نرخی یاریزانەكانی ئینتەر میلان دابەزیوە

نرخی یاریزانەكانی ئینتەر میلان دابەزیوە
رۆژنامەی لاگازیتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئاشكرای كردووە بەهۆی ئاستی خراپی تیپەكە و دۆڕانی ژمارەیەكی زۆری یارییەوە، نرخی یاریزانەكانی یانەی ئینتەر میلان لە وەرزی ئەمساڵدا بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە.
رۆژنامەكە بەراوردی نرخی یاریزانانی یانەكەی كردووە لە ساڵی 2011 و وەرزی ئەمساڵدا و سەرەتا لە ئیستبیان كامپیاسۆی ئەرجەنتینییەوە دەستی پێكردووە كە لەو ساڵەدا یانەی گەڵاتە سەرای توركی ئامادەبووە بە 10 ملیۆن یۆرۆ بیكڕێت، كەچی ئێستا 3 ملیۆنیش ناكات.
جۆلیۆ سیزاری گۆڵچی لە ماوەی دوو وەرزدا نرخی لە 20 ملیۆن یۆرۆەوە بۆ 9 ملیۆن دابەزیوە، هەرچی لۆسیۆی بەرگریكەری تەمەن 33 ساڵی یانەكەیە، پێشتر لەلایەن چەندین یانەوە داواكرا و نرخەكەی گەیشتە 9 ملیۆن یۆرۆ، كەچی ئێستا بەپێی رۆژنامەكە هیچ یانەیەك ئامادە نییە بە خۆڕاییش بیكڕێت.
هەرچی مایكۆنی بەرازیلییە، پێشتر یانەكەی رازی نەبوو بە 20 ملیۆن یۆرۆ بیفرۆشێتە ریال مەدرید و ئێستا نرخەكەی ئەگەر بگاتە 10 ملیۆن واتە بازاڕێكی گەرمی هەیە. ئەم راستییە بۆ دیگۆ میلیتۆی گۆڵكەریش راستە كە دوو ساڵ لەمەوپێش لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا 2 گۆڵی تۆمار كرد و ئەوكات نرخی بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ هەڵكشا و ئێستا 6 ملیۆن زیاتر ناكات.
ئەوەی كە زۆر زیانی بەركەوتووە ویسلی سنایدەری ئەستێرەی هۆڵەندییە كە نرخەكەی لە سەردەمێكدا گەیشتە 50 ملیۆن یۆرۆ و ئێستا 20 ملیۆنیش ناكات.
Top