كێشەكانی نێوان فیفا و بەرازیل لەبارەی مۆندیالی 2014 سەرهەڵدەدەنەوە

كێشەكانی نێوان فیفا و بەرازیل لەبارەی مۆندیالی 2014 سەرهەڵدەدەنەوە
800 رۆژ بەر لە دەستپێكردنی یارییەكانی مۆندیالی 2014 لە بەرازیل، جارێكی تر كێشە و ناكۆی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی و وڵاتی رێكخەری پاڵەوانیەتییەكەدا كێشایەوە.
نیشانەی ناكۆكی نێوان ئەو دوو لایەنە بریتیە لە جیرۆم فالكەی سكرتێری گشتیی فیفا لە دوای ئاشكراكردنی ویستی بۆ سەردانی بەرازیل، لەلایەن لیژنەیەكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتەوە كە توێژینەوە لە یاسای گشتیی مۆندیالی دەكات، سەردانەكەی رەتكرایەوە.
رۆبەرتۆ ریكیاوی سەرۆكی لیژنە بەرازیلییەكە گوتی نایەوێ گوێ لە فالكە بگرێت، هەروەها گوتی ئەو دەرگاوان و خزمەتكاری فیفایە و دووپاتی كردەوە ئەوان تەنیا گوێ لە سیپ بلاتەری سەرۆكی فیفا دەگرن.
ئەو ئەندامە زۆر خراپ هێرشی كردە سەر فالكە بەهۆی لێدوانی پێشترییەوە لە لەندەن كە رەخنەی توندی ئاراستەی بەرازیل كردبوو و گوتبووی دەبێ بەرازیل شەقی تێهەڵبدرێت بۆ ئەوەی كارەكانی خێرا بكات لە رێكخستنی مۆندیال و بەرپرسە بەرازیلییەكە گوتی من شەقێكی باش لەو دەدەم.
ئەم لێدوانە بووە نائومێدی لە بەرازیل و هەر ئەوەش وای لە وەزیری وەرزشی ئەو وڵاتە كرد بڵێ حكوومەتی بەرازیل گوێ لە فالكە ناگرێت وەك گوتەبێژی فیفا.
هەرچەندە دوای ئەو لێدوانانە فالكە و سەرۆكی فیفاش داوای لێبوردنیان لە بەرازیل كرد، بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئاساییكردنەوەی كێشەكانی نێوانیان.
Top