بەبێ سیاسەتی ئابووری پەرەپێدان لەم هەرێمەدا روونادات!

بەبێ سیاسەتی ئابووری پەرەپێدان لەم هەرێمەدا روونادات!
بەرپرسانی حكومەت لەكابینەی شەشەمدا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی مێژووییدان، ئەو خەڵكانەی لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی كوردستان دەنگیان بەهەردوو پارتی سەرەكی ناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان دابوو، بەم كارەیان شەرعیەتیان بەحكومەتی هەرێم دا، دوای سێ ساڵی تریش دووبارە خۆیان لەبەردەم سندوقەكانی دەنگدان دەبیننەوەو بەپێی دەستكەوت و كاروچالاكی نوێنەرانی هەردوو پارتی سەرەكی(پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان)لەحكومەتی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوە بە دەنگەكانیان دەكەنەوە یا بەردەوامی بەمتمانەكانیان دەدەنەوە، بگرە ئەو تاكانەی دەنگیشیان بەنوێنەرانی ئەو دوو پارتە نەدابوو، رەنگە ئەمجارە دووبارە ئەوانیش متمانە بەو كەسانە ببەخشن كە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی كارایان هەبووە، هەروەكو چۆن بەشێكی سەرەكی لەو دەنگانەی لە دوایەمین هەڵبژاردن بەدەستهات بۆ ئەو كارە باشانەی كابینەی پێشوو گەڕایەوە كە لەهەندێك بواردا خزمەتگوزاری و دەستكەوتی بۆ گەلەكەمان هێنابوو، مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوەو دەستكەوت و ئاستی پێشكەوتنی ئابووری و باشبوونی باری گوزەرانی خەڵكی پرسە ئابوورییەكان و ئاستی پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزارییەكان چارەنووسی ئایندەی پارتە سیاسییەكان دیاری دەكات.
هیچ دروشم و فریودانێك لەبەردەم گەشەكردنی ئاستی داهاتی تاكەكەسی و پێشكەوتنی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی گرفت و كێشە سەرەكییەكانی بواری بژێوی ژیان و تەندروستی جێگەی نابێتەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش پێویستمان بەپلانێكی ئابووری دەبێت كە بەبێ داڕشتنەوەی سیاسەتێكی ئابووری مومكین نییە ئەم هەموو دەستكەوت و ئومێدانە جێبەجێ بكرێن كە لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە لەلایەن لیستە براوەكانەوە بەڵێنی پێدرا.
خەڵكی لەكابینەی پێشوو زیاتر لەخەمی چارەسەركردنی كێشەكانی كارەبا و ئاوی خواردنەوەو خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی تردا بوون، ئەمڕۆ خەمی ئازادی و دادپەروەری و شەفافییەت و دژایەتیكردنی گەندەڵی و بەرزبوونەوەی داهاتی تاكەكەسی و بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كورد بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوورو گەڕانەوە یا چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان لەپێشەوەی ئومێدو خواستەكانەوە دێت، حكومەتی بەهێز و حوكمڕانی باش چاوەڕوانی دەستخۆشی ناكات بەقەد ئەوەی لەخەمی ئەنجامدانی پڕۆژەی نوێ و چۆنیەتی باشتركردنی بەڕێوەبردنی وڵاتدایە. لەم بابەتەدا زیاتر باس لەگرنگی و پێداویستی سیاسەتی ئابووری دەكەین كە چەند بۆ پەرەپێدانی ئابووری پێویستە.
بەبێ سیاسەتی ئابووری
فەلسەفەی ئابووری تەنیا لەرووی تیۆرییەوە دەمێنێتەوەو كاری پێناكرێت
سیاسەتی ئابووری و ئەو رێنمایی و یاسایانەی كە دەردەچێت بۆ رێكخستنی كاری ئابووری و ئاراستەكردنی كەرتەكانی جێی بایەخ و گرنگیدانە، دەتوانین بڵێین بێ سیاسەتی ئابووری فەلسەفەی ئابووریش هیچ مانایەكی پراكتیكی نامێنێ، سەرەتا بابزانین سیاسەتی ئابووری چییە؟ دكتۆر نەرمین مەعروف شارەزا لەبواری پەرەپێدانی ئابووری و مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی پێیوایە: سیاسەتی ئابووری بەگشتی سەرجەم ئەو رێنمایی و ئیجرائاتانە دەگرێتەوە كە دەسەڵاتی پێوەندیدار دەریدەكات بۆ ئاراستەكردنی ئەو چالاكییە ئابوورییەی كە مەبەستێتی، بۆنموونە لە سیاسەتی بازرگانیدا گەر مەبەستی كەمكردنەوەی كێبركێی بەرهەمی بیانی بێت لەگەڵ بەرهەمی خۆماڵی، ئەوكات بەئاراستەیەكدا كەرتی بازرگانی دەبرێت كە سەرجەم بڕیارەكان و ئاراستەكردنی باج و تاریفە گومرگییەكان بەشێوەیەك دادەڕێژرێت كە باجی گومرگی لەسەر بەرهەمی بیانی زیاد بكات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو كەرەستە بیانییەكان بەرامبەر بەهاو نرخی بەرهەمی خۆماڵی و دواتر بەپشتگیریكردنی بەرهەمی ناوخۆیی تەواو دەبێت، هەندێك سیاسەتی ئابووری هەیە پێویستی بە رێنمایی هەیەو هەندێكی تریش پێویستی بە یاسا هەیە، بەمشێوەیە هەریەك لە سیاسەتە ئابوورییەكان كۆمەڵێك رێوشوێنی جیاواز لەخۆدەگرێت و دەڕشێتە ناو خزمەتی پەرەپێدانی ئابوورییەوە.
پێوەندییەكی راستەوخۆ لەنێوان سیاسەتی ئابووری و فەلسەفەی ئابووری هەیە، دەتوانین بڵێین سیاسەتە ئابوورییەكان بەشە پراكتیكییەكەی فەلسەفە ئابووریەكەیە، واتە ئەو فەلسەفە ئابوورییەی كە دەسەڵات لە وڵاتێكدا باوەڕی پێیەتی پراكتیزە دەكرێت لەرێگەی ئەو پلان و سیاسەتە ئابوورییانەوە كە دادەڕێژرێت و دواتر كاری پێدەكات، بۆ نموونە كاتێك باس لەفەلسەفەی ئابووری بازاڕ دەكەین، ئەمە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر سەرجەم سیاسەتە دارایی و بازرگانییەكان، بەواتایەكی تر كاتێك باس لە فەلسەفەی ئابووری بازاڕ دەكەین، ناكرێت سیاسەتی ئابووری بازرگانی لەگەڵ سیاسەتی ئابووری مەركەزیدا بەڕێوەببرێت بەهەمان شێوە دەبێت لەسیاسەتی ئابووری بازاڕ و فەلسەفەی ئابووری لیبراڵی ئەمە رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سیاسەتی دارایی حكومەت و رەنگدانەوەی هەبێت لەسەر سیاسەتە داراییەكانی تریشی، واتە ئەگەر سیاسەتە ئابوورییەكان نەبێت، ئەو كات فەلسەفە ئابوورییەكان لەرووی تیۆرییەوە دەمێنێتەوەو ناچێتە بواری پراكتیكییەوە.
سیاسەتی ئابووری پێویستی بەدامەزراوەیی ئابووری هەیە، تاوەكو لەرووی پراكتیكییەوە بەباشترین شێوەو كورتترین رێگە ئەو سیاسەتە ئابوورییە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەهەرێمی كوردستان توانای داڕشتنەوەی هەندێك سیاسەتی ئابووریمان هەیەو هەندێك سیاسەتی ئابووریش ناكرێت دابڕێژرێت بێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا، بۆنموونە سیاسەتی نەختینەیی تایبەتمەندە بە سیاسەتەكانی نەختینەیی لە بانكی ناوەندی بەغدا.
ئابووری ئاراستەكراو رێگرە لەبەردەم پەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووری و ئەنجامدانی چاكسازی
لاوازی كەرتی تایبەت نەیتوانیوە كەموكورتی و گرفتەكانی ئابووری لەهەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەركردن ببات، كاتێكیش سیاسەتی ئابووری هەرێمەكە بەرەو فەلسەفەی سەرمایەداری و ئابووری بازاڕ بچێت، ئالێرەدا پێویستیمان بەرێكخستنەوەیەكی ئابووری دەبێت، چونكە ئەو سیاسەتە ئابوورییەی ئەمڕۆ لەگۆڕەپانی ئابووری دەبینرێت تێكەڵەیەك لە ئابووری كەرتی حكومی (گشتی) و تایبەتی تێدایە، ئەمەش بەزیانی هەردوو لا دەگەڕێتەوە.
دكتۆر نەجات ئەحمەد مامۆستا لەقوتابخانەی ئوسترالیا لەزانكۆی ئەبەڵایت پێیوابوو: لاوازی كەرتی تایبەت لەهەرێمی كوردستان بۆ دەسەڵاتی حكومەتی عێراق و مۆنۆپۆڵكردنی ئابووری و كارەكان دەگەڕێتەوە لەلایەن خوودی حكومەتەوە، ئەم واقیعە بووەتە عەقڵییەتێك و وەكو كولتوورێكی لێهاتووەو ژمارەیەكی بەرچاو لەكۆمپانیاكان و بەرپرسانی پێوەنداری ئابووری و تەنانەت شارەزایانی ئەم بوارە تاكو ئێستا حەزیان لەئابووری ئاراستەكراوی ناوەندە، ئەمەش رێگرە لەبەردەم ئەنجامدامی چاكسازی و نوێبوونەوەی ئابووری. ئەم شارەزایە پێیوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەنگاوی ناوە بۆ پیادەكردنی ئابووری بازاڕ و فراوانكردنی كەرتی تایبەت، بەڵام ئاستەنگ و بەربەستیش زۆرە، واتە عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی ئابووری ناوەندییان هەیەو تاكو ئێستا لەبواری سەرمایەی مەعریفی و گۆڕانكارییەكانی سەردەم شارەزا نین.
سەبارەت بەئەزموونی ئوسترالیا لەبەڕێوەبردنی ئابووری و رۆڵی بیزنسكارانی نیشتمانپەروەر لەو وڵاتە، دكتۆر نەجات وتی:(كەرتی تایبەتی ئوسترالیا دانەبڕاوە لەخەڵك، واتە هەموو كۆمپانیا ئوسترالییەكان هەستێكی نیشتمانی ئوسترالییان هەیە، حەزدەكەن خزمەتی وڵاتەكە بكەن، بەرژەوەندی خۆیان لەپێشكەوتن و خزمەتكردنی نیشتمانەكەیانەوە سەرچاوەی گرتووە، حكومەتیش یارمەتی و پاڵپشتی ئەو كۆمپانیانە دەدات كە رۆڵیان لەپەرەپێدانی ئوسترالیا هەیە، ئوسترالیا خاوەنی ئابووری بازاڕ و ئازادی كاركردنی هەموو كۆمپانیایەكی جیهانە، بەڵام حكومەت هاوكاری كۆمپانیا ئوسترالییەكان دەكات كە پرۆسەی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانیان پێشكەوێت، هاوكات حكومەتیش بە رێگەی راگەیاندن و دەزگا حكومییەكان سەرنجی شەقام و رای گشتی بۆ كۆمپانیا نێوخۆییەكان رادەكێشێت و هانی كڕینی كاڵاو كەلوپەلە نێوخۆییەكان دەدات..)، بۆیە كەرتی تایبەت بووە ئاستێك، خەڵك خاوەنی كەرتی تایبەتەو حكومەت تەنیا چاودێر و یارمەتیدەرەو پێشكەشكاری خزمەتگوزارییە.
ئامانج لەپەیڕەوكردنی سیاسەتی ئابووری بەرزكردنەوەی ئاستی پەرەپێدانی ئابوورییە، ئەمەش بێ پلانێكی ئابووری جێبەجێ ناكرێت، لەلایەكی ترەوە خراپ بەڕێوەچوونی كار و پڕۆژەكان كە بۆ پەرەپێدانی ئابووری گرنگی تایبەتی هەیە گرفتێكی تری بەردەم پرۆسەی پراكتیزەكردنی فەلسەفەی ئابووری و پیادەكردنی سیاسەتێكی زانستی و راست و دروستە بۆ گەیشتن بە ئابووری بازاڕ، لەم رووەوە فەیسەڵ عەلی رۆژنامەنووس و ئابووریناس پێیوایە: بۆ بەرزبوونەوەو پەرەپێدانی بواری ئابووری، دەوڵەت پێویستی بەدوو شتی زۆر گرنگ هەیە كە ئەوانیش داتاو زانیارییە كە لایەنی گرنگی بواری پەرەپێدانی ئابوورییە، بۆئەوەی هەموو خاڵە لاوازەكانی كە بوونەتە هۆی دواخستنی بواری ئابووری بدۆزرێتەوە، چونكە تا ئەوداتاو زانیاریانە بەدەست نەهێنی، ناتوانیت هیچ پلانێكی داڕێژراو دروست بكەین، دواتر دەتوانرێت پلانێكی سیاسیی ئابوورییانە دابڕێژرێت بۆ ئەوەی ئەو كێشەو تەنگژانەی بوونەتە هۆی بەربەستی پەرەپێدانی ئابووری چارەسەرو پۆزەتیڤی بكات. بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا تا ئێستا ئەو پرۆسەیە ونە و نەتوانراوە نە ئەوداتایە دروست بكرێت و نە هیچ پلانێكی واش دروست بكرێت.
هۆكاری سیاسیی یەكێكە لەو كێشانەی بەردەم پەرەپێدانی ئابووری لە هەر وڵاتێكدا، چونكە دەوڵەت چەندە پێویستی بە جێگیری سیاسیی هەیە بۆ بەڕێوەچوونی سیستەمێكی دیموكراسیی، ئاواش بواری پەرەپێدانی ئابووری پێویستی بەو جێگیرییە سیاسییە هەیە، چونكە حكومەت زیاتر دەپەرژێتە سەر پەرەپێدانی بواری ئابووری، هەروەها پێویستی بە ئیرادەیەكی پۆڵاین هەیە بۆ دەستپێكردنی هەنگاوەكانی پەرەپێدانی ئابووری، ناكرێت بەبێ ئەم ئیرادەی پۆڵاینەوە بانگەشەی بەڕێوەبردنی بواری ئابووری بكەین و بتەوێت ریفۆرمی ئابووری بكەی بەبێ ئەم ئیرادە دیموكراسییە سیاسییە. بناغەی چاكسازی ئابووری پێویستیی بەم هەلومەرجە جێگیرییە سیاسییەیە، لایەنێكی گرنگتر ئەوەیە خۆ ئامادەكارییەكی باشی كردبێت بۆئەوەی رووبەڕووی ئەو كێشەو گرفتانە بێتەوە كە دێتە پێش. لایەنێكی گرنگتر ئەوەیە شەفافییەت هەبێت، چونكە بەبێ شەفافییەت خەڵك پشتگیری پرۆسەكە ناكات و ناتوانێت لەپاڵتدا بێتە پێشەوە.
Top