لەگەورەترین چالاكی وەرزشیدا منداڵانی كوردستان هاوسۆزیان بۆ منداڵانی سووریا دووپاتكردەوە
بەبەشداری سەدان منداڵی كوردستان، ڕاكردنێكی بەكۆمەڵی منداڵان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ منداڵانی سووریا لە هەولێر بەڕێوەچوو.
بەئامادەبوونی نوێنەری چەندین رێكخراوی ئەوروپی و ژاپۆنی و سووری و عێراقی و ناوخۆیی و ژمارەیەك بەرپرسی حكومی و حیزبی و نوێنەرانی وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و پارێزگای هەولێر، راكردنێكی بەكۆمەڵی منداڵان بۆ هاوسۆزی لەگەڵ منداڵانی سووریای زامدار بەڕێوەچوو.
لە روانگەی چالاكییەكانی وەرزش لە پێناوی ئاشتی و ناتوندوتیژییدا، كە لەسەر ئاستی جیهان بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان "IKNN" بەهەماهەنگی یانەی هەولێر بۆ راكردن و گرووپی دۆق شارتەر بۆ هونەری منداڵان و ناوەندی نێرگزو رێكخراوی بەهرەمەند و ئەستێرەی منداڵانی كوردستان، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزشی لە وەزارەتی پەروەردەو فەرمانگەی تەندروسی هەولێر، راكردنێك بۆ منداڵان لە پێناوی ئاشتیدا لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، وەكو هاوسۆزییەك بۆ منداڵانی سووریا، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئاوارەیی و دوور لە وڵاتی خۆیان ژیان بەسەردەبەن، یان لەژێر جەورو ستەمی رژێمی سووریا دەناڵێنن، هەندێكیان ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین و پێویستیان بە هاوسۆزی و ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە.
لە پەراوێزی ڕاكردنەكەش ئاهەنگێكی خنجیلانە بۆ منداڵان بە بەشداری ناوەندی نێرگز بۆ منداڵانی خۆرهەڵاتی كوردستان و هاوبەندی ئاڤاهی بۆ شۆرشی سووریا بەڕێوەدەچوو و ئامادەبووان پەیامی هاوسۆزیان بۆ منداڵانی سووریا دووپاتكردەوەو، سكاڵایان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕای گشتی جیهانی بەرزكردەوە، بۆ ئەوەی بایەخێكی زیاتر بە منداڵانی ئاوارەبووی سووریا لە كەمپەكانیان لە هەرێمی كوردستان بدرێت.. هەر لە میانی ئاهەنگەكەدا پەیامی منداڵانی كوردستان خوێندرایەوە كە تیایدا هاتووە:
" خوشك و برایانی ئازیز.. ئامادە بووانی بەڕێز...
ئێمەی منداڵانی كوردستان كە لێرە كۆبووینەوە بۆ ئەوەی هاوسۆزی خۆمان بۆ منداڵانی سووریا دووپات بكەینەوە، بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان "IKNN" و بەبەشداری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە روانگەی چالاكی وەرزش لە پێناوی ئاشتی، كە لەسەر ئاستی جیهان بایەخێكی زۆری پێدەدرێت، راكردن و چەند چالاكییەكی هونەری بۆ منداڵان لە پێناوی ئاشتی لە ئەنجام دەدەین وەكو هاوسۆزییەك بۆ برایانمان منداڵانی سووریا كە لە ژێر توندوتیژی و جەورو ستەمی زۆرداران دەناڵێنن.
بەڕێزان...
ئێمە هاوسۆزین لەگەڵ منداڵانی سووریا، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئاوارەیی و دوور لە وڵاتی خۆیان ژیان بەسەردەبەن، یان لەژێر جەورو ستەمی رژێمی سووریا دەناڵێنن، هەندێكیان ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەژین و پێویستیان بە هاوسۆزی و ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیەو دەبێ هاوكاریان بكەین و كۆمەكی پێویستیان بۆ كۆبكەینەوەو لەو رەوشە دژوارە رزگاریان بكەین.
هەر لێرەشەوە پەیامی هاوسۆزی بۆ منداڵانی سووریا، ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕای گشتی جیهانی وناوەندەكانی مافی مرۆڤ دەكەین...
با بەس بێت چەوساندنەوەی منداڵانی سوریا و كەسوكارەكانیان..
بژی ئاشتی و پێكەوژیانی ..
سەركەوتووبێت دەنگی گەلی زوڵملێكراوی سووریا.."
پاشان ماجید داوی بەناوی هاوبەندی ئاڤاهی بۆ شۆرشی سووریا دەستخۆشی لە ئەنجومەنی رێكخراوە ناحكومییەكانی كوردستان و سەرجەم لایەنە بەشداربووەكان كرد بۆ سازدانی ئەم چالاكییە وەرزشییە كەم وێنەیە، پاشان دیاری و خەڵات و میدالیا بەسەرسەركەوتووان و سەرجەم منداڵە بەشداربووەكان دابەشكرا.
سێ سەركەوتووەكەی منداڵانی كچ بریتی بوون لە "هێلین محەمەد، كابان محەمەد، ڤانە سلێمان" لە كوڕانیش بریتی بوون لە هەریەكە لە "محەمەد مەحموود، ئیبراهیم موئەیەد، چالاك ئیبراهیم".