بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە، پێویستە مانچینی نازناوی خولی ئینگلیزی بباتەوە

بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە، پێویستە مانچینی نازناوی خولی ئینگلیزی بباتەوە
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی بەریتانیا ئاشكرایان كرد گومانی زۆر هەیە لەسەر بەردەوامبوونی رۆبەرتۆ مانچینی لە مانەوەی لە راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی ئەگەر نازناوی وەرزی ئەمساڵی خولی نایاب نەباتەوە.
گرێبەستی مانچینی لەگەڵ یانەكەدا 12 مانگی تری ماوە، بەڵام رۆژنامەی زە ئیندیپێندیت گوتی خاوەنەكانی یانەكە و خەلدون موبارەكی سەرۆكی یانەكە، پێداچوونەوە بە داهاتووی تیپەكەدا دەكەن دوای كۆتایی هاتنی وەرزی ئەمساڵ.
دوای ئەوەی یانەی ناوبراو بڕی 240 ملیۆن پاوەندی لە گرێبەستەكانی كڕینی یاریزاناندا لە ژێر سەرپەرشتی مانچینیدا خەرج كرد و یانەكە چەند مانگێك پێشەنگی خولەكەی بەدەستەوە بوو، ئێستا لە دوای مانچستەر یونایتد دێت بە 5 خاڵ و بەوەش تیپەكە فشارێكی زۆری لەسەرە.
رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە یەك لە كێشەكانی ئەمساڵی مانچینی هێشتنەوەی بالۆتێلی بووە لە تیپەكە كە هەردەم سەرەڕۆیی زۆر دەكات و كێشە لەگەڵ یاریزانەكانی تری تیپەكەدا دروست دەكات و بەوەش ناكۆكی لە نێو ریزەكانی یانەكەدا هەستی پێدەكرێت.
Top