جارێكی تر تێری بە رەگەزپەرستی تۆمەتبار دەكرێت

جارێكی تر تێری بە رەگەزپەرستی تۆمەتبار دەكرێت
یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی تۆمەتی رەگەزپەرستی ئاراستەی جۆن تێری كاپتنی یانەی چێڵسی كرد دوای ئەوەی لەگەڵ ئەنتوان فێردیناندی بەرگریكەری یانەی كوینز پارك رینجەرز تووشی دەمەقاڵی هات لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا.
تێری دڵی بەرگری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، تۆمەتەكەی رەتكردەوە كاتێك لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەبەردەم دادگادا ئامادەبوو.
یەكێتیی تۆپی پێی ئینگلتەرا گوتی تێری تۆمەتبارە بە رەگەزپەرستی و پێویستە لەسەری لەبەردەم دادگادا بەرگری لە خۆی بكات.
هەروەها ئاشكرای كردووە كە كاپتنەكەی چێڵسی قسەی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر فێردیناند كردووە لەو یارییەدا كە لە 23ی تشرینی یەكەمی رابردوو لە نێوان هەردوو یانەی چێڵسی و كوینز پارك رینجەرز لە یاریگای لۆفتۆس بەڕێوەچوو.
یەكێتییەكە دەڵێ تێری قسەی رەگەزپەرستانەی كردووە، وەك سووكایەتیكردن بە رەنگی پێست و ئەوەش دژی بنەما ئەخلاقییەكانی یەكێتیی تۆپی پێیە.
پێشتر دادگایەكی بەریتانی تێری بێتاوان كردبوو لە هەمان تۆمەت لە رووی تاوانكارییەوە.
Top