هیبە تەڵاڵ یاریزانی شمشێربازی یانەی ئەكاد: هیوادارم دایكان و باوكان هاوكاری كچەكانیان بكەن و نەبنە بەربەست
*چۆن بوو هاتیە نێو دنیای یاری شمشێربازی؟
-بەهۆی ئەو حەز و خولیایەی كە لەم یارییە هەمبوو، حەزم دەكرد ئاستی خۆم لەم یارییە بدۆزمەوە، بۆیە هاتمە نێو دنیای شمشێربازی.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-لەئێستادا ئاستی ئەو یارییە باشە، یانەكانیش گرنگی بەم یارییە دەدەن وەكو ئەوەش نییە بڵێین لەئاستێكی بەرزە، چونكە ئەو یارییە زیاتر یاری ئاسنینە لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی یانەكانی كوردستان ڕوو لەم وەرزشە دەكەن لەئاییندەدا باشتر دەبێت، دەتوانین ئەنجامی باش بۆ كوردستان تۆمار بكەین.
*چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێ لە كوردستان و عێراق؟
-پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە لەگشت شارەكانی كوردستان و عێراق، یانەكانیش گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەن. لەڕووی مادییەوە پشتگیری یانەكان بكرێت و ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئەم یارییە بهێنین، لەو باوەڕەم ئاستی زۆر بەرەو پێش دەچێت، خولی بەردەوامیش ئەنجام بدرێـت بۆ یاریزانانی كچ بەتایبەتی.
* لەشاری هەولێر گرنگی بەم یارییە دەدرێت؟
-ئاستی ئەم یارییە لەهەولێر باشە، بەڵام ڕێژەی كچە یاریزانانمان لەشمشێربازی زۆر كەمە.
*لەو یارییە زیاتر یاری شمشێر بەكارهێنانە، هیچ كات تووشی گرفت نەبوویتە یاخود بۆكچان ئەستەم نییە لەكاتی یاری كردندا؟
-نەخێر هیچ كات تووشی گرفت نەبوویمە و پێشموایە بۆكچان یارییەكی ئاسانە و تووشی كێشە نابن هەروەكو یارییەكانی ترە، چونكە ئێمە جل و بەرگری تایبەت دەپۆشین لەیارییەكان.
*جگە لەیاری شمشێربازی هیچ یارییەكی ترت ئەنجام داوە؟
-خۆم قوتابی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشیمە لەزۆربەی یارییەكان شارەزاییم هەیە، بەڵام حەزم تەنیا لە شمشێربازییە.
*خانەوادەكەت هیچ كات ڕێگریت لێ ناكەن لەوەرزشكردن؟
-نەخێر، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر هاوكاریشم دەكەن، هیچ كات ڕێگرم نەبوونە لەوەرزش كردن بگرە هاوكارییەكی یەكجار زۆریان كردوومە، بەهیوای ئەوەشم گشت خانەوادەكانیش وەكومن هاوكاری كچەكانیان بكەن لەماڵەوە.
*كێشەو گرفتی ئەو یارییە زیاتر لەچی دەبینیی؟
-نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە لەشارەكان، ئەوەش كێشەیە كەناهێڵێت یاریزان زۆر ڕوو لەم یارییە بكەن. نەبوونی ئامێری پێشكەوتوو و كەمی كەمپی دەرەكی لەدەرەوەی وڵات ئەوانە هەمووی كێشەن لەم یارییە. پێویستە ئەم هۆكارییانە بكرێت بۆئەوەی یاریزانانی كچ زیاتر ڕوو لەم وەرزشە بكەن.
*هیوا و ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
-ئەم یارییە گەشەكردنێكی باش بەخۆیەوە ببینێ و یاریزانی كچ زیاتر بن لەم یارییە، بتوانم ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەستبهێنم لەگەڵ یانەكەم و بگەمە ئاستی هەڵبژاردەی عێراق.
*یانەی ئەكاد چۆن هاوكاریتان دەكات؟
-كەمتەرخەمیان نەكردووە ئەوپەڕی توانی خۆیان بۆمان خستۆتە گەڕ بۆئەوەی ئاستمان بەرز بێتەوە، بەهیوای ئەوەشم زیاتر پشتگیریمان بكەن.
*داواكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
-بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەم یارییە جیهانیە بدرێـت، خولی زیاتر بۆكچان بكرێتەوە و یانەكان زیاتر پشتگیری یاریزانان بكەن.
*ئەگەر شتێكت ماوە؟
-سوپاس بۆگۆڤاری گوڵان بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەئافرەتانی وەرزشكار بدەن، لەگشت شارەكانی كوردستان.