یاریزانانی یانەی هەولێر هەڕەشەی كشانەوە لەپاڵەوانێتیەكانی كوردستان بۆ پایسكلسواری دەكەن

یاریزانانی یانەی هەولێر هەڕەشەی كشانەوە لەپاڵەوانێتیەكانی كوردستان بۆ پایسكلسواری دەكەن
یانەی هەولێر خاوەن مێژوویەكی گەورەیە لەیاری پایسكلسواری لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، ئەم یانەیە چەندین جار توانی نازناوی پاڵەوانێتی كوردستان و عێراق بەدەستبهێنێت و هەروەها بەشدارییان لەپاڵەوانێتیەكانی یانەكانی عەرەب كردووە و هەردەم یاریزانەكانی ئەم یانەیە لەڕیزی هەڵبژاردەكانی عێراق یارییان كردووە و توانیتیان چەندین جار ملوانكە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستبهێنن، وا بڕیارە لەم مانگە پاڵەوانێتی كوردستان بۆ پایسكلسواری لەسەر ئاستی كوڕان و كچان بەڕێوەبچێت، بەڵام یاریزانانی یانەی هەولێر لەگشت ئاستەكان هەڕەشەی كشانەوە لەم پاڵەوانێتیە دەكەن بەهۆی نەبوونی بایەخدان بە یەكێتی پایسكلسواری كوردستان، سەبارەت بەم بابەتە ئەم ڕاپۆرتەمان ئامادە كردووە.
سەرەتا ڕاهێنەری یانەی هەولێر عەبدولقادر نورەدین سەبارەت بە هەڕەشەی كشانەوەی یاریزانەكانی لەخولی كوردستان بەمشێوەیە هاتە ئاخافتن: من پشتگیری لەیاریزانەكانم دەكەم، چونكە خولی كوردستان هیچ سودێكی نییە چ بۆ یاریزانەكان چ بۆ یانە بەشداربووەكان، بۆ نموونە وا بڕیارە خولی كوردستان بۆ پایسكلسواری لەوەرزی ئەمساڵ بەسێ قۆناغ ئەنجام بدرێت و یانەی هەولێر بەسێ تیپ بەشداری لەم خولە دەكات ئەویش لاوان و پێشكەوتووان و تازەپێگەیشتووان و هەر سێ تیپ هەردەم ڕكابەری لەسەر پلەكانی یەكەم دەكەن، ئەگەر ئەم سێ قۆناغە لەدەرەوەی شاری هەولێر بەڕێوە بچێت ئەوە دەبێت یانەكەمان (15) ملیۆن دینار لەم خولە بۆ هەرسێ تیپ خەرج بكەین لەبەرانبەردا خەڵاتی ئێمە تەنیا ملوانەكەیە بەبێ پاداشت.
بۆیە داوا لەلیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان دەكەم چاوێك بەیاری پایسكلسواری كوردستان بخشێنێتەوە و بودجەیەك بۆ ئەم یارییە دابین بكات بۆئەوەی ئاستی پاڵەوانێتیەكانی پایسكلسواری لەكوردستان زیاتر پێشبكەوێت.
دواتر یاریزانی یانەی هەولێر سلێمان سامی دەربارەی ئەم كێشەیە گوتی: لەئاستی پاڵەوانێتیەكانی كوردستان ناڕازییم، چونكە من یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و بەشداریم لەچەندین پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی كردووە لەسەر ئاستی عەرەب و ئاسیا و هەروەها عێراق، لەگشت وڵاتەكان بایەخێكی زۆر بەیاری پایسكلسواری دەدرێت و پاداشتی باش بۆ خاوەن پلەكانی یەكەم ئامادە دەكرێت، كەچی لەكوردستان بەپێچەوانەوە هیچ پاداشتێك نادرێت، بۆیە دەبێت بەزووترین كات چاوێك بەپاڵەوانێتیەكانی كوردستان ببەخشێندرێتەوە.
دواتر یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق ئامانج شێرزاد دەربارەی ئەم پاڵەوانێتیە گوتی: یانەی هەولێر ماوەی دوو ساڵە دەبێتە پاڵەوانی كوردستان، كەچی ئەم یەكێتیە هیچ پاداشتێك ناداتە یانەكەمان، هەرچەندە ئەمە مافی خۆمانە بۆیە دەبێت لەم پاڵەوانێتیە پاداشتێكی باش بۆ پاڵەوان و خاوەن پلەكانی یەكەم و دووەم و سێیەم ئامادە بكرێت بەپێچەوانەوە ئێمە كشانەوەی خۆمان لەم پاڵەوانێتیە ڕادەگەیەنین.
یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق جۆڤان تۆمی هەمان بیروبۆچوونی یاریزان ئامانج-ی هەبوو و گوتی: لەگەڵ نەبوونی پاداشت بۆ یانەی خاوەن پلەی یەكەم، كەچی پاداشتی تایبەت بۆ یاریزانەكانیش نییە، كە دەبنە پاڵەوانی ڕكابەرییە تاكەكان ئەمەش جێگەی نیگەرانی ئێمەیە.
دواتر یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق ماسیمۆ فەریق دەربارەی ئەم پاڵەوانێتیە گوتی: سێ ساڵ پێش ئێستا خاوەن پلەی یەكەم بڕی دوو ملیۆن دیناری وەكو پاداشت وەردەگرت، كە ناكاتە پارەی كڕینی پایسكلێك بۆ یاریزانەكان، كەچی لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا ئەم بڕە پارەیەش نەماوە، تەنیا جامەكی بچووك پێشكەش بەیاریزانەكان دەكەن، بۆیە ئەگەر پاڵەوانێتی كوردستان بەمشێوازە بەردەوام بێت ئەوە جارێكی دیكە بەشداری ناكەین، چونكە بەشداریكردن لەم پاڵەوانێتیە تەنیا زیان لێكەوتنە و هیچ سوودێكی نییە چ لەڕووی ئاست و چ لەڕووی ماددی.
لەكۆتاییدا یاریزانی یانەی هەولێر ڕێباز موزفەر گوتی: چەندین ساڵە لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم بەدەست دەهێنین، ئەركی یەكێتی پایسكلسواری كوردستان ئەوەیە خاوەن پلەی یەكەم خەڵات بكات بەبڕە پارەیەك، چۆن یەكێتیە وەرزشیەكانی تر چ تۆپی پێی یان باسكە و بالەو تۆپی دەست..و تاد، یانە سەركەوتووەكان خەڵات دەكەن، ئەوانیش دەبێت هەمان كار ئەنجام بدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە یانەی هەولێر خەڵاتی یاریزانەكان دەكات بۆئەوەی ببێتە پاڵپشتی و هاندان بۆ ئێمە، بۆیە ئێمە وەكو یاریزانانی یانەی هەولێر هەڕەشەی كشانەوە لەخولەكانی كوردستان دەكەین ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێت.
لەكۆتاییدا دەبێت باس لەوە بكرێت، كە یاریزانانی تیپی لاوان و تازەپێگەیشتووانی یانەی هەولێر هەمان هەڵوێستیان هەیە، دەبێت یەكێتی پایسكلسواری كوردستان چ وڵامدانەوەیەكی بەرانبەر هەڕەشەی یاریزانانی یانەی هەولێر هەبێت!
Top