لاپۆرتا: گواردیۆلا سەرۆكی داهاتووی یانەی بەرشەلۆنەیە
لاپۆرتا هەروەها ئاشكرای كرد كە چاڤی هێرناندێزی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەكە دوای وازهێنانی لە یاریكردن دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەكە.
پێشبینییە بوێرەكانی لاپۆرتا لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی لاریپۆبلیكای ئیتاڵی هات كاتێك لاپۆرتا رەخنەی لە كارگێڕیی ئێستای یانەكە بە سەرۆكایەتی ساندرۆ رۆسێل گرت بەهۆی گرێبەستكردنی لەگەڵ دامەزراوەی قەتەر فاوندەیشن و پشتگوێ خستنی رێكراوی یونیسكۆ.
سەرۆكی پێشووی بەرشەلۆنە باسی لە ئەزموونی هێنانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیجی یاریزانی پێشووی یانەكەی كرد و گوتی ئەو نەیتوانی لەگەڵ شێوازی یاریكردنی بەرشەلۆنەدا خۆی بگونجێنێت و لە هەمان كاتدا فێرگەی لاماسیای یانەكەی بە ئەزموونێكی ناوازەی پێگەیاندنی یاریزانان ناوبرد.
هەروەها دووپاتی كردەوە كە پێویستە بەرشەلۆنە دروشمی سەرەكی خۆی كە دەڵێ بەرشەلۆنە تەنیا یانەیەك نییە، جێبەجێ بكات و بۆ ئەوەش پێویستە سەركردایەتی یانەكە پایەندی بنەماكانی بیركردنەوەی یانەكە بن و سەربەخۆیی بپارێزن.