ئیسپانیا ئەوروپای داگیر كردووە

ئیسپانیا ئەوروپای داگیر كردووە
دڵخۆشی باڵی بەسەر هاندەرانی تیپەكان و تۆپی پێی ئیسپانیدا كێشا و رۆژنامەكان پێشبڕكێیان بوو لەسەر ئاهەنگگێڕان بە سەركەوتنی نایابی یانەكانی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتییە ئەورووپییەكاندا كە لەوانەیە یاری كۆتایی هەردوو پاڵەوانیەتیی لەنێو چوار یانەی ئیسپانیدا بەڕێوەبچێت.
یانەكانی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید گەیشتنە یاری پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە یەكەمیان بەرامبەر چێڵسی ئینگلیزی و دووەمیان بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی یاری دەكات و ئەگەر هەردوو یانە سەربكەونە یاری كۆتایی، ئەوا لە 19ی ئایاری داهاتوودا لەسەر یاریگەی ئەلیانز ئەرینا بەیەك دەگەن.
هەروەها یانەكانی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ئەتلەتیك بلباو و ڤالنسیا گەیشتە قۆناخی پێش كۆتایی خولی ئەوروپی.
لەو قۆناخەدا هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید و ڤالنسیا بەیەك دەگەن و ئەتلەتیك بلباو بەرامبەر سپۆرتینگ لشبۆنەی پورتوگالی یاری دەكات و لایەنێكی یاری یەكەم یانەیەكی ئیسپانییە و ئەگەر بلباویش سەربكەوێت، ئەوا یاری كۆتایی لە نێوان دوو یانەی ئیسپانیدا دەبێت.
ئەمە هاوتای ساڵی 2000ە كاتێك 3 یانەی ئیسپانی گەیشتنە قۆناخی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و ریال مەدرید نازناوەكەی بردەوە، هەروەها ساڵی 2007 یاری كۆتایی جامی یەكێتیی ئەوروپای ئەوكات لە نێوان سڤیلیە و ئیسپانیۆلدا بوو.
رۆژنامەی ماركای ئیسپانی لەوبارەیەوە دەڵێ ئێمە كۆنترۆڵی كیشوەری پیرمان كردووە، رۆژنامەی ئاس هیوای خواستووە هەردوو یاری كۆتایی 4 یانەی ئیسپانی كۆبكاتەوە.
رۆژنامەكە باسی ئەوەی كردووە كە ئیسپانییەكان دڵخۆشن بەسەركەوتنی یانەكانیان و دەڵێ ئەمە زۆر پێویست بوو لە كاتێكدا ئیسپانییەكان لە نێو لێشاوی تەنگژەی توندی ئابووریدا دەژین، هەرچەندە تۆپی پێ چارەسەری كێشەكان ناكات، بەڵام دەتوانێ كەسە خەمبارەكان دڵخۆش بكات و ئەوەش بۆ ئێستا زۆر پێویست بوو.
Top