بالۆتێلی بۆ فرۆشتنە

بالۆتێلی بۆ فرۆشتنە
یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی ئامادەیە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت كە پێشكەشی دەكرێن بۆ كڕینی ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری یانەكە لە هاوینی داهاتوودا.
رۆژنامەی زە تەلێگرافی بەریتانی ئاشكرای كرد كێشە بەردەوامەكانی بالۆتێلی لە نێو یاریگا و لە دەرەوەی یاریگا ئەو یاریزانەی لە رۆیشتن لە یانەی مانچستەر ستی نزیك كردووەتەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەكە گلەیی ئاشكرای لەو یاریزانە كرد و ناڕەزایی خۆی لە هەڵسوكەوتەكانی پێشان دا.
رۆژنامەكە ئاشكرای كردووە یانەی مان ستی ئامادەی گوێ لە دەستەوارەكانی كڕینی بالۆتێلی بگرێت لە هەر یانەیەكەوە بێت.
مانچینی دوای یەكسان بوونی یانەكەی لە بەرامبەر سەندەرلاند 3-3 لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا گلەیی ئاراستەی بالۆتێلی كرد.
هەرچەندە لەو یارییەدا بالۆتێلی دوو گۆڵی بۆ یانەكەی تۆمار كرد، بەڵام ئەو دوو گۆڵە نەبوونە جێگەی رەزامەندی راهێنەری یانەكە و ئەو گوتی دەبوو ماریۆ ئاستێكی زۆر لەوە بەرزتر پێشكەش بكات.
Top