ئاڤان عەبدوڵڵا یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی ئافرۆدێت:
ئاڤان یەكێكە لەیاریزانە هەرە بەتواناكانی شاری سلێمانی و یەكێكە لەو یاریزانە كوردانەی كە توانیویەتی چەندین ئەنجامی بەرچاو لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان بەدەستبهێنێت، ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1997ی شاری سلێمانیە و لەهەردوو یاری ڕاكردنی 100مەتری و هاویشتنی ڕم یاری كردووە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
*چۆن بوو، هاتیە نێو دنیای یاری گۆڕەپان و مەیدان؟
- لەمنداڵیەوە ئارەزوویەكی زۆرم لەوەرزش كردن هەبوو بەتایبەتی لەڕاكردن، بۆیە ئەو هیوایەم هاتەدی بەهاتنە نێو دنیای وەرزشەوە.
* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدان چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-ئاستی ئەم یارییە لەكوردستان لەئێستادا لەگەشەدایە، چونكە زۆربەی یانەكان گرنگی بەیاری گۆڕەپان و مەیدان دەدەن و تیپی جۆراوجۆریان دروست كردووە ئەوەش بەڵگەی بەرەوپێشچوونی یارییەكەیە لەكوردستان، لەو باوەڕەشم لەئاییندە زیاتر ئەم یارییە پێشكەوتنی بەرچاوتر بەخۆیەوە دەبینێ.
*ئەی ئاستی ئەم یارییە لەسلێمانی لەچ ئاستێكە؟
-شارەكەی ئێمە هەر لەمێژە بەیاری گۆڕەپان و مەیدان بەناوبانگە، لەیانەی ئافرۆدێت زۆرگرنگیمان پێ دەدرێت، بۆیە ئەنجامە باشەكانمان بەڵگەیە بۆئەوەی كە شاری سلێمانی و یانەكان گرنگی باش بەم یارییە دەدەن.
*پێت باشە چی بكرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لەكوردستان؟
- پێم باشە لەهەموو شارێك یاریگایەكی تایبەت هەبێت بەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان، پاڵەوانێتی بەردەوام بكرێتەوە و یاریزانی ئاست بەرز لەئاستی تەمەن بچووك بۆ ئەم یارییە دروست بكرێت.
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەكو یاریزانێك؟
-بەردەوام لەخۆئامادەكردنم بۆپاڵەوانێتیەكانی داهاتوو بۆئەوەی بتوانم ئاست و ئەنجامم زیاتر بەرەوپێش ببەم.
*كێشەو گرفتان چیە لەم یارییە؟
-لەیانەی ئافرۆدێت هیچ كێشەو گرفتێكمان نییە، یانەكەشمان زۆر هاوكاریمان دەكات، بەڵام بەهیوای ئەوەم یاریگای تایبەت بەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەگشت شارەكانی كوردستان دروست بكرێت، بۆئەوەی ئەم یارییە دوانەكەوێـت لەیارییەكانی تر.
*خانەوادەكەت ڕێگریت لێناكەن لە وەرزش كردنت؟
-تائێستا ئەم هەستە لەخانەوادەكەم بەرجەستە نەبووە كە نەهێڵن وەرزشی خۆم بكەم، بەسوپاسەوە خانەوادەكەم هاوكارێكی باشن بۆمن، پاڵپشتی ئەوان بەردەوامی كردوومە لە وەرزش كردن.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە وەرزشكارێك؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانم لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ئەنجامێكی شایستە بەدەستبهێنم و بۆ ڕیزی هەڵبژاردەی عێراق بانگێشت بكرێم و ناوی كوردستان بەرز بكەمەوە.
* چی بەو كچانە دەڵێی كە وەرزش ناكەن؟
-بەهیوای ئەوم ئەوانیش بێنە نێو دنیای وەرزش بۆئەوەی بتوانین ناوی كچانی كورد بەرزكەینەوە، ئێمەش هیچمان لەكچانی وڵاتانی تر كەمتر نییە بۆ بەرزكردنەوەی ناوی میللەتەكەمان.
*ئەگەر یانەیەك داوات لێبكات، ڕیزی یانەی ئافرۆدێت جێدەهێڵی؟
-جارێ بیرم لەجێهێشتنی یانەی ئافرۆدێت نەكرۆدتەوە، یانەیەكە تایبەتە بەئافرەتان ئەوەش جێگای شانازییە بۆشاری سلێمانی.
*كردنەوەی پاڵەوانێتیەك لەساڵێك كەم نییە؟
-بەڵێ زۆریش كەمە، بەهیوای ئەوەین یەكێـی گۆڕەپان و مەیدانی كوردستان پاڵەوانێتی بەردەوام بۆشارەكانی كوردستان بكاتەوە و گرنگی زیاتر بەئافرەتی وەرزشكار بدەن.
*پەیامت بۆبەرپرسانی وەرزشی چیە؟
-بەهیوای ئەوەم بتوانن یاریگای تایبەت بەم یارییە لەشارەكان بكەنەوە و گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەن و بتوانن كچانی وەرزشكار زیاتر لەدەوەری خۆیان كۆبكەنەوە.
*ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم، كە بەردەوام لەخەمی وەرزشكارانی ئافرەت دایە و بەهیوای ئەوەم زیاتر خزمەتی چینی وەرزشكاران بكەن