فوتساڵی ئافرۆدێت بەشایستەیی بوو بەپاڵەوانی پارێزگای سلێمانی

فوتساڵی ئافرۆدێت بەشایستەیی بوو بەپاڵەوانی پارێزگای سلێمانی
گوڵان: كارزان كانەبی-كاروان
تیپی فوتساڵی ئافرۆدێت جارێكی تر لەپیرەمەگرونی بردەوەو نازناوی پاڵەوانی كچانی پارێزگای سلێمانی پێ‌ درا.
لەیاریگای كراوەی بچووكی یانەی سلێمانی‌و لەدوا پاڵاوتن بۆدیاری كردنی نوێنەری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی بەشداریكردن لەخولی فوتساڵی هەرێمی كوردستان‌و پارێزگاكانی عێراق، فوتساڵی ئافرۆدێت سەركەوتنێكی گەورەی دیكەی تۆمار كردو بۆ دووەم جار لەهەفتەیەكدا لەكچانی یانەی پیرەمەگرونی بردەوە.
ئافرۆدێت كەپاڵەوانی گروپەكەی خۆی بوو لەناو شاری سلێمانی‌و، كچانی پیرەمەگرونیش نوێنەری دەڤەری پشدەرو راپەرین بوو لەدوو یاریدا ڕووبەڕووبونەوە، ئەوەبوو یەك شەممەی رابردوو یەكەم یارییان كردو ئافرۆدێت 7 بە 1 بردییەوە، ئەمرۆش لەیاری دووەم ‌و كۆتایی پاڵاوتنەكاندا جارێكی تر ئافرۆدێت درێژەی بەسەركەوتنەكانی داو 8 بە 1 لەپیرەمەگرونی بردەوە، بەوئەنجامانەو بەكۆی هەردوو یاری كە 15 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ بەسوودی ئافرۆدێت بوو، فوتساڵی تاكە یانەی وەرزشیی تایبەت بەژنانی شاری سلێمانی بوو بەپاڵەوان.
بۆیە ئێستا فوتساڵی ئافرۆدێت پاڵەوانی پارێزگای سلێمانییەو بۆهەر پاڵەوانێتییەكی هەرێمی‌و عێراقی، دەبێت بەنوێنەری كچانی شاری سلێمانی و بەشداری كێ‌ بڕكێكان دەكات.
دوای یارییەكەش خەڵات بەسەر تیپی یەكەم ‌و دووەمی خولەكەدا دابەشكرا.
Top