ماسكیرانۆ: ئێمە دەبینە پاڵەوانی ئەوروپا
ئەو یاریزانە دوای بردنەوەی یانەكەی لە میلانی ئیتاڵی 3-1 و سەركەوتنی بۆ چوارگۆشەی زێڕینی پاڵەوانیەتییەكە گوتی ئەگەر لە چڵسی ببەینەوە، بێگومان یاری كۆتایی دەبەینەوە.
ماسكیرانۆ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی گوتی كێ یاری پێش كۆتایی لە نێوان ئێمە و چێڵسیدا بباتەوە، ئەو نازناوەكە مسۆگەر دەكات.
بەو لێدوانە ماسكیرانۆ ئەگەری بوونی ریال مەدریدی لە یاری كۆتاییدا پشتگوێ خست و دووپاتی كردەوە تیپەكەی لە ئێستاوە یاری كۆتایی پاڵەوانیەتییەكەی بردووەتەوە.
لەبارەی یارییەكەی میلانەوە بەرگریكەرەكەی بەرشەلۆنە گوتی پیپ گواردیۆلای راهێنەر خۆی بە شێوەیەكی زۆر باش بۆ یارییەكە ئامادە كردبوو و پلانێكی سەركەوتووی هەبوو بۆ ئەو كارە.
وێڕای بردنەوەی بەرشەلۆنە 3-1، رۆژنامەكانی ئەوروپا گومانی زۆریان لە لێدانی سزای دووەمی یانەی بەرشەلۆنە لە بەرامبەر میلاندا پێشان دا كە چارەنووسی یارییەكەی یەكلا كردەوە.