ژیانی عومەر شەریف دەكرێت بە فیلمێكی سینەمایی

ژیانی عومەر شەریف دەكرێت بە فیلمێكی سینەمایی
بڕیارە فیلمێكی سینەمایی دەربارەی ژیانی ئەستێرەی شاشەی میسری (عومەر شەریف) درووست بكرێت .

بەم هۆیەوە چەند كەسانێكی شارەزا لە بواری فیلم و سینەما كاردەكەن بۆ درووستكردنی فیلمێكی سینەمایی لەسەر ژیانی ئەكتەری میسری عومەر شەریف, هەروەها بەپێی ماڵپەڕی(Variety) هاتووە كە ئەم فیلمە لەژێر ناونیشانی (the life and times of omar sharif) دەبێت .

هەر لەم سەرچاوەیەوە هاتووە كە دەرهێنەری میسری (مارك لوتفی) و (ئەكسل پیتەرسین)ی دەرهێنەری سویدی دەچنە قووڵایی ڕووداوەكان و كار لەسەر درووستكردنی فیلمێكی دیكۆمێنتاری دەكرێت دەربارەی ژیانی هونەری كەسایەتییەك كە چۆن توانی ببێتە كەسێكی جیهانی لە وڵاتانی عەرەبی و ئۆروپی سەرەڕای هەموو ئەو ململانێ سیاسییەی كەلە ناوچەكاندا هەبوون, بۆیە هەمیشە عومەر شەریف وەك دەروازەیەك دەبینرا لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا كە بە لێهاتوویی و بەهرەی هونەریی دەیتوانی خۆی لەگەڵ سیاسەتی گۆڕاوی هۆڵیوود و ڕۆژهەڵاتی ناوەند بگونجێنێت .

(میشێل دیمیتری شالهوب) ناسراو بە عومەر شەریف ساڵی 1932 لەدایكبووە, یەكێك بووە لە ئەكتەرە بە ئەزموونەكانی شاشەی میسری و ئەستێرەیەكی دیاری هۆڵیوود, ئەم ناودارە جارێك پاڵێورا بۆ خەڵاتی ئۆسكار, هەروەها توانی بۆ 3 خەڵاتی گۆڵدن گڵۆپ و خەڵاتێكی سیزار بەدەست بهێنێت, لە 10ی تەمووزی 2015 كۆچی دوایی كرد .
Top