بڕیار وایە سبەی سێشەممە شاندی هەریەك لەتیپی زۆرانبازی یانەكانی كەركوك و زاخۆ لەهەردوو جۆری ڕۆمانی و ئازاد لەئاستی تازەپێگەیشتووان بەشداری پاڵەوانێتی زۆرانبازی هەرێمەكان بكەن لەوڵاتی سوێد. دوای ئەوەی هەردوو یانەی زاخۆ و كەركوك توانیان ئەنجامی شایستە بەدەستبهێنن لەپاڵەوانێتیەكانی كوردستان و عێراق، بۆیە ئەم دوو یانەیە وەكو نوێنەری كوردستان بەشداری لەپاڵەوانێتی هەرێمەكان دەكەن لەوڵاتی سوێد كە بڕیارە سبەی سێشەممە یارییەكانی دەستپێبكات. یانەی زاخۆ بەتیپێكی بەهێز و بە بەشداری هەشت یاریزان بەشداری پاڵەوانێـتی زۆرانبازی ئازاد دەكەن و یانەی كەركوكیش بەسێ یاریزانی بەتوانا لەجۆری پاڵەوانێـتی زۆرانبازی ڕۆمانی بەشداری لەپاڵەوانێتیەكە دەكەن، ململانێیەكانیش لەكێشی 40كگم تاكو 120كگم دەبێت، پێشبینیش دەكرێت، هەردوو یانەكانی زاخۆ و كەركوكی نوێنەری هەرێمی كوردستان لەم پاڵەوانێتیە ئاستێكی شایستە پێشكەش بكەن و بتوانن بەچەندین مەدالیای جۆراوجۆر بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، لەماوەكانی ڕابردووشدا هەردوو یانەی زاخۆ و كەركوك لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە ئەنجامی شایستەیان بەدەستهێناوە.