پلاتینی: ریال مەدرید باشترین یانەی جیهانە
سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا سەرەتای ئەم هەفتەیە ئامادەی یاری نێوان ریال مەدرید و ئیسپانیۆل بوو لەسەر یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ و لە دوای یارییەكە پلاتینی گوتی دوای ئەوەی ریال مەدرید توانی بە دوو گۆڵ پێش بكەوێت، ئیدی یارییەكە كۆتایی هات، ئەو یانەیە هێڵێكی ناوەڕاستی نایابی هەیە و هێڵی بەرگرییەكەی ئاستێكی بەرزی پێشكەش كرد و هێڵی هێرشبەریشی یەكلا كەرەوەیە.
هەروەها گوتی ئەو یارییانەی لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ماون زۆر قورسن، باشترین یانەی جیهان نازناوەكە دەباتەوە و ئەوەش كارێكی قورسە، چونكە خولەكە لە مانگی سێبتێمبەر دەست پێدەكات و لە مایۆ كۆتایی دێت.
لەبارەی ریال مەدریدەوە پلاتینی گوتی پێم وایە ریال مەدرید توانای بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپای هەیە و دەتوانم بڵێم لە نازناوی خولی ئیسپانییەوە زۆر نزیكە، یانە سپییەكە داهێنەری تۆپی پێی مۆدێرنە لە جیهاندا و 5 جاری لەسەر یەك نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی بردووەتەوە و یانەی سەدەیە، ئەو یانەیە شوێنێكی ئەفسانەیی لە مێژوودا هەیە و ئێستاش باشترین یانەی جیهانە.