دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی بڕیاری كڕینی یاریزانە بەرازیلیەكە و دوو یاریزانە سوریەكەی دا
4 ئەیلوول/سێپتێمبەر (گوڵان میدیا(دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی سلێمانی بڕیارێكی گرنگ دەدات و رەزامەندی لەسەر كڕینی 2 یاریزانی پیشەگەری سوری و یاریزانێكی پیشەگەری بەرازیلی دەدات.
لەدواین كۆبونەوەی دەستەی كارگێری یانەی وەرزشی سلێمانی كەئێوارەی رۆژی شەممە لەبارەگای یانە بەڕێوەچوو، بڕیاردرا گرێبەست لەگەڵ هەرسێ یاریزان عەبدولقادر دەكە و ئەحمەد عومەیری سوری و ڤاڵدێر سیزار جۆنیۆری بەرازیلی دراو لەچەند رۆژی رابردوودا جارێكیتر لەگەڵ سەلام ئەلمەفرەجی بەڕێوەبەری كارەكانی هەر سێ یاریزانەكەدا كۆبونەوەیەكی تر دەكرێت و لەبارەی پەیوەندیكردنی هەر سێ یاریزانە پیشەگەرەكە بەیانەی سلێمانیەوە گفتوگۆدەكرێت.
بەپێی زانیاریەكان یانەی سلێمانی دەیەوێت لەنێوان بڕی 60 بۆ 70 ملیۆندا گرێبەستی هەریەك لەو یاریزانانە كۆتایی پێبهێنێت و رەزامەندی بۆ ئەو بڕە پارەیە وەرگیراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەیەكەمین دانیشتنی نێوان بەڕێوەبەری كاری هەرسێ یاریزانەكەدا و كارگێرانی یانەی سلێمانی، بۆ هەریاریزانێك داوای 80 ملیۆن دینار كرابوو.
چەند زانیاریەك لەسەر یاریزانەكان:
عەبدولقادر سەلیم دەكە لەدایكبووی 10/1/1983یەو لەهێڵی بەرگریدا یاریی دەكات،یاریی بۆ یانەكانی تشرین و ئیتیحاد و شەنگهای شینهوای كردووەو بەیەكێك لەباشترین بەرگریكارەكانی سوریا دادەنرێت .
لەساڵی 2004 بەشداری پاڵەوانێتی جامی نەتەوەكانی ئاسیای لەسەر ئاستی لاوان كردوەو لەگەڵ هاوڕێكانی پلەی چوارەمیان دەستەبەركردوە، دواتر سەركەوتن بۆ جامی جیهانی لاوان لەهۆڵەنداو دوای تێپەراندنی قۆناغی یەكەم، لەقۆناغی دوەمدا بەگۆلێك بەرامبەر بەرازیل دوچاری شكست بون و ماڵئاواییان كردوە.
ساڵی 2005 لەگەڵ هەڵبژاردەی یەكەمی سوریادا بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیای كردوە كەلەقەتەر ئەنجامدراوەو دوای شكستیان بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق لەیاریی كۆتاییدا پلەی دووەمیان بەدەستهێناوە.
لەساڵی 2007 بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەكانی ئاسیای كردووەو دواتریش بەدرێسی هەڵبژاردەكەیەوە بەشداری یاریەكانی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2010ی ئەفریقای باشوری كردوە.
دواین بەشداریشی لەگەڵ هەڵبژاردەی سوریادا بەشداریكردن بووە لەیاریەكانی پاڵاوتنی جامی جیهانی 2014ی بەرازیل، بەڵام لەقۆناغی یەكەمی پاڵاوتنەكاندا ماڵئاواییان كردوە.
ئەحمەد عومەیریش لەهێڵی پێشەوە یاریی دەكات و گۆڵكارێكی لێهاتووەو بەرواری 14/6/1983 لەسوریا لەدایك بوە، یاریی بۆ یانەكانی جەیش و كەرامە و شورتە و تەڵیعەی سوری و فحەیحلی كوەیتی و جەزیرە و شەباب ئوردونی ئوردونی كردووەو یاریزانی هەلبژاردەی سوریا بوە، چەندین گۆڵی گرنگیشی بۆ ئەو یانانە تۆماركردووە كەیاری تێدا كردووە.
یاریزانی سێەمیش ڤاڵدێر سیزارجۆنیۆری بەرازیلیە، ئەو لەدایك بوی 15/3/1983یەو یاری بۆ یانەكانی پارانا و پایساندۆ و یوناو دی رۆندۆنۆپۆلسی بەرازیلی و ساوس چینای هۆنگ كۆنگی و كانواس و كاكسیاس و سیراتاو زینهۆ وچاپیكۆینسی بەرازیلی و فتوەی سوری و مارسیلیۆدیاسی بەرازیلی كردووەو تۆپ دروستكەرێكی بەتواناو گۆڵكارێكی كارامەیە.