سەرۆكی بەرشەلۆنە: ئەستەم لە فەرهەنگی بەرشەلۆنەدا نییە

سەرۆكی بەرشەلۆنە: ئەستەم لە فەرهەنگی بەرشەلۆنەدا نییە
ساندرۆ رۆسێلی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە وەڵامی پیپ گواردیۆلای راهێنەری یانەكەی دایەوە كە گوتبووی بردنەوەی نازناوی ئەمساڵی خولی ئیسپانی لەلایەن یانەكەیەوە بووەتە شتێكی ئەستەم.
رۆسێل گوتی یانەی بەرشەلۆنە بەردەوام دەبێت لە كاركردن بۆ پارێزگاری لە نازناوەكەی تا دوا هەناسە و گوتی لە تۆپی پێدا هیچ شتێك ئەستەم نییە، هەرچەندە ریال مەدرید بە 10 خاڵ لە پێشمانەوەیە.
رۆسێل دوای ئیمزاكردنی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی مۆبایلدا گوتی وشەی ئەستەم دەبێ هەمیشە بوونی هەبێت، بەڵام لە وەرزشدا ئەو شتە وانییە و پێچەوانەكەی راستە.
هەروەها گوتی لە فەرهەنگی بەرشەلۆنەدا نە خۆ بەدەستەوەدان هەیە و نەئەستەم، ئێمە هێشتا هیچمان نەدۆڕاندووە و هەوڵ دەدەین و لەوانەیە بتوانین ئەستەم بكەینە راستی.
لەبارەی نوێكردنەوەی گرێبەستی گواردیۆلاوە ئەو سەرۆك یانەیە گوتی بەردەوام هەوڵ دەدەین و من چاوەڕێی پەیوەندی پیپم تا نوێكردنەوەی گرێبەستەكەیم پێ بڵێت و مۆبایلەكەشم بۆ ئەو كارە بەردەوام بارگاوی كردووەتەوە و ناهێڵم بكوژێتەوە.
Top