كرۆیڤ متمانەی بە تیتۆ نییە
كرۆیڤ كە فێرە لە هەموو شتێكدا قسەی هەبێت و زۆرینەی جاریش قسەكانی دژ بە كەسانی ترە، گوتی مەرج نییە لەبەرئەوەی ڤیلانۆڤا لەگەڵ گواردیۆلادا كاری كردووە سەركەوتوو بێت.
كرۆیڤ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی ماركای ئیسپانی ئاشكرای كرد كە داهاتوو بڕیار لەسەر ئەوە دەدات تیتۆ دەتوانێ چی بۆ بەرشەلۆنە بكات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە ئەوەیە كە هیچ گۆڕانكارییەك بەرەو باشی بەدینەهاتووە.
راهێنەر و یاریزانەكەی پێشووی بەرشەلۆنە گوتی ئێمە تیتۆ ناناساین، بەڵام ریكارد و گواردیۆلامان دەناسی لەبەرئەوەی پێشتر یاریزانی بەرشەلۆنە بوون، لەوانەیە ئەمە بۆ تیتۆ باش بێت و لەوانەشە خراپ بێت.
هەروەها گوتی مەرج نییە دۆڕانی جامی سوپەر مانای خراپیی تیتۆ بێت، ریال مەدرید ئەمساڵ تیپێكی زۆر زۆر بەهێزە و ئەگەر یاریزانانی بەرشەلۆنە لەسەدا سەد وزەی خۆیان خەرج نەكەن، ناتوانن بە ئاسانی نازناوەكان بەدەست بێنن.