سیلڤا: بەهۆی بەرشەلۆنە و ریال مەدریدەوە چوومە مانچستەر ستی

سیلڤا: بەهۆی بەرشەلۆنە و ریال مەدریدەوە چوومە مانچستەر ستی
داڤیدی سیلڤای ئەستێرەی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزی ئاشكرای كرد بەهۆی ریال مەدرید و بەرشەلۆنەوە پەیوەندی بە یانەی مانچستەر ستی ئینگلیزییەوە كرد.
كەناری كە نازناوی سیلڤایە لەبارەی رووكردنە ئینگلتەرا و هەڵبژاردنی یانەی مانچستەر ستی بۆ یاریكردن روونی كردەوە كە دوو ساڵ لەمەوبەر رۆژنامەكان گەرمترین باس و خواسیان ئەو یانەیە بوو كە ئەو رووی تێدەكات، بەڵام لەبەرئەوەی لە راستیدا ئەو دوو یانەیە هیچ هەنگاوێكیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵیدا نەكرد، بۆیە ئەو رووی لە یانەی مانچستەر ستی كرد.
سیلڤا گوتی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید هیچ دەستەوارەیەكیان پێشكەش نەكردم تا یارییان بۆ بكەم، كەچی مانچستەر ستی بە گەرمی هاتە پێشەوە و دەستەوارەیەكی بەرچاوی پێشكەش كردم و منیش پێی رازی بووم.
سیلڤا لەبارەی توانای یانەكانەوە بۆ بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا گوتی بەرشەلۆنە یانەیەكی زۆر بەهێزە و تەواو گونجاوە چونكە چەندین ساڵە یاریزانەكانی پێكەوە یاری دەكەن، ریال مەدریدیش بە هەمان شێوەیە و یاریزانەكانی زۆر گونجاون، ئەوان بەهێزترین پاڵێوراون بۆ بردنەوەی نازناوی وەرزی ئەمساڵی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا و ئێمەش بەو نزیكانە وەك ئەوانمان لێدێت.
هەروەها گوتی وەرزی داهاتوو مانچستەر ستی پاڵێوراوێكی بەهێز دەبێت بۆ بردنەوەی نازناوەكە.
Top