باخان عەدنان یاریزانی شمشێربازی یانەی كلدان:لەپاڵەوانێتی یانەكانی كوردستان و عێراق و شاری سلێمانی پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە

باخان عەدنان یاریزانی شمشێربازی یانەی كلدان:لەپاڵەوانێتی یانەكانی كوردستان و عێراق و شاری سلێمانی پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە
ئا:كارزان كانەبی

یاری شمشێربازی یەكێكە لەو یارییە تاكانەی كە لەسەر ئاستی جیهان گرنیگەكی زۆری پێ دەدرێت، لەئێستاشدا لەكوردستان و عێراق گرنگی بەرچاو بەیاری شمێشربازی دەدرێت بۆئەوەی بتوانرێ پەرە بەم یارییە بدرێت و ئاست و توانای وەكو یارییەكانی تری لێ بێت، لەشاری سلێمانیش لەئێستادا لەئاستی كچان ڕۆڵی باشی هەیە لەدروستكردنی یاریزانان و لەم ناوەشدا باخان عەدنان یەكێكە لەو یاریزانەی كە ئاست و ئەنجامی بەرچاوە لەسەر كوردستان و عێراق ناوبراو لەدایكبووی ساڵی 1990ی شاری سلێمانیە و یاریزانی یانەی كلدانە، هاوكات دەرچووی پەیمانگای پەروەردەی وەرزشیە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* چۆن بوو هاتیە نێو دنیای یاری شمشێربازی؟
-بەهۆی ئەو حەز و خولیایەی كە بۆ ئەم یارییەم هەبوو، هاوكاتیش لەم یارییە دەمتوانی ئاست و ئەنجامی بەرچاو بەدەستبهێنم بۆیە بڕیاری ئەوەم داوە ببمە یەكێك لەیاریزانەكانی ئەو یارییە جیهانیە.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لەكوردستان؟
-لەئێستادا ئاستی ئەو یارییە باشە، بەڵام وەكو ئەوەش نییە بڵێین لەئاستێكی بەرزە، چونكە ئەو یارییە زیاتر یاری ئاسنینە لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی یانەكانی كوردستان ڕوو لەم وەرزشە دەكەن لەئاییندە باشتر دەبێت.
* چی بكرێت باشە بۆئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێشچوونی باش بەخۆیەوە ببینێ؟
-پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لەگشت شارەكانی كوردستان و عێراق بكرێتەوە، یانەكانیش گرنگی زیاتر بەم یارییە بدەن. لەڕووی ماددییەوە پشتگیری یانەكان بكرێت و ئامێری پێشكەوتوو بۆ ئەم یارییە بهێنرێت، باوەڕم وایە ئاستی یارییەكە زۆر بەرەو پێش دەچێت.
* ئەی لەشاری سلێمانی گرنگی بەم یارییە دەدرێت؟
-بێگومان شاری سلێمانی هەمیشە لەپێشكەوتندایە لەگشت وەرزشەكان بەتایبەتی یارییەكەی خۆشمان كە شمشێرە یانەكان لەئێستادا وا خەریكن تیپ دروست دەكەن و ململانێ دەكەن.
* ئەو یارییە زیاتر یاری شمشێر بەكارهێنانە، هیچ كات تووشی گرفت نەبوویتە یاخود بۆكچان ئەستەم نییە؟
-نەخێر هیچ كات تووشی گرفت نەبوویمە و پێشموایە بۆكچان یارییەكی ئاسانە و تووشی كێشە نابن هەروەكو یارییەكانی ترە.
* جگە لەیاری شمشێربازی هیچ یارییەكی ترت ئەنجام داوە؟
-بەڵی پێشتر هەریەك لەیارییەكانی تۆپی پێ و تۆپی دەست و باسكە و گۆڕەپان و مەیدانم ئەنجامداوە، ئێستاش یاریزانی شمشێر بازیم.
* خانەوادەكەت هیچ كات ڕێگریت لێ ناكەن لەوەرزش كردن؟
-نەخێر، بەڵكو بەپێچەوانەوە زۆر هاوكاریشم دەكەن هیچ كات ڕێگرم نەبوونە لەوەرزش كردن، بگرە هاوكارییەكی یەكجار زۆریان كردومە، بەڵام خێزان هەیە ڕێگری لەكچەكانیان دەكەن لەوەرزش ئەوەش كارێكی تەندروست نییە.
* كێشەو گرفتی ئەو یارییە زیاتر لەچی ڕەنگ دەداتەوە؟
-نەبوونی هۆڵێكی تایبەت بەم یارییە لەزۆربەی شارەكان ئەوەش كێشەیە كەناهێڵێت یاریزان زۆر ڕوو لەم یارییە بكەن. نەبوونی ئامێری پێشكەوتوو و كەمی كەمپی دەرەكی لەدەرەوەی وڵات ئەوانە هەمووی كێشەن لەم یارییە.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزانێك چین؟
-وەكو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبیم كردووە پلەی سێ یەمم وەكو تاك بەدەستهێناوە، وەكو تیپیش لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئەنجاممان هەبووە و لەپاڵەوانێتی یانەكانی كوردستان و عێراق و شاری سلێمانی پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە.
* هیواو ئاواتت وەكو كچە یاریزانێك؟
-بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەم یارییە بدرێـت و بتوانم لەپاڵەوانێتی ئاسیا و جیهانیش ئەنجامی بەرچاو بەخۆم بەدەستبهێنم و ناوی خۆم و وڵاتەكەم بەرزكەمەوە.
* یانەكەتان چۆن هاوكاریتان دەكات؟
-كەمتەرخەمیان نەكردووە ئەوپەڕی توانای خۆیان بۆمان خستۆتە گەڕ بۆئەوەی ئاستمان بەرز بێتەوە، ئێمەش ئەنجاممان هەبووە. یەكێتی ناوەندی شمشێربازیش كەمتەرخەمی نەكردووە بەخزمەت كردنمان.
* داواكاری و پێشنیارت بۆلایەنی بەرپرس؟
-بەهیوای ئەوەم گرنگی زیاتر بەم یارییە جیهانیە بدرێـت، خولی زیاتر بۆكچان بكرێتەوە و ژمارەی كچان زیاتر بكرێت و یانەكان زیاتر پشتگیری لەیاریزانان بكەن.
* ئەگەر شتێكت ماوە لەكۆتایی؟
-سوپاس بۆئێوە بەهیوای ئەوەم ئەم یارییە لەداهاتوو گرنگی زیاتری پێ بدرێت و كچانیش زیاتر ڕوو لەم یارییە بكەن.

Top