كارەكانی دوو یەكێتی ناوەندی وەرزشی هەڵپەسێردرا
لە بارەگای خۆی لە شاری هەولێر،كۆمیتەی تەنفیزی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان،بە سەرۆكایەتی سەڵاح حەسەن خەسرۆ سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان،كۆبوونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا،تیایدا گفتوگۆ لە بارەی رەوشی وەرزشی هەرێمی كوردستان و كاروچالاكیەكان كرا،دەربارەی كۆبوونەوەكە حەربی خالید ووتەبێژی رەسمی لیژنەی ئۆلۆمپی رایگەیاند"تەوەری سەرەكی كۆبوونەكە تایبەت بوو لە هەڵسەنگاندنی یەكێتیە ناوەندیە وەرزشیەكان،كە تیادا د.ئالان قادر ئەمینداری گشتی لیژنەی ئۆلۆمپی پۆڵینكردنێكی ئامادەكردبوو كە كرابوو بە سێ بەشەوە پێشكەش بە كۆمیتەی تەنفیزی كرا،بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
پۆلینی یەكەم:تۆپی پێ،باسكە،بالە،تۆپی دەست،گۆرەپان ومەیدان،بەرزكردنەوەی قورسایی،شەترەنج،پایسكلسواری،تتێنسی سەرزەوی،تیروكەوان،بلیارد،هێزی لەش،زۆرانبازی،تۆپی سەرمێز.
ئەم یەكێیتیانەی سەرەوە لە رووی چالاكیەوە ئەكتیڤن و تەنها ئەوەنەبێت لە یاریە تاكەكان كێشەی كەمی پێداویستیان هەیە.
پۆلینی دووەم:مەلەوانی،نیشان شكاندن،بۆكسێن،لەشجوانی،شمشێربازی،تۆپی بەر(بادمنتۆن)،كیك بۆكسینگ،كاراتێ،جۆدۆ،جمناستك
چالاكیان تارادەیەك كەمە،لە هەندێ لە یەكێتیەكان كێشەی كارگێر بەدی دەكرێت.
پۆلینی سێیەم:پزیشكی وەرزشی،سوارچاكی،سەوڵ لێدان،سیانی،تایكواندۆ،كۆنفۆ.
چالاكیان نیە،كێشە لە ناو پێكهاتەی كارگێری یەكێتیەكان هەیە و بۆیە بریاردرا بە هەڵپەساردنی كاروچالاكیەكانی هەردوو یەكێیتی ناوەندی وەرزشی (سوارچاكی و پزیشكی وەرزشی).
بۆ چوار یەكێتیەكەی تریش كۆبوونەوە بریاریدا بە ئاڵوگۆری كردنی ئەندامانی كارگێری بەمەبەستی ئەكتیڤ كردنیان،حەربی خالید ووتیشی"كۆمیتەی تەنفیزی بریاریدا لەم مانگەوە،مانگانە برێك پارە بۆ ئەو یەكێتیانەی كە یاریە تاكەكانیان لە خۆگرتووە خەرج بكرێت،بەمەبەستی پركردنەوەی ئەو كەموكوریانەی كەهەیانە،ئەم مانگە بری 20000 هەزار دۆلار بۆ هەریەكە لە یەكێتیە ناوەندیەكانی (شمشێربازی،تیروكەوان،نیشان شكاندن) تەرخان كرا.
ووتەبێژی رەسمی لیژنەی ئۆلۆمپی راشیگەیاند" كۆبوونەوە بریاریدا بە دەست نیشان كردنی سەلاح محمد كەریم جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی وەك نوێنەری لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی دەستەی گشتی لیژنەی ئۆلۆمپی عێراق كە رۆژی سێ شەممە ئەنجام دەدرێت،بۆ گەیاندنی پەیامی لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێم بە دەستەی گشتی،هەروەك بریاردرا بە دەست نیشان كردنی موئەیەد مەغدید جێگری سەرۆكی لیژنەی ئۆلۆمپی وەك نوێنەری لیژنەی ئۆلۆمپی بۆ لیژنەی پێداچوونەوە بە رێزلێنانی وەرزشوانە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان.