مزەفەر حەمید ڕاهێنەری پاسكیل سواری هەڵبژاردەی كوردستان:پاسكیل سواری كوردستان بوودجەی تایبەتی پێویستە

مزەفەر حەمید ڕاهێنەری پاسكیل سواری هەڵبژاردەی كوردستان:پاسكیل سواری كوردستان بوودجەی تایبەتی پێویستە
لەدایكبووی شاری هەولێری ساڵی 1970، لەماوەی زیاتر لە18ساڵ وەكو یاریزان خزمەتی یانەی هەولێری كردووە، لەگەڵ چەندین یانە كاری كردووە بەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری یاری پاسكیل سواری لەكوردستان، چەندین یاریزانی پێگەیاندووە لەشارەكانی كوردستان لەهەردوو ئاستی كوڕان و كچان و ماوەیەكی زۆرە وەكو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی پاسكیل سواری كوردستان دەستنیشان كراوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.



* ئاشنایەتیت لەگەڵ پاسكیل سواری چۆن دروست بوو؟
- لای هەموو كەس ئاشكرایە هەر مرۆڤێك ئاشنایەتی لەگەڵ یاریەیەك پەیدا دەكات، منیش ئاشنای پاسكیل سواری بووم، ئەو یارییەیش زۆر سەرنجی ڕاكێشام، باوكیشم زۆریارمەتی دام تاكو ببمە یاریزانی پاسكیل سواری.
* بەگشتی ئاستی یاری پاسكیل سواری چۆن دەبینی لەكوردستان؟
- بواری وەرزش بەتایبەتی پاسكیل سواری پێویستی بەیارمەتی ماددی و مەعنەوی هەیە، بەڵام بەمشێوەیە نییە كە لەكوردستان گرنگی پێدرابێت. دەبێت پاسكیل سواری بودجەیەكی تایبەت بەخۆی هەبێت.
* بەبۆچوونی تۆ وەكو ڕاهێنەرێك چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم یارییە لەكوردستان؟
- دەبێت وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پلانی بودجە بۆیانەكان دابین بكات بۆئەوەی یانەكانیش پەرە بەم یارییە بدەن.
* تۆ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كوردستانی كەچی هیچ كات گوێبیستی ئەوە نابین هەڵبژاردەی كوردستان چالاكی هەبێت؟
- هۆیەكەی دەگەڕێنمەوە بۆلیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان تاكو ئێستاش پرۆگرامێكی ناوخۆی نییە بەهۆی ئەوەی لەپەرلەمان جێبەجێ نەكراوە، ئەوكات كە جێبەجێ بكرێت ئێمەش داوا لەیەكێتی ناوەندی پاسكیل سواری كوردستان دەكەین هەڵبژاردەی كوردستان دابمەزرێت یەكێتی پاسكیل سواریش داوا لەلیژنەی ئۆڵۆمپی بكات بۆئەوەی چالاكیەكانمان ئەنجام بدەین.
* ئێوە هەر بەناو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كوردستانن یاخود یاریزانتان دەستنیشان كردووە؟
- وەكو ڕاهێنەری هەڵبژاردەی كوردستان هەموو كات دەتوانم لەگەڵ یاریزانانی كوردستان هەڵبژاردەی كوردستان پێك بهێنین، بەڵام ئەوكاتەی لیژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بودجەمان بۆدابین بكات.
* زۆركات دەتبینین كاری ناوبژیوانی یاری پاسكیل دەكەی بۆچی؟
- ماوەیەكی زۆرە وەكو یاریزان و ڕاهێنەر و ناوبژیوان خزمەتی یاری پاسكیل سواری دەكەم لە عێراق و كوردستان، حەزدەكەم خزمەتی ئەو یارییە بكەم.
* بیستومانە ماوەی چوارساڵە بەخۆبەخش لەگەڵ یانەی قەڵای توركمانی كاردەكەی؟
- یانەی قەڵا خزمەتی زۆری یارییە تاكەكان دەكات گرنگی تایبەت بەیارییەكان دەدات. بۆیە ئەم یانەیەش سەرنجی منی بۆلای خۆی ڕاكێشا، ئەوەی لەتواناشم بێت توانیومە لەبواری وەرزش خزمەتی یانەكە بكەم، كێشەش نییە بێ بەرامبەر كاردەكەم لەم یانەیە هۆكارەكەشی بۆئەوەیە كە سەرۆكی یانە و دەستەی كارگێڕی خۆشەویستن لەلام.
* داواكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرس؟
- هیوادارم بەرپرسانی وەرزش بەیەك چاو سەیری وەرزش بكەن بەتایبەتی یارییە تاكەكان.
* بۆچی گرنگی بەئاستی كچان نادرێت لەیاری پاسكیل سواری؟
-بەش بەحاڵی خۆم سێ تیپی كچانم دروست كرد، هەمووی قوتابی كۆلێژ و پەیمانگا بوون، زۆر یاریزانیش هەیە حەز بە یاری پاسكیل سواری دەكات، بەڵام هاوكاری نییە بۆ تیپی كچان و هەندێك زەحمەتە دروست بكرێت.

Top