هاوینی داهاتوو ئەنچیلۆتی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی یاریزانان خەرج دەكات

هاوینی داهاتوو ئەنچیلۆتی 100 ملیۆن یۆرۆ بۆ كڕینی یاریزانان خەرج دەكات
كارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بڕیاریداوە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ لە گرێبەستەكانی هاوینی داهاتووی یانەكەدا خەرج بكات و ئەو بڕە پارەیە بخاتە بەردەستی كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەكە بۆ هێنانی ئەو یاریزانانەی ئەو راهێنەرە بە پێویستیان دەزانێت.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی فەرەنسا ئاشكرایان كردووە دیارترین گرێبەستی ئەنچیلۆتی كڕینی ریكاردۆ كاكای ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێت.
گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی لە دوا ژمارەی خۆیدا ئاشكرای كردووە ئەو 100 ملیۆن یۆرۆیەی كارگێڕیی یانە پاریسییەكە دەست نیشانی كردووە ئەوەندە و نیوەی كورتهێنانی بودجەی یانەكانی پلە یەك و دووی فەرەنسایە.
لە بەرامبەردا رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی روونی كردووەتەوە كە بەرپرسانی یانەكە هێشتا خەون بە هێنانی كاكاوە دەبینن، هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا گەڕاوەتەوە پێكهاتەی سەرەكی ریال مەدرید و بە شێوەیەكی باش یاری دەكات.
رۆژنامەكان ئەو یاریزانانەی تریان دەستنیشان نەكردووە كە ئەنچیلۆتی هیوای كڕینیانی هەیە، بەڵام پێشتر دەگوترا كە ئەلیكساندەر پاتۆی هێرشبەری بەرازیلی یەك لە گەورەترین داواكارییەكانی ئەنچیلۆتییە.
Top