راهێنەری بایرن میونشن: ریال مەدرید دەكەینە دەرەوە

راهێنەری بایرن میونشن: ریال مەدرید دەكەینە دەرەوە
دوای یەكلابوونەوەی یارییەكانی چوارگۆشەی زێڕینی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا كە تێیدا ریال مەدرید و بایرن میونشن بەرامبەر یەك یاری دەكەن و بەرشەلۆنە رووبەڕووی چێڵسی ئینگلیزی دەبێتەوە، راهێنەری یانە ئەڵمانییەكە گوتی ریال مەدرید دەكەینەوە دەرەوە.
یۆب هاینكسی راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی گوتی پێم وایە یانەكەم هەموو ئەو پێویستییانەی لەبەردەستدایە كە دەیگەیەنێتە یاری كۆتایی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرشەلۆنە.
هاینكسی 66 ساڵ گوتی دەتوانین بە دوو یاری ریال مەدرید بكەینە دەرەوە، ئاساییە دوو یانەی ئیسپانی بگەنە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، لەوانەیە ریال مەدرید تۆزێك لە ئێمە بەهێزتر بێت، بەڵام بە ئەنجامی هەردوو یاری چوون و هاتن ئێمە ئەوان دەكەینە دەرەوە.
هەروەها گوتی هەمیشە یاریكردن بەرامبەر ریال مەدرید قورسە، بەڵام بایرن میونشن مێژوویەكی لە بەرامبەر ئەو یانەیەدا هەیە و ئەوەش شتێكی پۆزەتیڤە، بۆ ئەوەی ریال مەدرید بكەینە دەرەوە دەبێ وزەی پێویستمان بەر لە یارییەكە هەبێت و ئێمەش بەرنامەیەكی چڕوپڕمان هەیە لە یارییەكانی هەفتەی داهاتوودا، لەبەرئەوە هیوادارم بتوانین لێیان ببەینەوە و هەموو یاریزانەكانمان ئامادەبن.
Top