محەمەد فەوزی یاریزانی بۆكسێنی كورد لەدانیمارك:هەردەم لەسەر درێسی یاریكردنم ئاڵای كوردستانم نەخشاندووە
* بۆ ڕووت لەیاری بۆكسێن كرد؟
- لەقوتابخانە پزیشكمان هەیە پشكنینی بۆ كردم وتی ئەگەر وەرزش نەكەی، ئەوا كێشت زیاد دەكات و قەڵەو دەبیت، بۆیە منیش دەستم بەوەرزش كرد، زۆربەی وەرزشەكانم كرد وەكو باسكە و تۆپی پێ و مەلەوانی، بەڵام حەز و ویستم بۆ بۆكسێن زیاتر بوو، هەرچەندە دەڵێن بۆكسێن یارییەكی ترسناكە، بەڵام دەستكێش و كڵاو و پێداویستی خۆپاراستنی هەیە، واتە هەست ناكەم ترسناك بێت.
* لەهاندان و مەشق پێكردنت كێ هاوكارتە؟
- باوك و دایكم بەپلە یەك بە بەردەوام هانم دەدەن، بەڵام بۆ مەشق و ڕاهێنانم سێ مامۆستا بەناوەكانی (BO…KENI….STEN) .
* یەكەم یاری فەرمیت لەگەڵ كێ بوو؟
- لەیاری (H S K) بوو لەگەڵ یاریزان (ئیلێس) بوو توانیم سەركەوتن تۆمار بكەم، ئەو كات لەژێر تەمەنی (15) ساڵ بووم.
* دەكرێ باسی ئەنجامەكانت بكەی؟
- لەسەرجەم یارییەكانی وڵاتی دانیمارك یەكەم بوومە تەنیا یەكجار لەیاری كۆتایی سەرنەكەوتم، دانیمارك سێ دوورگەیە، لەدوورگەكەی خۆم یەكەم بوومە و لەهەرسێ دوورگەكانی دانیماركیش لەساڵی 2010 تا ئێستا لەكێشی (60 كغم) هەر یەكەمم، هەروەها یەكجار بەشداری پاڵەوانەكانی ئەوروپام كردووە لەوڵاتی سوید ساڵی (2011)، ئەمساڵەش بەنیازم بەشداری بۆكسێنی وڵاتانی ئەوروپا بكەم، لەم سێ ساڵەی ڕابردوو توانیم چەند میدالیای زێڕ و زیوو و بڕوانامەی خول و بڕوانامەی ڕێزلێنان بەدەست بێنم.
* كاتی یاریكردنت باس بكەی؟
- من لەبەرئەوەی ناوی خانەوادەكەم (عەلی)ـە، پێم دەڵێن محەمەد عەلی كلای كوردی یاری دەكات و من خەونم هەر ئەوەیە ڕۆژێك لەڕۆژان بۆ میللەت وڵاتەكەی خۆم وەكو محەمەد عەلی كلای ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە و هەردەم لەسەر درێسی یاریكردنم ئاڵای كوردستانم نەخشاندووە.
* دوا پەیڤت؟
- كوردستان زۆر قەرەباڵغ و خۆشە، بەڵام دانیمارك چۆڵە، ئەو دانیشتن و خۆشیەی لەنێو خێزانی كوردەواری هەیە لەهیچ شوێنێكی جیهان بوونی نییە، من بەوە زۆر دڵخۆشم، بەڵام دەمەوێت سەردانی تیپێكی یانەی بۆكسێنی كوردی بكەم تا ئێستا بۆم نەدۆزراوەتەوە.
ماوەتەوە بڵێین محەمەد فەوزی دوو خوشكی هەیە فریشتەخان كە ئەویش یاریزانی كاراتێیە و پشبێنی پشتێنی هەیە و خوشكە بچووكەكەی ناوی ئاڤێستایە و یاری بالێ دەكات و ژیان خانی دایكی دەڵێ كاتێ حەمە گیان یاری دەبێت دەستم لەسەر دڵمە زۆر دەترسم، چونكە یاریەكە شەڕی تیایە و زۆر ناخۆشە، كاك فەوزی باوكی لەهەفتەی (5) ڕۆژ محەمەدی كوڕی بۆماوەی (2) كاتژمێر دەبات تا لەمەشق تەواو دەبێت و ئەو زۆر دڵخۆشە و شانازی بەحەمە و فریشتە و ئاڤێستا دەكات، هەروەها فێری خوێندن و نووسینی كوردییان دەكات.