ستی بەدوای فالكاو و كاڤانییەوەیە
ماڵپەری گۆڵی جیهانی ئاشكرای كردووە كە رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەی مانچستەر ستی لە هاوینی ئەمساڵدا هێرشبەرێكی ئاستبەرزی دەوێت و ئەو دوو یاریزانەی كردووەتە ئامانجی خۆی.
مان ستی وازی لە بیرۆكەی هێنانی ڤان پێرسی هێناوە بەهۆی ئەو پارە زۆرەوەی یانەی ئەرسناڵ داوای دەكات و لە ماوەی رابردوودا مانچینی شكستی هێنا لە كڕینی كاڤانی لەبەرئەوەی یانەی یۆڤنتۆسیش بە شوێن ئەو یاریزانەوەیە.
ماڵپەرەكە ئاشكرای كردووە كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید هێشتا نیوە پارەی گرێبەستی كڕینی فالكاوی نەداوەتە یانەی پۆرتۆ و ئەوەش وایكردووە یانەكە بكەوێتە ژێر فشارێكی زۆرەوە بۆ دانەوەی ئەو قەرزە و دوور نییە فرۆشتنەوەی فالكاو رێگا چارەیەك بێت بۆ ئەو كێشەیە.
سەرچاوەكان دەڵێن یانەی مانچستەر ستی دەیەوێ چەند یاریزانێكی خۆی لە هاوینی ئەمساڵدا بفرۆشێت، لەوانەش ئیمانوێل ئەدیبایۆر و كارلۆس تێڤێز و ئیدین دزیكۆ و واین بریدج و رۆكی سانتاكرۆز.