لە هەولێر رێز لە سەرۆكی لێژنەى ئۆڵۆمپی كوردستان گیرا
لە سەرەتادا رەعد حەموودی رای گەیاند: لە ماوەى رابردوو مەلا بەختیار توانیوویەتی دەستکەوتی گەورە بۆ وەرزشی عێراق و کوردستان بەدەست بهێنێ، بەتایبەت زۆر هاریکارى ئێمەى کردووە لە کاتى بەڕێوەچوونی چاڵاکییەکانمان لەسەر ئاستی ناوەخۆ و نێودەوڵەتی و شارەکانى کوردستانى بەڕوومان کردەوە، دڵنیام بە دەست هەڵگرتنی لە ئەرکەکەى لێمان دانابڕێ و هیوادارم بەردەوام بێ لە خزمەتکردنی وەرزشوانان لەبەر ئەوەى خاوەن پێگە و ستایشێکی زۆرە لە دڵمان.
دواتر کاوە مەحموود گوتی: مەلا بەختیار لە ماوەى دەستبەکاربوونی لە لێژنەى ئۆڵۆمپی کوردستان توانی زەمینەیەکی پێشکەوتوو بۆ وەرزشی کوردستان بهێنێتە دی، بەتایبەت دروستکردنی پێوەندییەکی باش و کارکردنی هاوبەش لەگەڵ چەند وڵاتى ئەوروپا کە بووە هۆى گەیاندنی دەنگی وەرزشیی کورد بە دنیاى دەرەوە.
دواتر موئەیەد مەغدید بەناوى سەرجەم ئەندامانى مەکتەبی تەنفیزی لێژنەى ئۆڵۆمپی کوردستان وتەیەکی پێشکێش کرد گوتى: لە یەکەم رۆژى دەستبەکاربوونمان لە ساڵی 2005ەوە توانیومانە کارەکانمان بەسەرکەوتووی جێبەجێ بکەین و دامەزراوەکەمان بووەتە هەوێنی پێگەیاندنی چەندان وەرزشوانى ئاست بەرز و بەشداریی کردنیان لەگەڵ تیپەکانى هەڵبژاردەى عێراق لە پاڵەوانیەتیەکانى دەرەوەدا.
مەلا بەختیار سەرۆکی پێشووى لێژنەى ئۆڵۆمپی کوردستان گوتی "هیچم پێشکەش نەکردووە بەرامبەر بە گەورەیی وەرزشوانان تا رێزم لێ بگرن لەبەر ئەوەى تەنیا بە پۆست ماڵئاوایی دەکەم و لە رووی مەعنەوییەوە هەمیشە لەگەڵتانم و هەر کات رووتان لێ کردم دەرگەم کراوەیە بۆ هاوکاریتان و داواى لێبوردن لە هەموو خۆشەویستان دەکەم کە دڵیان لێم رەنجابێ.
کۆتای وتەکانیش لە لایەن سەڵاح محەمەد خەسرەو گوتی: راستە ئەمڕۆ لە لوتکەم بۆیە ئەرکێکی هەستیار و بەرپرسیاریەتیەکی زۆرم کەوتە سەرشان و هەربۆیە لێرەوە بەڵێن دەدەم کە زۆرترین خزمەت پێشکێشی وەرزشی کوردستان بکەم، بەتایبەت لە دروستکردنی زەمینەیەکی پێشکەوتوو.