كەریم بنزیمە هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرنسا و یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی ئەوەی ئاشكراكرد كە چەندین ساڵە یانەی مانچستەر یونایتد و ڕاهێنەرەكەی سێر ئەلێكس فێرگسۆن هەوڵی ئەوەیان داوە بۆندی لەگەڵ مۆر بكەن، بەڵام هەوڵەكانیان سەركەوتوو نەبووە بەتایبەتی لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (زەسەن)ی بەریتانی بنزیمە ڕایگەیاند: پڕوپاگەندە دەربارەی داهاتووی من وەك یاریزان گەلێك زۆرە، لەهەموو هاوینێك هەواڵی لەمجۆرە دەخوێنمەوە یان گوێبیستی ڕۆیشتنم بۆ ئەم یان ئەو یانەیە دەبم، بەڵام من زۆر خۆشحاڵم لەیانەی ڕیال مەدرید و بەهیچ شێوەیەك ڕۆژێك بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە یانەی شاهانە بەجێبهێڵم. هەروەها بنزیمە لەدرێژەی لێدوانەكەی گوتی: یانەی مانچستەر یونایتد و ڕاهێنەرەكەی فێرگسۆن زیاتر لەجارێك هەوڵی ئەوەیاندا بۆندم لەگەڵ مۆر بكەن بەتایبەتی لەچوار ساڵی ڕابردوو لەگەڵ چەندین یانەی دیكەدا، ئەو كاتەی كە لەیانەی لیۆن یاریم دەكرد، بەڵام نەگیشتنە ڕێككەوتن، لەهەمان كاتدا من خۆم حەزم دەكرد لەخولی ئیسپانیا یاری بكەم و ڕۆژێك لەڕۆژان پەشیمان نیم كە بۆندم لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید مۆركردووە.