سەرژمێری لەناوچە جێناكۆكەكان، نەخشەی ڕێگایە بۆ دەرخستنی راستییەكان..

سەرژمێری لەناوچە جێناكۆكەكان، نەخشەی ڕێگایە بۆ دەرخستنی راستییەكان..
سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم و سەرۆكی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتی:
دواخستنی سەرژمێری 2009 مەبەست و مەرامی سیاسی عێراقی لەپشتەوەبووە
دوای 24ی ئۆكتۆبەر چی روودەدات؟
سەرژمێرییەك هەموو ناوچەو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بێ جیاوازی لەخۆنەگرێت و، بەشێوەیەكی زانستی بەڕێوەنەچێت پێی ناوترێت سەرژمێری، كەواتە سەرژمێرییەك كە تاكو ئێستا پتر لە 4 جار بەبیانووی بارودۆخی ئەمنی دواخراوە، كە لەراستیدا بەمەبەست و مەرامی تائیفی و ئیتنی دواخراوە تاوەكو سەرژمێرییەكە بەبەرژەوەندیی پارتە دەسەڵاتدارەكانی شیعەو سونە بەڕێوە بچێت، دەبێت چی لێ چاوەڕوان بكرێت؟ سیروان محەمەد سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم و سەرۆكی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتی لەم راپۆرتەدا دەڵێت:(دواخستنی سەرژمێری 2009 مەبەست و مەرامی سیاسی عێراقی لەپشتەوە بووە. تەنانەت ئەمساڵیش كەسێكی وەكو ئەسیل نوجێفی هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەو مامۆستایانە وەكو بژمێر بەشداری پرۆسەی سەرژمێری دەكەن و سەر بە پەروەردەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانن نابێت لەو پرۆسەیە بەشدار بن..)، سەرۆكی ژووری عەمەلیاتی سەرژمێری گشتی هۆشداری ئەوەش دەدات:( لەبەرواری 24ی ئۆكتۆبەر سەرژمێری ئەنجام دەدرێت و دوای 72 كاتژمێر ژمارەی دانیشتووان لەسەرانسەری عێراق و كوردستان رادەگەیەنرێت، بەڵام شەڕ دژی فێڵ و ساختەكاری دوای سەرژمێرییەكە لەبەغدا دەست پێ دەكات، بەوەی ڕێگا نەدەین غەدر لەكوردستان بكرێت و ساختەكاری لەژمارەو داتاو زانیارییەكان بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی بەكاربهێنرێت و راستییەكان دەسكاری بكرێن و كۆنترۆڵێكی زانستی و راست و دروستی سەرژمێرییەكە بكرێت..). لە چارەنووسی كوردستانییەكاندا نووسراو بووە لەدوای هەموو سەرژمێرییەك زیاتر بكەونە بەردەم شاڵاوو هێڕشی تەرحیل و هێنانی زیاتری خێڵە عەرەبییەكان و پێدانی سەدان دۆنم زەوی لەناوچەكانی كەركوك و خانەقین و موسڵ، بگرە لەدوای ئەو سەرژمێرییەی كە لەساڵی 1957 بەڕێوەچوو لەشاری كەركوك لەڕێگای بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامەوە سەرژمێرییەكە ئەنجامدرا، تارادەیەك ئەم سەرژمێرییە بنەماكانی دروستی سەرژمێری تێدا بوو، هەربۆیە لەدوای پرۆسەكە سەرجەم فەرمانبەرە كوردەكانی رەگەزنامە كەوتنە بەر شاڵاوی دەركردن و تەرحیل و بگرە رووبەڕووی بەندكردن و كوشتنیش بوونەوەو دواتر ئەوڕەحمانی نفووسی بەڕێوەبەری نفووس لەلایەن حەرەس قەومیەكانەوە بە دڕندەترین شێوازی ئەشكەنجەدانەوە شەهید كرا، ئەمەش وەكو سزادانێك لە لایەن شۆفێنیزمی عەرەبیەوە بەرانبەر ئەو كەسانەی كەراستی ژمارەی كوردیان لەو شارەدا دەرخستبوو..
ئێستاكەش ئەم سیاسەتە شۆفێنییانە بەرامبەر كوردستانییەكان بەردەوامی هەیە ئەوەتا دواخستنی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە24/10/2009ی ساڵی رابردوو لەچوارچێوەی هەمان مەرام و مەبەستدا دێت. لەكاتێكدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەكۆی دەنگەوە رەزامەندی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەی دابوو، هاوكات پشتگیری و پاڵپشتی سیستانی لەسەر بوو، هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و كوردستانیش ئامادەیی جێبەجێكردنی سەرژمێرییەكەیان دەربڕیبوو، كاتێك بێ پاساو پرۆسەكە دواخرا راستەوخۆ وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم كارەی بەپیلان و فشاری سیاسی وەسف كرد..
ئەو دەمە بەرپرسە پێوەندارەكانی رایانگەیاند:((هیچ پاساوێك لەپشت دواخستنی سەرژمێرییەكەوە نەبووە تەنیا مەرامی سیاسی نەبێت..))
لەگەڵ هەموو ئەم ئامادەكاری و توانایانە كەچی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەم بڕیارە یاساییەی پێشێلكردوو پرۆسەی سەرژمێرییەكەی دواخست، لەپێناو زیادنەكردنی بودجەی هەرێمی كوردستان و ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكان و چارەسەرنەكردنی كێشەی كەركوك و نەگەڕانەوەی ناوچەدابڕاوەكانی دیكەی كوردستان. هیچ پاساوێك بۆ دواخستنی سەرژمێری عێراق نەبوو، چونكە هەموو توانای دارایی و مرۆیی هەبوو كە بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سەرژمێری پێویست بوو، گەر كەموكورتییەكیش هەبووایە دەكرا بەو ماوەیە و بە توانایەكی ماددی و لۆجیستی زیاتر هاوكاری سەرخستنی پرۆسەكە بكرێت، ئەو سەرژمێرییەی بڕیارە لە 24/10ی ئەمساڵ بەیەك شێوەو لیستێكی هاوبەش بێ جیاوازی لەسەرانسەری عێراق و كوردستان بەڕێوەبچێت، پێویستە ئەو پرۆسەیە بنەما زانستییەكانی تێدا بێت و بێلایەن بێت و هەموو چین و توێژو ناوچەكان بگرێتەوە بێ جیاوازی لە ئیتنی و نەتەوەو ناوچەو ئایین و مەزهەب، تەنانەت دوای سەرژمێرییەكەش ئەوەندە كادیرو پسپۆری كوردستانی لەبەغدا بوونیان هەبێت كە چاودێرو سەرپەرشتی پرۆسەكە بكەن و ئەو فڕوفێڵانەی لە سەرژمێرییەكانی رابردوودا لە كوردیان دەكرد دووپاتی نەكەنەوە، چونكە شەڕی گەورەی ساختەكاری و چەواشەكاری لەدوای پرۆسەكە دەست پێ دەكات، بەتایبەتی بۆ گۆڕینی راستییەكان لەناوچە جێناكۆكی لەسەرەكان ئەوەتا لیستی حەدبا لە پارێزگای موسڵ وەك حەرەس قەومیەكانی جاران پێشوەخت دەیانەوێت سەرژمێرییەكە بە ویستی خۆیان تەواو بێت .
ئایا بەو ژمارە كەمەی نوینەرانی كوردستان لەبەغدا كەبۆ جیاكردنەوەو رێكخستن و لێكۆڵینەوەی سەرژمێری پێویستن دەتوانن كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن و ڕێگا لەساختەكاری بگرن؟
Top