تابارێز: بەمنزیكانە كاڤانی روو لە خولی ئینگلیزی یان ئیسپانی دەكات
تابارێز لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بەر لە یاری دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و هەڵبژاردەی رۆمانیا، گوتی پێم وایە كاڤانی ناپۆلی جێدەهێڵێت، نازانم كەی و چۆن، بەڵام پێم وایە بەم نزیكانە دەبێت و ئەو شوێنەشی رووی تێدەكات خولەكانی ئیسپانیا یان ئینگلتەرا دەبن.
راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای زیاتر گوتی كە كاڤانی توانایەكی گەورەی هەیە و درەوشانەوەی ئەو لە وەرزی ئەمساڵدا وادەكات مانەوەی لە خولی ئیتاڵی كارێكی قورس بێت.
لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای پاڵەوانی كۆپا ئەمەریكای 2011 ئەو راهێنەرە گوتی پێویستە لە یارییە دۆستانەكاندا درێژە بە سەركەوتنەكانمان بدەین، چونكە ئەگەر بردنەوە زەحمەت بێت ئەوا درێژەدان بە بردنەوە زەحمەتترە.
جێی باسە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە دوا یاری دۆستانەی خۆیدا توانی لە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بباتەوە بە گۆڵێكی بێبەرامبەر.