دانە حوسێن: كچە پاڵەوانی گــــــــۆڕەپان و مـەیـدان بۆگــوڵان:لەئۆڵۆمپیادی لەندەن مـــەدالیای زێڕ لەمل دەكەم
ئەم كچە یاریزانە لەدایكبووی ساڵی 1986ی شاری بەغدادە، یاریزانی ڕاكردنی 100م و 200م، خاوەن ژمارەی پێوانەیی عێراقە لەڕاكردنی 100م و توانی لەپاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لەوڵاتی قەتەر مەدالیایەك-ی زێڕ لەڕاكردنی 100م بەدەستبهێنێت و مەدالیای زیو لەڕاكردنی 200م و مەدالیای برۆنز لەڕاكردنی 400م بەدەستبهێنێت، و بەشداری لەئۆڵۆمپیادی پەكین 2008 كردووە، بەڵام ئەنجامەكەی وەكو پێویست نەبوو، دوای ئەم دەستكەوتانە ئەم كچە یاریزانە ڕاستەوخۆ بۆ ئۆڵۆمپیادی لەندەن سەركەوت و ئێستاش خۆی بۆ ئەم پاڵەوانێتیە ئامادە دەكات و ئۆردوگایەكی مەشقی لەشاری هەولێر ئەنجامدا.
*چۆن خۆت بۆ ئۆڵۆمپیادی لەندەن 2012 ئامادە كردووە؟
- خۆم بەباشی بۆ ئۆڵۆمپیادی لەندەن 2012 ئامادە كردووە و بەیانیان و ئێواران مەشقی خۆم ئەنجام دەدەم، بەڵام ئۆردوگای مەشقیم درەنگ ئەنجام دا، بۆیە دەبێت لەداهاتوو زیاتر خۆم لەمەشقەكانم ئامادە بكەم و لەماوەیەدا ئۆردوگایەكی مەشقی لەشاری بەغداد ئەنجام دەدەم.
* چۆن دەستكەوتەكانی خۆت وەسف دەكەی لەیارییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەقەتەر و پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی لەشارقە؟
- هەستم بەخۆشیەكی زۆر كرد، چونكە خۆم بۆ ئەم دوو پاڵەوانێتیە زۆر ماندوو كرد بۆئەوەی بتوانم دەستكەوتێك بەدەستبهێنم، هەر كەسێك لەمەشقەكانی بەردەوام بێت ئەوە بەتەئكید دەتوانێت مەدالیا بەدەستبهێنێت.
* ئەوەی تێبینی دەكرا ماوەیەك ئاستت بەشێوەیەكی مەترسیدار دابەزی، هۆیەكەی بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
- هەر ڕاهێنەرێك تەكتیك بۆ یاریزانی خۆی دادەنێت بۆئەوەی دەستكەوت لەپاڵەوانێتیەكی دیاریكراو بەدەستبهێنێت، ڕاستە من لەهەندێك پاڵەوانێتی ئەنجامم وەكو پێویست نەبوو، بەڵام ئەم پاڵەوانێتیانە وەكو خۆئامادەكردن بوو بۆ یارییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەقەتەر، هەروەها دەبێت وەرزشوان باوەڕی بەدۆڕان و بردنەوە هەبێت، ئەگەر نەدۆڕێت ناتوانێت سەركەوتن بەدەستبهێنێت.
* بۆچی زۆربەی دەستكەوتەكانی یاریییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبە نەوەك لەسەر ئاستی ئاسیا؟
- تا ڕاددەیەك ڕاستە، بەڵام ئێمە لەسەرەتا هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵەوانێتیەكانی عەرەب-مان كرد دواتر هەوڵ دەدەین لەسەر ئاستی ئاسیا مەدالیا بەدەستبهێنین دواتر لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە هەموو دەستكەوتێكی گەورە هەنگاو بەهەنگاو تۆمار دەكرێت، من حەز دەكەم ببمە ئەستێرەی ئۆڵۆمپیاد لەهەمان كاتدا ئەم دەستكەوتی پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبی لەقەتەر دەرگایەكی گەورەی بۆ كردمەوە بۆ ئەوەی لەپاڵەوانێتیەكانی ئاسیاش مەدالیا بەدەستبهێنم، چونكە هەست دەكەم ئاستم لەگەڵ یاریزانەكانی وڵاتانی ئاسیا وەكو یەكە.
* ئایا وازهێنانی گوڵستان مەحمود لەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان نەبووە هۆكاری ئەوەی كە تۆ ببیە ئەستێرەی بووكی یارییەكان لەعێراق؟
- نەخێر، چونكە بوونی گوڵستان لەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هۆكارێكی زۆر باش بوو بۆ من تاوەكو ئاستم بەرزبكەمەوە و بوونی ڕكابەری لەنێوانمان، هەست بەدڵگرانی دەكەم، كە ئەم كچە یاریزانە وازی لەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان هێناوە، چونكە دەیتوانی لەیارییەكانی ڕاكردنی پۆستە مەدالیا یارمەتیەكی زۆری دەداین بۆ بەدەستهێنانی مەدالیا.
* چۆن دەڕوانیە ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی عێراق بەتایبەتی كچان؟
- ئاستی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لەسەر ئاستی كچان زۆر لاوازە، هۆكارەكەش بۆ نەبوونی قوتابخانە و بۆ پێگەیاندنی یاریزان و هەروەها لەعێراق ڕاهێنەری ئەكادیمی نییە كە بتوانێت یاریزان دروست بكات، بۆ نموونە لەیارییەكانی وڵاتانی عەرەبی، كە لەقەتەر بەڕێوەچوو ئەگەر هەڵبژاردەی عێراق دوو كچە یاریزانی تری هەبوایە، ئەوە دوو مەدالیای مسۆگەر دەكرد لەڕاكردنی پۆستە (100x4)م و ڕاكردنی پۆستە (400x4)م.
*هۆكاری ئەم لاوازیە بۆ چ دەگەڕێتەوە؟
- چەندین هۆكار هەیە، ئەوەیش خراپی بارودۆخی ئەمنی و هەروەها عێراق وڵاتێكی كۆمەڵایەتیە زۆر بەزەحمەتی كچ دێتە نێو وەرزش لەگەڵ بوونی چەندین هۆكاری تر.
* تا چەند ماڵەوەتان پاڵپشتیت لێدەكەن بۆ ئەوەی لەم یارییە بەردەوام بیت؟
- هەردەم ماڵەوەمان پاڵپشتیان لێكردووم چ لەپاڵەوانێتیەكانی دەرەوە یاخود ناوەخۆ، ئەگەر ئەوان پاڵپشتیان لەمن نەكردبایە، ئەوە نەمدەتوانی ئەم دەستكەوتانە بەدەستبهێنم.
* پرۆگرامت بۆ پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو چیە، جگە لەئۆڵۆمپیادی لەندەن؟
- ئەوەی ڕاستی بێت، دەتوانم ببمە ئەستێرەی ئۆڵۆمپیاد و پاڵەوانی جیهان بۆ گۆڕەپان و مەیدان، ئەگەر هەموو شتێكیان بۆ دابین كردم لەكردنەوەی ئۆردوگای مەشقی باش...و تاد، ئەمەش نابێتە لەخۆبایی بوون، چونكە من متمانەیەكی زۆرم بەئاستی خۆم هەیە.
ڕاستە لەم ماوەیەدا بایەخ بەیارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان دەدرێت لەلایەن یەكێتی گۆڕەپان و مەیدان لەعێراق و لیژنەی ئۆڵۆمپی عێراق و وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق، بەڵام بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر ئەم پاڵپشتیە وەكو پێویست نییە.
لەكۆتاییدا دانا حوسێن پەیامێكی ئاراستەی كچە یاریزانەكان كرد و گوتی: هیوادارم هەموو كچە یاریزانەكان لەكاتی مەشقەكانیان بیر لەبەدەستهێنانی نازناو بكەنەوە و لەمەشق كردن بەردەوام بن.