بەرشەلۆنە: هەڵگرتنی سزای سەر مۆرینۆ هەڕەشە لە داهاتووی تۆپی پێ دەكات

بەرشەلۆنە: هەڵگرتنی سزای سەر مۆرینۆ هەڕەشە لە داهاتووی تۆپی پێ دەكات
تۆنی فریتچای گوتەبێژی رەسمی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دانی بەوەدانا كە یانەكەی توڕەیە لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای سەر جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی دەستی كرد بە چاوی تیتۆ ڤیلانۆڤای راهێنەری ئێستای ئەو یانەیەدا بەر لە ساڵێك.
فریتچا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە كامپ ناو گوتی بڕیاری یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانی بە لێخۆشبوون لە مۆرینۆ، هەڕەشە لە ئایندەی تۆپی پێ دەكات.
گوتەبێژەكە بە دووری نەزانی پەنا بۆ دادگا ببەن بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا بكرێت و گوتی بڕیاری یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیمان بەدڵ نەبوو، بێگومان بە دڵی هیچ كەسێك نییە.
لە یاری گەڕانەوەی جامی سوپەری وەرزی رابردوودا پێكدادان لە نێوان یاریزانانی هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید روویدا و تێیدا مۆرینۆ پەنجەی بۆ چاوی ڤیلانۆڤا درێژكرد و دواتی یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانی بۆ دوو یاری جامی سوپەر مۆرینۆ و بۆ یارییەكیش ڤیلانۆڤای بە راگرتن سزادا. بەڵام ئەنخێل ماریا ڤیاری سەرۆكی یەكێتییە ئیسپانییەكە بەهۆی دەرچوونەوەی بە سەرۆكی یەكێتییەكە چەندین سزای سەر یانە و راهێنەر و یاریزانانی هەڵگرت كە سزاكەی مۆرینۆشی تێدابوو.
Top