بەرشەلۆنە بە نیازی كڕینی كۆلۆ تۆرێیە

بەرشەلۆنە بە نیازی كڕینی كۆلۆ تۆرێیە
یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە واز لە بیرۆكەی گرێبەستكردن لەگەڵ خافی مارتینێزی یاریزانی یانەی ئەتلەتیك بلباو بێنێت كە پێدەچێ لە ئێستادا نرخی زۆر بەرز بێت و یانەكە بیر لە یاریزانێكی تر دەكاتەوە بۆ بەهێزكردنی هێڵی بەرگری خۆی.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی نزیك لە یانە ئیسپانییەكە ئاشكرای كردووە كە كارگێڕیی یانەكە بە دوای یاریزانێكی هەرزاندا دەگەڕێت و بۆ ئەوەش دەیەوێ ئەزموونی هنریك لارسۆنی یاریزانی سوێدی دووبارە بكاتەوە كە بەنرخێكی زۆر كەم هاتە یانەكە و رۆڵێكی گەورەی هەبوو لەوەی بەرشەلۆنە نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بباتەوە.
رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە كە ئەو یاریزانەی لە پلەی یەكەم لە بایەخی تیتۆ ڤیلانۆڤای راهێنەری نوێی یانەكە دێت، كۆلۆ تۆرێی بەرگریكەری پێشووی ئەرسناڵ و ئێستای مانچستەر ستییە كە بە جێگرەوەی هەریەك لە كۆمپانی و لیسكۆت دادەنرێت.
تیتۆی راهێنەری یانەكە بە شوێن بەگریكەرێكدا دەگەڕێت تا پاڵپشتێكی بەهێز بێت بۆ پۆیۆل و پیكێ و ماسكیرانۆ لە دڵی بەرگری یانەكەدا كە وەرزی پێشوو سەرئێشەی زۆری بۆ تیپەكە دروستكرد.
Top