ساڤیان ئیبراهیم بەپرسان گرنگی بە یارییە تاكەكان نادەن

ساڤیان ئیبراهیم بەپرسان گرنگی بە یارییە تاكەكان نادەن
ساڤیان ئیبراهیم یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی شاری هەولێرو شەقڵاوە لە یاری تێنسی سەرمێز ، توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق بەدەست بهێنێ‌ لەگەڵ یانەی شەقڵاوە ، ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1982ی شارۆچكەی شەقڵاوەیە دەرچووی پەیمانگای پێگەیاندنی ماۆستایانەی بەشی وەرزشیە ، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*ئاستی یاری تێنسی سەرمێز لە كوردستان چۆن دەبینی ؟
-ئاستی ئەم یارییە لەم ساڵدا زۆر باشترە لە چاو ساڵانی رابردوو ، تەواوی یانەكان ئەمساڵ دەیانتوانی یاریزانێكی پیشەگەر لەگەڵ یانەكانیان بەشدار پێبكەن ، ئەمەش وایكرد لە پاڵەوانیتەكان ئاستی پاڵەوانیتەكە بەهێزتر بێت.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لە شاری هەولێر لە چ ئاستێكە؟
- لە ئێستادا من گەشبینم بە ئاستی یاری تێنسی سەرمێز لە شاری هەولێر ، چونكە یانەكان گرنگی باش بە ئاستی كچان دەدەن لەم یارییە ڕۆژ بەڕۆژیش رێژەی كچە وەرزشوانی ئەم یارییە لە زیاد بوونە .
*بە بۆچونی تۆ چی بكرێت باشە بۆبەرەوپێشچوونی ئەم یارییە لە كوردستان ؟
-گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێت ، یاریزانانی كچ مەشقی بەردەوامیان بۆبكرێتەوە بۆئەوەی ئاستیان لەبەرز بوونەوە بێت .یانەكانیش گرنگی بەكردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بدەن.
* هەست ناكەی یاریزانی كچ كەم بەشداری ئەم یارییە دەكەن لە كوردستان ؟
-دوو هۆكار هەیە بۆكەمی بەشداری كردنی كچان لەم یارییە ،هۆكاری یەكەم كچان خۆیان بەشداری ناكەن و دووڕە پەرێزن ، هۆكاری دووەمیشیان بەرپرسانی وەرزشی گرنگی بە یارییە تاكەكان نادەن بەگشتی .
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
-بەش بە حاڵی خۆمان وەكو یانەی شەقڵاوە هۆڵمان هەیە و مەشقی بەردەوام دەكەین ، بەڵام زۆر یانە هەیە بەهۆی نەبوونی هۆڵ ناتوانن گرنگی بەم یارییە ئەنجام بدەن .
*چی بەو كچانە دەڵێی كە دوورن لە وەرزشكردن؟
-بەهیوای ئەوەم كچانیش بێن بەشداری وەرزش بكەن وبتوانن بوونی خۆیان بسەڵمێنن وخانەوادەكانیشان هاوكاریان بكەن بۆوەرزش كردنیان.
*باشترین ئەنجامەكانت لەگەڵ یانەی شەقڵاوە ؟
-بۆماوەی چوار ساڵ لەسەر یەك پاڵەوانی عێراق بووینە ئەنجامان لەسەر ئاستی كوردستان وشاری هەولێر هەبووە .
*هیواو ئاواتت چیە لەم یارییە ؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامێكی شایستە لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنم لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ئەنجامی بەرچاو بەدەست بهێنم .
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵانی خۆشەویست كەبەردەوام ئافرەتانی وەرزشكار بەسەر دەكاتەوە لەشارو شارۆچكەكانی كوردستان بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە ئافرەتانی وەرزشكار بدات .
Top