مۆدریچ گرێبەستەكەی نوێ ناكاتەوە تا نەزانێ راهێنەری داهاتووی كێیە
مۆدریچی 26 ساڵ لەلایەن زۆر یانەی ئەوروپییەوە داواكراوە كە لەسەروویانەوە چێڵسی و مانچستەر یونایتد دێت و هەرچەندە هاوینی رابردوو هەردوو یانە ئامادەبوون تا 40 ملیۆن پاوەند بەو یاریزانە بدەن، بەڵام یانەكەی رازی نەبوو دەستبەرداری بێت.
مۆدریچ لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی میرۆری بەریتانی دووپاتی كردەوە كە بڕیار لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نادات تا ئەوكاتەی نەزانێت راهێنەری داهاتووی یانەكەی كێیە، بە تایبەت كە قسەی زۆر هەیە لەسەر رۆیشتنی هاری ریدناپی راهێنەری یانەكە بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بۆ شوێن گرتنەوەی فابیۆ كاپیلۆ.
رۆژنامەكە دەڵێ مۆدریچ ئەوەی یەكلایی كردووەتەوە كە راهێنەری داهاتوو دەست نیشانی ویستی یانەكە دەكات لە بەرامبەر نازناوەكاندا و ئەگەر یانەكە ویستی بردنەوەی نازناوەكانی نەبێت و تەنیا بە پلەكانی سێیەم و چوارەمی خولی ئینگلیزی رازی بێت، ناچارم بیر لە رۆیشتن بكەمەوە.