بەهۆی خۆ رووتكردنەوەوە بالۆتێلی 120 هەزار پاوەند سزا درا

بەهۆی خۆ رووتكردنەوەوە بالۆتێلی 120 هەزار پاوەند سزا درا
یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی بڕیاری سزادانی ماریۆ بالۆتێلی هێرشبەری یانەكەی دا بە بڕی 120 هەزار پاوەند دوای ئەوەی ئەو یاریزانە شەوێكی لە یانەیەكی خۆرووتكردنەوەدا بەسەر برد بەر لە یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی بۆلتۆن لە خولی ئینگلیزی.
سزاكە لە كاتێكدایە كە بالۆتێلی لە یارییەكەدا بەرامبەر بۆڵتۆن ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و گۆڵی دووەمی تیپەكەی تۆمار كرد.
رۆبەرتۆ مانچینی راهێنەری یانەكە ئاشكرای كرد كە قسەی لەگەڵ بالۆتێلیدا كردووە و ئاگاداری كردووەتەوە كە مووچەی یەك هەفتەی لێبڕاوە بەهۆی ئەو كارەیەوە و دووپاتی كردەوە هەڵسوكەوتی بالۆتێلی گونجاو نەبوو بۆ یانەكە كە خۆی بۆ ئەو یارییە ئامادە دەكرد.
بالۆتێلی هیچ ناڕەزاییەكی بەرامبەر سزاكەی پێشان نەدا و داوای لێبوردنی لەو كارە كرد.
ئەمە جاری دووەمە بەهۆی رابواردنی شەوانەوە بالۆتێلی سزا دەدرێت.
دوای ئەو رووداوە بالۆتێلی لە سەنتەرێكی بازرگانی كرایە دەرەوەی دوای ئەوەی رازی نەبوو بە قسەی پیاوانی سكیورتی سەنتەرەكە بكات كاتێك داوایان لێكرد كڵاوەكەی سەری دابنێت بۆ ئەوەی بیپشكنن.
Top