ڤینگەر بەمانەوەی ڤان پێرسی گەشبینە

ڤینگەر بەمانەوەی ڤان پێرسی گەشبینە
ئارسن ڤینگەر ڕاهێنەری یانەی ئەرسنالی ئینگلیزی دووپاتیكردەوە كە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی بۆندی یاریزانی هۆڵەندی ڕۆبن ڤان پێرسی بۆئەوەی لەیانەی گەنەرز لەوەرزی داهاتوو بەردەوام بێت، ڤینگەر لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئێمە هەوڵ دەدەین كێشەی بۆندی ڤان پێرسی چارەسەر بكەین بۆئەوەی لەنزكترین كاتدا بۆندەكەی درێژ بكەینەوە، من گەشبینم، بێگومان ئێمە دەمانەوێ ئەستێرەكانی یانەكەمان لەگەڵمان بەردەوام بن، ڤان پێرسی و والكۆت و هەموو یاریزانەكانی دیكە، بێگومان مانەوەیان پابەندە بەئەنجامەكانی یانەكەمان لەكۆتایی ئەم وەرزە.
یاریزان ڤان پێرسی لەم وەرزەدا ئاستێكی بەرزی لەگەڵ یانەی ئەرسنال پێشكەش كردووە و بووە ئەستێرەی یەكەمی یانەكەی بەتایبەتی دوای ڕۆیشتنی هەردوو یاریزان سیسك فابریگاس بۆ یانەی بەرشلۆنە و سەمیر نەسری بۆ یانەی مانچستەر سیتی، تا ئێستا گۆڵكەری خولی یانە نایابەكانی ئینگلتەرایە بەتۆماركردنی 26 گۆڵ.
شایانی باسە بەهۆی ئاست بەرزی یاریزان ڤان پێرسی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا وەك یانەكانی مانچستەر سیتی و ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە بەهەموو تواناكانیان هەوڵ دەدەن یاریزانی ناوبراو بۆخۆیان ڕابكێشن.
Top