یانەی هەولێر راهێنەر ناگۆرێت

یانەی هەولێر راهێنەر ناگۆرێت
گوڵان: كارزان كانەبی
رۆژی دووشەممە و سێشەممە لە دەزگا راگەیاندنەكانی عەرەبی هەواڵێكی نادروست سەبارەت بە لابردنی راهێنەر نەزار مەحروس لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر و دەستنیشان كردنی راهێنەر سائر جەسام وەكو راهێنەری یانەی هەولێر بڵاوبۆوە، بەداخەوە ئەم هەواڵە لە كاتێكی هەستیار بڵاوبۆوە، كە یانەی هەولێر لەبەردەم یارییەكی چارەنووسازدابوو لە جامی یەكێتی ئاسیا بەرانبەر یانەی ئێست بەنگالی هیندی.
یانەكەمان تەئكید لەوە دەكاتەوە، كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری راهێنەر نەزار مەحروس نابێت و پابەندین بەو گرێبەستی، كە لە نێوان هەردوو لا ئیمزا كراوە، چونكە لەگەڵ دەستبەركاربوونی وەكو راهێنەری یانەی هەولێر، نەزار مەحروس توانیتی لەم ماوەیەدا ئەنجامی باش لە خولی بژاردەی عێراق و جامی یەكێتی ئاسیا بە دەستبهێنێت و لە هەردوو پاڵەوانێتیدا لە پلەی یەكەمی ریزبەندایە، هەروەها یانەكەمان بەهیچ شێوەیەك بیر لە مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ راهێنەری عێراق ناكات لەم كاتەدا، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەم كاتە هەستیاردا مەبەستی دروستكردنی باروودۆخێكی نالەبار بوو لە نێو یاریزانان و تا رادەیەك بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە كاردانەوەیەكی خراپی لەسەر یاریزانەكان هەبوو.
و بە مافی خۆمان دەزانین داوای یاسایی لەسەر هەر دەزگایەكی راگەیاندن بەرزبكەینەوە، كەپروپاگەندە و هنەواڵی نادروست لەسەر یانەكەمان بڵاو دەكاتەوە بە بێ بوونی سەرچاوەیەكی ئاشكرا.
لە لایەكی ترەوە چەند رۆژێكە لێرە و لەوی دەنگۆی ئەوە هەیە، كە یانەی هەولێر رێگە ناداتە ئەو رۆژنامەنووسانی، كە رەخنە لە یانەكە دەگرن بێنە نێو یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری.
یانەكەمان پرۆپاگەندانە بە نادروست وەسف دەكات، چونكە بە هیچ شێوەیەك رێگری لە كەس نەكراوە بۆ ئەوەی لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی كاری ئاسایی خۆی و دەستەی كارگێری یانەكەمان، لە گشت كۆبوونەوەكانیدا بڕیاری لەم شێوەی نەداوە و بەنیازیش نییە ئەم جۆرە بریارانە بدات، چونكە یانەی هەولێر مولكی هەموو خەڵكی كوردستانە، بەڵام بە داخەوە هەندێك لە رۆژنامەنووسەكان بە مەبەستی دروستكردنی ناوێك لە نێو خەڵكدا بەهەموو جۆرێك هێرش دەكانە سەر یانەكەمان بە بێ بوونی هیچ هۆكارێك، تەئكید لەوە دەكەینەوە، كە ئێمە هەردەم سینگمان فراوانە بۆ رەخنەی بونیادنان و سوودی لێ وەردەگرین.
لە كۆتاییدا دەرگاری یانەی هەولێر بۆ هەموو رۆژنامەنووسێك-ی ئەم كوردستانە كراوەیە و هەروەها ئێمە هیچ شتێكی شاراوەمان نییە هەر كەسێك حەز دەكات لە نزیكەوە ئاگاداری چۆنیەتی سەرفكردنی بودجەی یانەكەمان بێت ئەوە دەرگاری بەشی دارایی كراوەیە، هەرچەندە بەرێوەبەرایەتی چاودێری و دارایی هەرێمی كوردستان مانگانە سەردانی یانەكەمان دەكات بۆ ئاگاداربوونی لە چۆنیەتی سەرفكردنی ئەم بودجەیە سوپاس بۆ خوا تا ئێستا لە راپۆرتی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی هیچ رەخنەیەك ئارستەی یانەكەمان نەكراوە.
Top