لویس فیگۆ: یاریكردن بۆ ڕیال و بەرشلۆنە خەونی ژیانم بوو

لویس فیگۆ: یاریكردن بۆ ڕیال و بەرشلۆنە خەونی ژیانم بوو
یاریزانی پێشووی نێودەوڵەتی پورتوگالی لویس فیگۆ دووپاتیكردەوە یاریكردن بۆ هەردوو جەمسەرەكەی ئیسپانیا ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە یەكێك لەخەونەكانی ژیانم بوو كە هاتە دی، فیگۆ لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی (لانسی) بەرازیلی گوتی: من خۆشەویستییەكی زۆرم بۆ ئەو یانانە هەیە كە یارییم بۆ كردوون كە بریتین لەیانەكانی سپۆرتینگ لیشبۆنە و بەرشلۆنە و ڕیال مەدرید و ئینتەر میلان كە ئێستا لەو یانەیە كار دەكەم.
هەروەها فیگۆ گوتی: باشترین كاتەكانی ژیانم لەهەردوو یانەی بەرشلۆنە و ڕیال مەدرید بوو، خۆم بەبەختەوەر و بەبەخت دەزانم كە بەرگرییم لەدرێسی هەردوو یانە كردووە، چونكە یاریكردن بۆ ئەم دوو یانەیە یەكێك بوو لەخەونەكانی ژیانم كە هاتە دی.
سەبارەت بەململانێی نێوان هەردوو یانە فیگۆ گوتی: ململانێ لەنێوان هەردوو یانە بەردەوامە، ئەوەش تاموچێژ دەداتە یارییەكانی خولی ئیسپانیا، وابزانم ئاستی هەردوو یانە زۆر لەیەك نزیكە، بۆیە زەحمەتە یەكێكیان بەباشتر دابنێیت، ڕیال مەدرید لەلیگا لەپێشە، بەرشلۆنە لەیاری كۆتایی جامی شایە، هەردووكیان لەقۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنز لیگن، بەبۆچوونی من هەردوو یانە زۆر بەهێزن و لەكۆتاییدا تۆپی پێ براوەیە.
سەبارەت بەوەی كامیان باشترە كریستیانۆ ڕۆنالدۆ یان لیۆنیل میسی، فیگۆ گوتی: دەمەوێ هەردوو یاریزان لەتیپەكەی من یاری بكەن چونكە هەردووكیان جیاوازن لەگەڵ سەرجەم یاریزانەكانی دیكەی جیهان.
Top