باشترین چارەسەر بۆ سەرەڕۆییەكانی بالۆتێلی ژن هێنانە
بالۆتێلی بەسەرەڕۆیی زۆر ناسراوە و نوێترین كاری بریتی بوو لە چوونی بۆ یانەیەكی شەوانە بەر لە دوو رۆژ لە یاری یانەكەی بەرامبەر یانەی بۆڵتۆن لە خولی ئینگلیزی و ئەم كارە مانچینی ناچار كرد بڕی 250 هەزار پاوەند سزای بدات.
مانچینی گوتی لەوانەیە هاوسەرگیری لەو لایەنەوە یارمەتی ماریۆ بدات، من دڵنیام لەوەی كە خۆی هەست بە كارە هەڵەكانی خۆی دەكات، ئەوە ماریۆیە و دەمانەوێ ئەو شتانە نەكات كە هەڵەن، چونكە دەبێ خۆی تێبگات كە كارە هەڵەكانی زیانی پێدەگەیەنن.
بالۆتێلی پێشتر بەهۆی یاری ئاگرینەوە ئاگری لە ماڵەكەی خۆی بەرداوە و تا ئێستا چەندین جار بەهۆی خێرایی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەوە سزا دراوە.
مانچینی گوتی ئەو یەكەمین دوژمنی خۆیەتی و پێویستە ئەزموون لەو شتانە وەربگرێت، كاتێك تۆ دەبێتە یاریزانێكی پیشەوەر پێویستە لەسەرت بزانی كە تۆ نابێ لە شەوی پێش یاری تیپەكەتدا تا كاتژمێر 2 ی بەیانی لە یانەكان بمێنیتەوە.