر دەدات و لە عێراقدا عێراقییەكان.
* لێرەدا من دەمەوێت پرسیارێكی تایبەتی لەبەڕێزت بكەم، ئێمە هەست دەكەین بەڕێزت زۆر بە پەرۆشانە كار لەسەر شوێنەوار و مێژوو و كولتووری كوردستان دەكەیت، ئایا ئەو هۆكارانە چین كە وایكردووە بەڕێزت گرنگی بەم بوارە بدەیت؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، هیچ كاتێك رابردووی خۆتان لەبیر نەكەن. بۆیە گرنگە رابردووی خۆت بزانیت،بۆ ئەوەی بتوانیت باشتر داهاتووی خۆت بونیاد بنێیتەوە، پرسیاری من لێرەدا ئەوەیە ئایا بۆچی ئێوە هەوڵدەدەن ئەنفال و كۆمەڵكوژییەكانتان بە ژینۆساید بناسرێت؟ بێگومان بۆ ئەوەی بواری زیاترتان پێبدەن ئایندەی خۆتان باشتر بونیاد بنێنەوە،كە رابردووی خۆتان رێز لێگرت دەزانن ئێوە لە كوێوە هاتوون و بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرن، بۆیە ئەو شوێنەوارە دێرینانەی لە كوردستان هەن، وەك قەڵای هەولێر، ئەو هەموو مزگەوت و كڵێسا كۆنانەی لەكوردستان هەن، هەروەها شوێنەواری هەموو ئەو شارستانیانەی ئێستا لە ژێر زەویدان و دەبێت كنە و پشكنینی لەسەر بكرێت ئەوە هەمووی مێژووی ئێوەیە و پەیوەستە بەئێوەوە، ئەمە سەبارەت بە گرنگی و بایەخدان بە مێژوو و شوێنەوار و كولتوور، سەبارەت بە بایەخدانی من بەم بوارە بێگومان ئەوە بایەخدانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەو بوارە و داوای لەئێمە كردووە هاوكاری بكەین، بۆیە ئێمەش هاوكاری حكومەتی كوردستان دەكەین، ئێستا كۆمەڵێك شوێنەوارناسی بەناوبانگی فەرەنسی هاتوونە كوردستان بۆ ئەوەی بە هاوكاری حكومەت و زانكۆكانی كوردستان كنەو پشكنین بۆ شوێنەوارەكان بكەن و ئەو مێژووە دووبارە بنووسینەوە، لێرەوە ئەگەر ئاماژە بۆ شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستان بكەین، من دەزانم تێكدانی شوێنەوارێك و دروستكردنی باڵاخانەی بەرز لە شوێنی ئەو شوێنەوارە بە هاوشێوەی دوبەی ئەمە كارێكی ئاسانە، بەڵام ئەمە باش نییە و دەبێت ئەو شوێنەوارانە بپارێزرێن، ئێستا كۆمەڵێك خانووی زۆر جوان و بازاڕێكی دێرین لە دەوری قەڵا هەیە، ئایا دەكرێت ئەمانە تێكبدرێن و لەشوێنی ئەوان باڵاخانەی بەرز دروست بكەین،لە كاتێكدا ئەو باڵاخانە بەرزانە هیچ رۆحێكی كوردانە یان كوردستانیانە پیشان نادەن، ئەگەر وێنەی ئەو باڵاخانانە بگرین ئایا كێ دەزانێت ئەو باڵاخانانە كوردستانن؟كێ دەزانێت ئەو باڵاخانانە هەولێرن، لەوانەیە هەندێك بڵێن ئەوە ئەمریكایە یان توركیایە، بۆیە پاراستنی شوێنەوارەكان و نۆژەنكردنەوەیان گیانی رەسەنایەتی میللەتی ئێوە دەپارێزێت،من بۆ ئەم مەبەستە زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێر دەكەم كە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەر بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارانە، لەگەڵ ئەوەی من دڵنیام جەنابی پارێزگاری هەولێر لەژێر گوشارێكی زۆردایە و خەڵكانێك هەن پارەدارن و دەیانەوێت ئەو شوێنانە تێكبدەن و باڵاخانەی بەرزی لێ دروست بكەن، بەڵام جەنابی پارێزگاری هەولێر رێگەی لێگرتون.
* بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە هەمانە، ئێستا لە كوردستان زیاتر لە 3000 شوێنەوارمان هەیە كە هیچیان كاری كنە و پشكنینی لەسەر نەكراوە، هەروەها سروشتی جوانی كوردستانیش بۆ گەشتیاری لەبارە، پرسیاری من ئەوەیە وڵاتی ئێوە فەرەنسا گەورەترین وڵاتە لە رووی گەشتیارییەوە، ئایا چۆن دەتوانن هاوكاریمان بكەن، بۆ ئەوەی شوێنەوارەكانیشمان ببنە بەشێك لە گەشتیاری و خەڵك لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی كوردستان بكەن؟
- راستە فەرەنسا ئەو وڵاتەیە كە ساڵانە پێشوازی لە زۆرترین گەشتیار لەسەرانسەری جیهان دەكات، هەموو ساڵێك زیاتر لە 80 ملیۆن گەشتیار سەردانی پاریس دەكەن، ئەم رێژەیە لە ئەمریكا و توركیا و ئیسپانیاش زیاترە، سەبارەت بە هەوڵەكانی فەرەنساش بۆ هاوكاری هەرێمی كوردستان لەم بوارە ئێمە ئێستا بەنیازین سەنتەرێكی شوێنەوار ناسی و زانستی مرۆیی لە ناوجەرگەی قەڵای هەولێر بكەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە دۆزینەوەی ئەو 3000 شوێنەوارەی تۆ ئاماژەت پێكردن هاوكاریتان بكەین، بێگومان ئەم كارە بەهاوكاری لەگەڵ شوێنەوار ناسەكانی كوردستان دەكەین، ئەمەش پێویستی زیاتر بەهەوڵی خۆتان هەیە، ئەگەر خۆتان بتانەوێت شەو شوێنەوارانە نەفەوتێن و مێژووی خۆتان بدۆزنەوە، ئەوا هاریكاری دەكرێن، بەڵام ئەگەر خۆتان نەتانەوێت ئەوا شوێنەوارەكان دەفەوتێن وكەس ناتوانێت هاوكاریتان بكات.سەبارەت بە هاوكاری فەرەنساش بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لەكوردستان، فەرەنسا لەرێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دەیەوێت كار لەسەر بواری پەرەپێدانی گەشتیاری لەكوردستان بكات، بە ئومێدین لەو سەردانەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ فەرەنسا دەیكات، رێككەوتنێك بۆ بواری شوێنەوارەكان و پەرەپێدانی گەشتیاری لەكوردستان لەگەڵ فەرەنسییەكان ئیمزابكرێت.
* ئەی رای خۆت سەبارەت بە ئێستای گەشتیاریی لەكوردستان چۆنە؟
- بەراستی ئەم پرسیارەم زۆر پێخۆش بوو، من دەمویست لە ئێوە بپرسم، بۆچی لەجەژنی نەورۆزدا كە دەچن بۆ سەیران كوردستان دەكەن بە زبڵخانە؟من دەزانم ئێوە خاوەنی ئەو هەرێمە جوانەن بەڵام لە رۆژانی سەیران زۆر بێباكانە ئەو وڵاتە پیس دەكەن و بە ئارەزووی خۆتان زبڵ و خاشاك كۆ دەكەنەوە، من لێتان دەپرسم بۆ بایەخ بە پاكوخاوێنی وڵاتی خۆتان نادەن؟ هەروەها حەزدەكەم ئەوەشتان پێبڵێم ئەوە پێوەندی بەحكومەتەوە نییە، حكومەت ناتوانێت ئەو هەموو زبڵ و خاشاكە بڵاو بكاتەوە، ئایا ئەوە راستە خەڵك ئەم هەموو بوتڵی ئاوانە لە ئوتومبێلەكانەوە فڕێدەدەن.
* هەر بۆ زانیاری بەڕێزتان، جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زۆر بەو دیاردەی پیسكردنی سەیرانگاكان توڕە دەبێت و بەردەوام رێنمایی ئەوە دەدات سەیرانگاكان پاك رابگیرێن
- جەنابی سەرۆك بارزانی هەقی خۆیەتی توڕە بێت، لەبەر ئەوەی بەراستی دیاردەیەكی ناشرینە، دەبێت هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی تاك لەهەموو ئاستەكان، لە میدیا لە قوتابخانەكان و مزگەوتەكان دەست پێبكەن، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە نەمێنێت.
* ئێمە دەزانین ساڵی پار حاكمی شاری پاریس بڕیاریدا بەغدای پایتەختی عێراق بكرێتە شاری دەستەخوشكی پاریس، ئێمە لێرەدا دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین ئایا چۆن دەكرێت هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش بكەینە دەستە خوشكی شارێكی دیكەی فەرەنسا؟ ئایا ئەمە دەكرێت؟
- بەڵی دەكرێت، بەڵام دەبێت هەوڵی بۆ بدەن و خۆتان داوا بكەن، دەكرێت شاندێكی هەولێر یان سلێمانی یان دهۆك سەردانی یەكێك لە شارەكانی فەرەنسا بكەن و داوابكەن هەولێر یان سلێمانی یان دهۆك بكرێتە دەستە خوشكی یەكێك لەشارەكانی فەرەنسا، پێش ماوەیەك شاندێكی شاری سلێمانی سەردانی شاری بۆردۆی فەرەنسایان كرد زۆر بەگەرمی پێشوازییان لێكرا، بۆیە ئەگەر بتانەوێت هەولێر بكەنە دەستەخوشكی یەكێك لە شارەكانی فەرەنسا دەبێت هەوڵی بۆ بدەن.
* وێڕای ئەم هەموو ئامادەباشیەی فەرەنسا كە بەڕێزت پیشانی دەدەیت،بەڵام ئێمە هەست دەكەین كۆمپانیا و بزنسمانەكانی فەرەنسا بونیان لەكوردستان كەمە بە تایبەتی لەبواری گەشتیاری، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- هۆكارەكەی ئەوەیە سیاسیەتێكی گەشتیاری پێناسەكراو لە كوردستاندا نییە، ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی ئەوەمان كرد كە پێویستە ماستەر پلانێكی گەشتیاری بۆ كوردستان دابڕێژرێت،وەك دەزانن گەشتیاری تەنیا مانای ئەوەنییە لێرە هۆتیلێك و لە شوێنێكی دیكە هۆتیلێكی دیكە دروست بكرێت، كاتێك پلان بۆ گەشتیاری دادەنرێت دەبێت هەموو لایەن و تایبەتمەندییەكانی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت، ئێستا ئێمە ئەگەر سەیری كوردستان بكەین دەبینن شاخمان هەیە دەشتمان هەیە، رووبارمان هەیە، شوێنەوارێكی زۆر هەیە، چوار وەزری ساڵمان هەیە، ئەوا دەبێت كاتیك پلان بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری دادەرێژین دەبێت ئەم لایەنانە هەمووی لە خۆی بگرێت، هەروەها دەبێت ئەو ناوچانە لەسەر ماستەر پلانەكە دیاری بكەین كە دەمانەوێت بیكەینە شوێنی گەشتیاری،من پێش هەفتەیەك سەردانی هاوینەواری بێخاڵ و رەواندزم كرد، بەراستی بێتاقەت بووم، كە هەندێك شتم بینی دروستكراون و سیمای كوردستانی شاردۆتەوە، كۆمەڵێك خانووم بینی بە رەنگی هەمەجۆر دروستكرابوون،كە نازانین ئەو شوێنە كوردستانە یان نە، بۆیە نابێت پەرەپێدانی گەشتیاری بەشیوەیەكی هەرەمەكی بێت، دەبێت پلان هەبێت بۆ ئەم بوارە گرنگە.
* ئایا دەكرێت ئەمە پاساو بێت بۆ كەمی كۆمپانیاكانی فەرەنسا لەهەولێر،ئایا دەتوانیت چەند كارێكی فەرەنسامان بۆ بكەیت لەهەرێمی كوردستان؟
- سەبارەت بە كەمی كۆمپانیا و بزنسمانەكانمان لەهەولێر، بەراستی نازانین چۆن تەندەرەكان وەردەگیرێن.
* ئایا كۆمپانیاكانتان لەهەولێر نووسینگەیان كردۆتەوە؟
- ئێستا واخەریكە دەست پێدەكەین، بەڵام سەبارەت بەهەندێك كاری دیكە كە بارزگانی نین، دەتوانم ئاماژە بەهەندێكیان بكەم، لەوانە ئێستا 137 مامۆستای زانكۆكانی كوردستان لە زانكۆكانی فەرەنسا سەرقاڵی خوێندنی باڵان، 43 قوتابی بروانامەی ماستەر یان لە بواری بزنس لە زانكۆكانی فەرەنسا وەرگرتووە، هەروەها زانكۆی فەرەنسی لوبنانی لە هەولێر هەیە و پێوەندی بە زانكۆكانی فەرەنساوە هەیە، لە بواری بازرگانیش كۆمپانیای لامپا خەریكی دروستكردنی كارگەیەكی چیمەنتۆیە كە %50ی یەدەگی چیمەنتۆی عێراق دابین دەكات، لەداهاتوویەكی نزیكدا كۆمپانیای كارفور دێتە كوردستان كە یەكێكە لە كۆمپانیا گەورەكانی فەرەنسا گەورەترین لقی سۆپەرماركێتی خۆی لە هەولێر دەكاتەوە.
* ئێمە پرسیارەكانمان تەواو بوون، لە دوماهیدا دەمانەوێت پێت بڵێین ئەوەیە، ئەگەر بەڕێزت شتێكت مابێت و ئێمە پرسیارمان لێنەكردبیت، دەتوانی بە خوێنەرانی ئێمەی رابگەیەنیت؟
- زۆر خۆشحاڵم كە لە كوردستانم، هەروەها زۆر خۆشحاڵم كە بەرێز ساركۆزی سەرۆك كۆماری فەرەنسا بە فەرمی داوەتی سەرۆك بارزانی كردووە سەردانی فەرەنسا بكات، زۆریش خۆشحاڵم كە سەرۆك بارزانی داوەتەكەی سەرۆك ساركۆزی بۆ سەردانی فەرەنسای قبوڵكردووە.
Top