فستیڤاڵی لاو بۆ كورتە فیلم كۆتایی هات

فستیڤاڵی لاو بۆ كورتە فیلم كۆتایی هات
سەنتەری لانەی هونەری بۆ دووەم ساڵە فیستیڤاڵی لاو بۆ كورتە فیلم بەڕێوەدەبات. فستیڤاڵ لەم ساڵدا بەبەشداری نوێنەرانی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی و نوێنەری فستیڤاڵی (فەجر) لە تاران و دیاربەكر بە نوێنەرایەتی باكووری كوردستان و بە ئامادەبوونی چەندین هونەرمەند و نوێنەرانی حكومی و حزبی و بینەرێكی بەرچاو كە هۆڵی میدیا جمەی دەهات، دەستی بەكارەكانی كرد. ئەم فستیڤاڵە نزیكەی (80 تا 100) كورتە فیلمی لە هەردوو بواری داستانی و دیكۆمینتاری وەرگرت و لە رێگەی لیژنەی بەرایی بڕیاری (20) كورتە فیلم درا بۆ هاتنە نێو فستیڤاڵ لەگەڵ نیشاندانی دووكورتە فیلمی میوان. سەنتەری لانەی هونەری توانی ئامادەكاریەكی باش بكات بۆ بەڕێوەچوونی فستیڤاڵ و بۆ هەر پارچەیەكی كوردستان نوێنەرێك دەست نیشان بكات بۆ وەرگرتنی فیلمەكان و ئامادەسازی فستیڤاڵ. لە چوار شەوی رەمەزانی پیرۆزدا كارەكانی بەڕێوەبرد و بۆ یەكەمجارە بەم شێوەیە بەرچاوە میوانان پێشوازی لە فستیڤاڵی كورتە فیلم بكەن و كە شەوانە لە هۆڵی میدیای تژی دەكرد بە ئامادەبووان. لە شەوی كۆتایی لە رێوڕەسمێكی شایستەدا خەڵات بەسەر ئەم فیلمانە دابەشكرا كە لەلایەن لیژنەی دادوەری فستیڤاڵ دەست نیشان كرابوو، خەڵاتەكەش بریتی بوو لە برۆنز و بە ئاو زێڕ رووپۆشكرابوو، لە هەمان شەوی رێوڕەسمی كۆتاییدا، خەڵاتێكیش وەك وەفاو پاڵپشتی دووساڵی رابردوو بۆ فستیڤاڵ بەخشرایە بەڕێز (د. پشتیوان صادق ) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لەم بارەیەوە زەردەشت محەمەد بەڕێوەبەری فستیڤاڵ و سەرۆكی سەنتەری لانەی هونەری وتی : شانازی دەكەین بۆ دووەم ساڵ لە هەولێری پایتەخت زۆر بەسەركەوتوویی توانیمان فستیڤاڵی لاو بۆ كورتە فیلم بەڕێوەببەین و فراوانیشی بكەین كە تێیدا تەواوی سینەماكارە لاوەكانی كوردستان لە هەرچوار پارچە لە چوارچێوەی ئەم فستیڤاڵە كۆبكەینەوە و رێز لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەوان بگرین. لە دریژەی وتەكانیشی وتی پاڵپشت بە ئیرادەی لیژنەی ئامادەكاری و هاوكاری برای گەورەمان بەڕێز ( د. پشتیوان صادق ) و هاوكاری و كۆمەكی هەندێك لەخەمخۆرانی ئەم شارە لە ساڵی داهاتوو فستیڤاڵەكە فراونتر دەكەین و تەواوی هونەرەكانی تری تێدا ئەنجام دەدەین. بەڕێوەبەری فستیڤاڵ هیوای خواست كە هاوكاری و پاڵپشتی تەواویان بكرێت لە رووی ماددی و مەعنەویەوە تاك و بتوانن ساڵانە ئەم فستیڤاڵە بەردەوام بكەن و وتیشی بەداخەوە لە پایتەختی هەرێم فستیڤاڵەكان تەمەنیان كورتەو بەردەوام نابن، بەڵام ئەگەر بێت و یەك لەسەر دەی ئەو بڕە پارەی بۆ فستیڤاڵەكانی تر خەرج دەكرێت بۆ ئێمە خەرج بكرێت بەدڵنیاییەوە چەندین كاری هونەری ناوازە پێشكەش بەشاری هەولێری خۆشەویست و كوردستان و گەشتیارانی ئەم وڵاتە دەكەین.
Top