مارسیلۆ خەون بەجــامی چامپیۆنز لیگەوە دەبینێت

مارسیلۆ خەون بەجــامی چامپیۆنز لیگەوە دەبینێت
یاریزانی هەڵبژاردەی بەرازیل مارسیلۆ یاریزانی هێلی بەرگری یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی دووپاتیكردەوە كە خەون بەوە دەبینێت نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا (چامپۆنز لیگ) لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەست بهێنێت لەم وەرزەدا، هەروەها مارسیلۆ ئەوەشی ڕاگەیاند هەموو توانای خۆی تەرخانكردووە بۆئەوەی ئاستی خۆی بەرەو پێش ببات، هەموو كاتێكیش ئەوپەڕی توانای خۆی پێشكەش دەكات چ لەكاتی یارییەكان یان لەكاتی مەشقەكان.
مارسیلۆ لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەی ڕیال مەدرید گوتی: هەر یاریزانێك كە لەئەوروپا یاری دەكات خەون بەوە دەبینێت لەگەڵ یانەكەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بباتەوە، منیش هیچ جیاوازییەكم لەگەڵ ئەوان نییە، بەڵێ دەمەوێ ئەم نازناوە لەگەڵ ڕیال مەدرید ببەمەوە.
هەروەها مارسیلۆ گوتی: ڕیال مەدرید ژمارەیەكی زۆری لەیارییەكان لەپێشە بۆئەوەی نازناوی خولی یانەكانی ئەوروپا بباتەوە، بۆیە پێویستە تیپەكەمان بەباشترین شێوە یاری بكات بۆ بەدیهێنانی ئەم خەونە گەورەیە، ڕیال مەدرید لەهەر خولێك بەشدار دەبێت پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەكان، بەڵام هێشتا زۆرمان لەپێشە و پێویستە خۆمان ماندوو بكەین بۆ ئەوەی بگەینە جامی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، من پشت بەیاریزانەكانی یانەی شاهانە دەبەستم و متمانەی تەواوم پێیان هەیە بۆ ئەوەی جامەكە بەدەست بهێنن.
Top