بازاڕی گواستنەوەی یانـــەكانی كوردستان گەرمە: بەرازیلی و ئۆگەندی و سەنیگالی و سوری،گرنگتــــرین گرێبەستی یانەكانی كوردستان بۆ خولی عێراق
لە وەرزی داهاتوودا، پێنج یانە لە خولی بژاردەی عێراق نوێنەرایەتیی كوردستان دەكەن، ئەوانیش هەریەكە لە یانەكانی (هەولێر، دهۆك، زاخۆ، كەركووك، سلێمانی)ن، ئەم پێنج یانەیە هەوڵ دەدەن ریزەكانی خۆیان بەهێزبكەن بە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێك بە تایبەتی یاریزانی پیشگەر ئەمەی خوارەوەش گرنگترین گرێبەستی یانەكانی كوردستانە.
یانەی هەولێر
یانەی هەولێر پاڵەوانی خولەكە، گرێبەستی لەگەڵ 13 یاریزان مۆركردووە ئەوانیش هەریەكە لە یاریزانان (جەلال حەسەن، عەمار عەبدولحوسێن، ولید سالم، ساڵح سەدیر، مستەفا كەریم، هەوار مەلا محەمەد، هەردی سیامند، دیار رحمان، میران كەریم، كۆسرەت بایز، دلێر حاتم، سلێمان مستەفا (ئۆگەندا)، عەبدوڵڵا بابا دیۆب (سەنیگال))، هەروەها گرێبەستی پێنج لە یاریزانەكانی نوێكردەوە ئەوانیش هەریەكە لە یاریزانان (لوئەی سەڵاح، ئەمجەد رازی، نەبیل سەباح، سەعد عەبدولئەمیر، ئەحمەد ئیبراهیم)ن، هاوكات دەستبەرداری هەشت یاریزان بوو كە بریتین لە یاریزانان (حوسێن عەبدولواحید، ئاوس ئیبراهیم، سەعد عەتیە، كەنان عادل، ئەحمەد ئەیاد، مستەفا ئەحمەد، موسلم موبارك، دیدار حامد) و بڕیاریشی دا دوو یاریزانی تیپەكە بۆ ریزی تیپی دووەمی یانەكە بگەڕێنتەوە كە یاریزانان (نەوزاد شێرزاد، تاڵیب رەقیب) بوون و بەفەرمیش یاریزانی سوری عەبدولرەزاق ئەلحوسێن چووە ریزی یانەی دبا فجێرەی ئیماراتی دوای ئەوەی ئاستێكی بەرزی لەگەڵ یانەی هەولێر پێشكەش كرد، بەم گرێبەستانە یانەی هەولێر بەفەرمی چوار یاریزانی پیشەگەری لە ریزی یانەكەیدا یاری دەكات ئەوانیش هەریەكە لە (سوری، نەدیم سەباغ)،( ئۆگەندی، ئیڤان بۆكینیا)، (ئۆگەندی، سلێمان مستەفا)، (سەنیگالی، عەبدوڵڵا بابا دیوب)ن.
یانەی دهۆك
هەرچەندە یانەی دهۆك توانی پارێزگاری لە زۆربەی یاریزانەكانی یانەكەی بكات، بەڵام گرنكترین گرێبەستی ئەم وەرزەی یانەی دهۆك هێنانی یاریزانێكی بەرازیلیە بۆ ریزی یانەكە، ئەمەش دەبێتە یەكەم یاریزانی بەرازیلی لە عێراق و كوردستان، بەفەرمیش یانەی دهۆك گرێبەستی لەگەڵ چوار یاریزان مۆركردووە كە بریتین لە یاریزانان (فابیۆ بەرازیلی، سیف سەلمان، عەباس جومعە، ئەحمەد جەبار) و هاوكات بەفەرمی گرێبەستی 12 یاریزانی نۆێكردەوە ئەوانیش هەریەكە لە یاریزانان (بورهان سەهیۆنی سوری، عەلی بهجت، عدی تاڵب، فەیسەڵ جاسم، خالد موشیر، ئاماد ئیسماعیل، عەدنان عەتیە، حەسەن زبون، وسام زكی، عەلا كاتع، موراد گەردی، ئوسامە عەلی) و بەفەرمیش دوو یاریزان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە ئەوانیش هەریەكە لە یاریزانی پیشەگەری ئوردنی ئەنس حجە و حوسێن كەریم بوون، چاوەڕوانیش دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یاریزانی دیكەیش مۆربكرێت.
یانەی زاخۆ
دوای ئەوەی یانەی زاخۆ توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی خۆیدا پلەی پێنجەم لە خولی بژاردەی عێراق بە دەستبهێنێت یانەكە بە پێچەوانەی وەرزی رابردوو، گرێبەستەكانی وەكو پێویست نین و لە بەرامبەردا ژمارەیەكی زۆر لە یاریزانان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە، تا ئێستا یانەی زاخۆ گرێبەستی لەگەڵ یەك یاریزان مۆركردووە ئەویش یاریزانی گۆڵكاری سوری (رجا رافع)ە و لەبەرانبەریشدا تا ئێستا گرێبەستی سێ لە یاریزانەكانی نوێكراوەتەوە، كە بریتین لە (فەراس ئیسماعیل سوری، سەعید موحسین، ئەیاد خەلەف) لەبەرامبەردا 9 یاریزان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە، ئەوانیش (حوسێن عەلا، ئەحمەد ئیبراهیم، ئەمیر سەباح، هردی سیامند، ئەحمەد عەبدولجبار، سوری كاوە حسۆ، حوسێن جواد، قاسم زێدان، هەردی نورەدین)ن.
یانەی كەركووك
دوای ئەوەی لە وەرزی رابردوو بە یارمەتی یاریزانەكانی خولی كوردستان توانیان لە خولی بژاردەی عێراق بمێنێنەوە بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە تا ئێستا گرێبەستی بەمشێوەیە مۆرنەكردووە، بەڵكو كۆمەڵەیەك لە یاریزانەكان ریزی یانەكەیان جێهێشتووە.
تا ئێستا یانەی كەركووك گرێبەستییان تەنیا لەگەڵ یەك یاریزان مۆركردووە ئەویش یاریزان هەردی نورەدین و هەروەها گرێبەستی شەش یاریزانیان نوێكردەوە ئەویش هەریەكە لە یاریزانان (دارا محەمەد، غانم كەریم، ئەنمار عەبدولعەزیز، موئەیەد عەبدولباست، فازل عەباس، رامیار ئەحمەد)، لە بەرامبەردا بەفەرمی سێ یاریزان لە ریزی یانەكەیان نەماون ئەوانیش هەریەكە لە یاریزانان (دیار رحمان، میران كەریم، رەزا نەسرئەڵڵا)ن.
یانەی سلێمانی
دوای ئەوەی یانەكە بەفەرمی سەركەوت بۆ خولی بژاردەی عێراق لە وەرزی داهاتوودا، دەستەی كارگێریی یانەكە بەفەرمی گرێبەستی زۆربەی یاریزانەكانی نوێكردەوە و تیپێكی تایبەت بە خولی بژاردەی عێراق دروست كرد و بەفەرمی گرێبەستیان تەنیا لەگەڵ سێ یاریزان مۆركردووە ئەویش هەریەكە لە یاریزانان (دیدار حامد، حەیدەر محەمەد، حەیدەر حوسێن) چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژانی داهاتووشدا بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ چەند یاریزانێكی دیكە مۆربكەن.
لە كۆتاییدا یانەكانی هەولێر و دهۆك تا رادەیەك كۆتاییان بە خۆئامادەكردنی خۆیان هێناوە بۆ وەرزی داهاتوو، بەڵام یانەكانی زاخۆ و كەركووك و سلێمانی ئامادەكارییەكانیان لە ئاستی پێویستدا نین، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆتایی بە ئامادەكارییەكانی خۆیان بهێنن.