یاریزانی تێنسی سەرزەوی گەشبین ئەحمەد:قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەنگاوێكی پێویستە

یاریزانی تێنسی سەرزەوی گەشبین ئەحمەد:قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان هەنگاوێكی پێویستە
گەشبین یەكێكە لە یاریزانە سەركەوتووەكانی یاریی تێنسی سەر زەوی لە شاری سلێمانی، لەدایكبووی ساڵی 1997ی ئەو شارەیە،خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوە، لە پاڵەوانێتیی تێنسی كچانی عێراق توانی ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنێت، ناوبراو یاریزانی یانەی ئافرۆدیت و هەڵبژاردەی سلێمانییە.ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*لە پاڵەوانێتیی تێنسی سەر زەوی كچانی عێراق چۆن بوو پلەی دووەمت بەدەستهێنا؟
-لە ڕاستیدا من بۆ پلەی یەكەم بەشداری ئەم پاڵەوانێتییەم كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی یاریزانەكانی بەرامبەریشم بەهێز بوون توانیم لە ئاستی خۆم پلەی دووەم بەدەست بهێنم.
*ئاستی ئەم یارییە لەكوردستان چۆن دەبینیت ؟
-ئاستێكی باشی هەیە لەكوردستان،شارەكانیش گرنگی باشی پێ دەدەن،بەهیوای ئەوەشم گرنگی زیاتری پێ بدرێت.پێشبینی دەكەم لە ئایندەیەكی نزیك ئاستی زۆر بەرز بێتەوە
*لەسەرئاستی شاری سلێمانی چۆنە ؟
- شارەكەمان لەگشت یارییەكاندا پێشكەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە، ئێمەش وەكو كچانی یاریزان گرنگی زۆر بە یاریی تێنسی سەرزەوی دەدەین بەهیوای ئەوەین ئاستی ئەم یارییە لە شارەكان باشتر بێت لە ئێستاشدا كاری باشی بۆكراوە.
* بۆبەرەو پێشچوونی ئەم یارییە لە شارەكاندا چی بكرێت باشە ؟
- پێویستیمان بە كردنەوەی خولی زیاتر وكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانە، پێویستیشە گرنگی بە ئاستەكانی تەمەن بدەین.
*كێشەو گرفتان لەم یارییەدا چییە ؟
-كێشەی سەرەكیی ئێمە نەبوونی یاریگاو گرانیی هات وچۆكردنمانە بۆ مەشقەكان،ئەوەش كاریگەریی لەسەرمان دەبێت، هەرچەندە بنكەی وەرزش و لاوانی سلێمانی یاریگامان بۆ دابین دەكەن، بەڵام بەهیوای ئەوەم یاریگایەكی تایبەت بۆ خۆمان هەبوایە باشتر بوو.
*رێژەی كچان لەم یارییە زۆر بەرچاو نییە هۆكاری ئەمە چییە ؟
-لەبەر نەبوونی یاریگاو كەلوپەلی پێویست كچان زۆر روو لە وەرزش ناكەن.
*وەكو كچە وەرزشكارێك هیواو ئاواتت چییە ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم باشترین ئەنجام لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە تۆماربكەم.
*چی بەوكچانە دەڵێی كە لە جیهانی وەرزشەوە دوورن ؟
-بەهیوای ئەوەم كچانی كوردستان ڕوو لە وەرزش بكەن، چونكە سوودێكی زۆری هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ .
*هەست ناكەیت یانەكەتان تاكە یانەیەكە كە زۆر گرنگی بە تیپی كچان دەدات؟
-بێ گومان یانەكەمان زیاتر تیپی كچانە تەنیا مەبەستی خزمەتكردن وپێشكەوتنی وەرزشی كچانە، بۆیە هەموو كات تیپەكانی لە زیاد بووندایە، پێشبینیش دەكەم تاكو ماوەیەكی تر هێشتا رێژەی یارییەكان و كچانمان لە زیاد بووندا بێت.
*ماڵەوە هاوكاریت دەكەن؟
-زۆر هاوكارمن، لێرەوەش زۆر سوپاسیان دەكەم.
* لە كۆتاییدا چیت ماوە ؟
-زۆر سوپاس بۆ ڕاهێنەرەكەمان كە لە ماوەی رابردوو زۆر هاوكاری كردین ئێمەش بەهیوای ئەوەین لە داهاتوو ئەنجامی باشتر بەدەست بهێنین.
Top