كۆڤان حەسەن: هیوادارم هاوكاریمان بكەن چونكە توێژێكی تایبەتین لە كۆمەڵگە

كۆڤان حەسەن: هیوادارم هاوكاریمان بكەن چونكە توێژێكی تایبەتین لە كۆمەڵگە
یەكێك لەیاریزانە هەرە بەتواناكانی یاری گۆڕەپان و مەیدان بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت یاریزان كۆڤان حەسەن لەدایكبووی ساڵی 1988ی قەزای ئاكرێ سەر بەپارێزگای دهۆكە و یاریزانی هەڵبژاردەی گۆڕەپان و مەیدانی عێراق و یانەی دهۆكە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت، تاكو ئێستا چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق و یانەی دهۆك و خاوەنی زۆرترین ڕیژەی ملوانكەی زێڕە وەكو یاریزانێكی خاوەن پێداویستی تایبەت لەسەر ئاستی عێراق، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.



* ئاستی یاری گۆڕەپان و مەیدانی خاوەن پێداویستی تایبەت چۆن دەبینی؟
- لەئێستادا وەكو پێویستە و باشە لەچاو ساڵانی ڕابردوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگی بەخاوەن پێداویستی تایبەت نادرێت.
* پێت باشە چی بكرێت بۆخاوەن پێداویستی تایبەت تاكو یارییەكەیان پێشبكەوێت؟
- پێش هەموو شتێك هاوكاری بەردەوامیان بكرێت، بۆئەوەی ئارەزووی لەهەر یارییەك هەیە بتوانێ خۆی پێشبخات و گرنگی بە بەهەرەكانی خۆی بدات.
* كێشە و گرفتان چییە؟
- كێشەو گرفتمان زۆرە، بەتایبەتی گرنگترین كێشەمان نەبوونی هاوكارییە، وەكو خۆم خاوەنی چەندین ئەنجامی بەرچاوم هیچیان بۆ نەكردوومە، ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر من و هەموو یاریزانەكانی تر، وا دەكات چیتر گرنگی بەتواناكانی خۆمان نەدەین، ئەوەش كێشەیە. دابینكردنی یاریگایەكی تایبەت بۆهەموو یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
* لەزۆر پاڵەوانێتی بەشداریت كردووە ئەنجامەكانت چین؟
- لەوڵاتی چیك لەئاستی لاوان بەشداریم كرد سێ میدالیای زێڕم بەدەستهێنا، بەكۆی گشتی خاوەنی 15میدالیای زێڕم جگە لەزیویش.
* تاكو ئێستا ژمارەیی پێوانەیی لەهاویشتنی ڕم بەناوی تۆیە لەسەر ئاستی جیهان؟
- بەڵێ تاكو ئێستا پاڵەوانی جیهانم و ژمارە پێوانەییەكەم 39و55سم هەر بەناوی خۆشم دەهێڵمەوە.
* داواكاری و پێشنیارت چییە بۆلایەنی بەرپرس بۆئەوەی زیاتر گرنگی بە یارییەكەتان بدرێت؟
- داواكارم هاوكاریمان بكەن، چونكە ئێمە چینێكی تایبەتین لەكۆمەڵگە بۆیە پێویستیمان بە هاوكاری لایەنە پێوەندیدارەكانە ئەگەر ئەوان هاوكاریمان بكەن ئێمەش ڕۆڵی خۆمان دەبینین لەسەر ئاستی جیهان.
* دەڵێن ژمارەیەكی زۆری یانەكان داوای یاریی كردنیان لێ كردی؟
- بەڵێ چەندین یانە داوایان كردومە بەتایبەتی یانەكانی شاری بەغدا، بەڵام لەبەر خاتری كوردستان ناچمە هیچ یانەیەكی دەرەوەی كوردستان.
* هیواو ئاواتت چییە وەكو كوڕە كوردێك؟
- بەهیوای ئەوەم وەكو كوردێك بە ئاڵای كوردستان لەپاڵەوانیەتییەكی دەرەوە بەشداربم لەداهاتوو، ئەوانیش بزانن كوردێك هەیە دەتوانێ ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێ شانازی بەخۆم بكەم.
* دەڵێن تاكو ئێستا هیچت بۆنەكراوە؟
- بەڵی خاوەنی چەندین ژمارەی پێوانەییم لەسەر ئاستی جیهان و كوردستان و عێراق، ئینجا تاكو ئێستا هیچم بۆنەكراوە.
* بەشداری ئۆڵۆمپیاتی لەندەن دەكەی وەكو یاریزانێكی كورد؟
- بەدڵنیاییەوە بەشداری دەكەم لەمانگی هەشتی داهاتوو مانگێك پێش ئەویش دەچمە وڵاتی ئیمارات خۆم ئامادە دەكەم وەكو كوردێكیش بەشدار دەبم.
* یانەی دهۆك هاوكاری بەردەوامت دەكات؟
- دەمەوێ لەڕێگای گۆڤاری گوڵانی خۆشەویست سوپاسی دەستەی كارگێڕی و پارێزگاری دهۆك بكەم كە تاكە پارێزگارە بەردەوام هاوكاریم دەكات.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتاییدا؟
- سوپاس بۆئێوەی خۆشەویست بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بە یاریزانانی خاوەن پێداویستی تایبەت بدرێت.

Top